کەناڵی ئێن ئاڕتی ٣ تایبەت بەمنداڵان دەستی بە پەخشی ئاسایی خۆیکرد
AM:11:27:11/02/2019


میترۆ، NRT
پەخشی کەناڵی ئێن ئاڕتی سێ تایبەت بەمنداڵان دەستپێکرد و بەرنامەی پەروەردەیی تایبەت بە منداڵ پەخشدەکات.

کەناڵی ئێن ئاڕتی سێ، بەشێوازێکی جیاواز کاردەکات بۆ گەیاندنی زانیاری پەروەردەیی و هونەری و زانستی بە منداڵان و دەیەوێت منداڵان لە بابەتە جیاوازەکان هۆشیاربکاتەوە.

ڕۆژانە لە کاتژمێر ١٠ بەیانی پەخشی بەرنامە و بڕگەکانی دەستپێدەکات و کاتژمێر ١٠ ی شەو بڕگە و بەرنامەکانی کۆتایی دێت و مۆسیقای تایبەت بە خەوتنی منداڵان لە کەناڵەکەوە تا بەیانی پەخشدەکرێت.

کردنەوەی کەناڵێکی تایبەت بەمنداڵان، لە چوارچێوەی پرۆژەکانی دامەزراوەی میدیای نالیادایە، بۆ کردنەوەی چەند کەناڵیک بۆ چین و توێژە جیاوازەکان.

ئاوات عەلی‌ بەڕێوەبەری دامەزراوەی میدیایی نالیا ڕایگەیاند، کەناڵەکە بەرھەمەکانی جیاواز دەبێت و بابەتاکانی بە کوردی و ئینگلیزی پێشکەش بە منداڵان دەکات.

بەرنامە و بابەتەکانی کەناڵی ئێن ئاڕتی سێ، لەسەر بنەمای ڕەچاوکردنی تایبەتمەندی دەروونی و کۆمەڵایەتی منداڵان ئامادە دەکرێن و ئامانجی ئەوەیە، لایەنەی پەروەردەیی و توانا و بەهرەکانی منداڵان بەرەوپێش بچێت و منداڵانی کورد هاوشێوەی منداڵی وڵاتانی پێشکەوتوو، لەسەر بنەمایەکی زانستی پەروەردە بکرێن و پەرە بە لێهاتووییەکانیان بدرێت.