هاوپەیمانی دوو كەناڵ دەكاتەوە
AM:11:54:05/02/2019
میترۆ، زەمەن پرێس

هاوپەیمانی نیشتیمانی دوو كەناڵی تەلەفزیۆنی دەكاتەوە، وتەبێژی حزبەكەش ڕایدەگەیەنێت نایانەوێت میدیای حیزبی دروست بكەن.

بەپێی زانیارییەكانی (زەمەن) هاوپەیمانی نیشتیمانی سەرقاڵی دامەزراندنی دوو كەناڵی ناوخۆییە، كە خۆی لە كەناڵێكی سیاسی و كەناڵێكی هەمەڕەنگدا دەبینێتەوە، هەروەها دەزگاكە دەیەوێت جگە لە سایتی فەرمی حیزبەكە، دوو سایتی ئەلیكترۆنی دیكەش بكاتەوە.

عوسمان گوڵپی، وتەبێژی هاوپەیمانی نیشتیمانی لەبارەی كردنەوەی كەناڵەكانیانەوە جەختیكردەوە، كە ئەوان نایانەوێت میدیایەكی حیزبی تەقلیدی دروست بكەن، دەیانەوێت شێوازێكی نوێی میدیایی بخەنەڕوو.

هاوپەیمانی نیشتیمانی كە پێشتر ناوی هاوپەیمانی دیموكراسی و دادپەروەری بوو، لە ڕابردوودا دەزگای خەندان (كە لە سایت و تەلەفزیۆن و ڕادیۆیەك پێكهاتبوو) زمانحاڵی حیزبەكە بوو، بەڵام دوای گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح بۆ ناو یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، لەگەڵیدا كەناڵەكە داخراو لە ئێستادا تەنها سایتێكی ئەلیكترۆنی هەیە كە زمانحاڵی فەرمی حیزبەكەیە.