وەزارەتی رۆشنبیری ژمارەیەک کەناڵی راگەیاندن دادەخات
AM:11:45:05/02/2019
میترۆ، سپی‌ میدیا 
وەزارەتی رۆشنبیری حكومەتی هەرێمی کوردستان بەهۆی نەگێرانەوەی قەرزەكانیان 23 كەناڵی راگەیاندن دادەخات.

فەرهەنگ گۆمەشینی، وتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیری لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "بەپێی یاسا وەزارەتی رۆشنبیری بڕیاریدا بە داخستنی ئەو كەناڵانەی راگەیاندن، كە مۆڵەتەكانیان نوێ نەكردووەتەوەو قەرزەكانیان نەگێڕاوەتەوە، کە ژمارەیان 23  کەناڵە.

وتیشی، ئەو كۆمپانیانەی كە تایبەتن و لەگەڵ حكومەتی هەرێم مۆڵەتیان هەیە بۆ پەخشكردنی كەناڵەكان لە رۆژی دووشەممەوە كاتژمێر 10 ئاگادارمان كردوونەتەوە ئەو كەناڵانە دابخەن، بەڵام بەهۆی هەندێك رێوشوێنی تەكنیكی چاوەڕوانیان دەكەین تاوەكو پابەندی بڕیارەكەبن و  پەخشی ئەو كەناڵانە رابگرن، كە 12 كەناڵیان لە هەولێرن و 5 كەناڵ لە سلێمانی و 6 كەناڵی دیكەش لە دهۆكە".

گۆمەشینی ئاماژەی بەوەشکرد"هەركاتێك ئەو كەناڵانە پابەندی دانەوەی قەرزەكانیان بوون، كەناڵەكەئان دەكرێتەوەو پەخشەكانیان ئاسایی دەبێتەوە".