ئه‌رشیفی یه‌كه‌مین ته‌له‌فزیۆنی كوردی له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌دایه‌
PM:02:19:10/02/2019


میترۆ، PUKmedia 
ئه‌رشیفی زیاتر له‌ سی ساڵی یه‌كه‌م ته‌له‌فزیۆنی كوردی له‌ كه‌ركوك له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ناوچووندایه‌.

هاشم جه‌باری، راگه‌یاندنكارو یه‌كه‌مین بێژه‌ری ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوك رایگه‌یاند: ئه‌رشیفی ته‌له‌فزیۆنه‌كه‌ بریتیه‌ له‌ 1263 شریتی ره‌ش و سپی و زیاتر له‌ 400 شریتی ره‌نگاو ره‌نگ، هه‌موو بابه‌ته‌كانی مێژووی  ته‌له‌فزیۆنه‌كه‌ له‌ خۆده‌گرێت.

جه‌باری وتیشی: له‌پێناو پاراستنی ئه‌و ئه‌رشیفه‌ ده‌یان كۆڕو چاوپێكه‌وتنم له‌ ته‌له‌فزیۆنه‌كانه‌وه‌ كردووه‌و ئه‌و مه‌ترسیانه‌م باسكردووه‌ .

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: شوان داودی ئه‌ندامی خولی پێشووی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران قسه‌ی له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌ری تۆڕی راگه‌یاندنی عێراقی كردووه‌ بۆ پاراستنی ئه‌و ئه‌رشیفه‌و دواتر لیژنه‌یه‌ك پێكهێنرا به‌نده‌ كرا به‌ سه‌رۆكی لیژنه‌كه‌و ئامارێكی ته‌واوی شریته‌كانم كرد.

ئاشكراشیكرد: بۆ پاراستنی ئه‌و ئه‌رشیفه‌ گرنگه‌، ڤیدیۆییه‌كی دوو ئینجمان پێویسته‌، چونكه‌ له‌ئێستادا ئه‌و ڤیدیۆیه‌ نه‌ماوه‌، ده‌بێ كۆمپانیایه‌ك یان حكومه‌ت ئه‌و كاره‌ بكات بۆ پاراستنی ئه‌رشیفه‌كه‌.

وتیشی: هه‌وڵ هه‌بووه‌ بۆ بردنی ئه‌رشیفه‌كان بۆ به‌غدا، له‌و كاته‌شدا دڵنیام هه‌موو ده‌فه‌وتێنرێن.