چەتەی‌ ئەلیکترۆنی‌ هەڕەشە لە عێراق دەکات



میترۆ، ئاژانس

هیبە تالیب 23 ساڵ دانیشتووی‌ بەغدا، تووشی سەرسووڕمان بوو کاتێک زانی‌ ئەو کەسەی‌ هەوڵی داوە لە ڕێگەی‌ ئەلیکترۆنییەوە پارەی‌ لێ وەربگرێت نزیکترین هاوڕێی‌ بووە لە زانکۆ، کاتێک وێنەکەی‌ بەکار هێناوە بۆ ئەکاونتێکی‌ تری‌ تۆڕی‌ کۆمەڵایەتیی‌ فەیسبووک.

هیبە بە «ئاژانس»ی‌ وت: «هاککەرەکە داوای‌ 2500 دۆلاری‌ ئەمەریکی‌ کرد لە بەرانبەر سڕینەوەی‌ ئەو ئەکاونتەدا».

لە ماوەی‌ چەند مانگی‌ ڕابردوودا چەندین جار هاککەری‌ تۆڕەکانی‌ ئینتەرنێت لە عێراق کە بە چەتەی‌ ئەلیکترۆنی‌ ناسراون ژمارەیەک سایتی‌ حکومەت و ئەکاونت و پەیجی‌ تایبەتی‌ کەسایەتیی‌ سیاسی‌ و هاووڵاتیی‌ ئاساییان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هاک کرد، کە دوایین کاری‌ چەتەی‌ ئەلیکترۆنی‌ دەستگرتن بوو بەسەر سایتی‌ بزووتنەوەی‌ ئیرادە لە 6ی‌ ئەم مانگەدا.

دووبارەبوونەوەی‌ دیاردەکانی‌ چەتەگەری‌ ئەلیکترۆنی‌ لە عێراق کارێکی‌ وای کرد کە وەزارەتی‌ ناوخۆ چەند ژمارە تەلەفۆنێک ڕابگەیەنێت بۆ ئەوەی‌ لە ڕێگەیەوە هاووڵاتییان سکاڵا لە دژی‌ ئەو دیاردەیە بگەیەننە لایەنە پەیوەندیدارەدان.

لە بەیاننامەیەکدا وەزارەتی‌ ناوخۆ وتی‌: «هەر کەسێک ڕووبەڕووی‌ تەنگپێهەڵچنین و هەڕەشە بووەوە لە ڕێگەی‌ ئەکاونتی‌ گوماناوییەوە، پێویستە بەو ژمارە تەلەفۆنانە پەیوەندیمان پێوە بکات».

ئامانجی‌ چەتەی‌ ئەلیکترۆنی‌ لە عێراق جیاوازن، کە بەشێکیان ئامانجی‌ سیاسیی لە پشتەوەیە و کارەکتەرە سیاسییەکان و سایتی‌ حزبەکان دەکەنە ئامانج و بەشێکیشیان ئامانجی‌ بەدەستهێنانی‌ پارەیان هەیە کە دەست بۆ دەستبەسەراگرتنی‌ ئەکاونت و پەیجی‌ هاووڵاتییان دەبەن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، تا لە بەرانبەر بڕێک پارەدا پێیان بدەنەوە، لە پاش ئەوەی‌ هەڕەشەی‌ ئاشکراکردنی‌ نامە و وێنەکانیان دەکەن.

لە 24ی‌ مانگی‌ کانوونی‌ دووەمی‌ ڕابردوودا وەزارەتی‌ ناوخۆی عێراق دەستگیرکردنی‌ ئەندامانی‌ باندێکی‌ ئاشکرای کرد لە بەغدا، کە لە ڕێگەی‌ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە تەنگیان بە کچێک هەڵچنیبوو، لە شاری‌ بابلیش هاککەرێک دەستگیر کرا کە لە ڕێگەی چەتەگەریی ئەلیکترۆنییەوە چەندین بڕ پارەی‌ لە هاووڵاتییان سەندووە.

بۆ ڕێگریی‌ ئەو هەنگاوەش لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا چەندین کەمپەین ڕاگەیاندراوە لە لایەن چالاکوانانەوە کە دیارترین پەیجی‌ قوربانییانی‌ تەنگپێهەڵچنینی‌ ئەلیکترۆنییە.

عەلی فەیسەڵ 28 ساڵ یەکێک لە ئەندامانی‌ ئەو پەیجە بە ئاژانسی‌ وت»ئامانجمان ڕووبەڕووبوونەوەی‌ چەتەگەرەکانی‌ ئەلیکترۆنی و تۆڵە سەندنەوەیە لێیان لە ڕێگەی‌ هاوکاریکردنی‌ هاوڵاتیانەوە و مانگانە ڕووبەڕووی‌ نزیکەی‌ 500 حاڵەتی‌ لەو جۆرە دەبینەوە».

کاری‌ سەرەکی‌ ئەو پەیجە گەڕاندنەوەی‌ ئەو پەیجانەیە بۆ خاوەنەکانیان کە لەلایەن هاککەرەکانەوە دەستی‌ بەسەردا دەگیرێت.

عەلی‌ فەیسەڵ دەڵێت: «زۆربەی‌ قوربانییانی‌ ئەو پرۆسانە کچانی‌ خوار 18 ساڵ یان ئەو کوڕانەن کە بە پەیجی‌ ساختەی‌ کچان هەڵیان دەخەڵەتێنن».

چەتە ئەلیکترۆنییەکانی لە عێراق تەنانەت توانای‌ خۆیان لەسەر پێگە هەستیارەکانیش تاقی دەکەنەوە، لە 2ی‌ مانگی‌ حوزەیرانی‌ ساڵی‌ 2017دا هەوڵی‌ دەستبەسەرداگرتنی‌ سایتی‌ وەزارەتی‌ ناوخۆی‌ عێراقیان دا، بەڵام لە پاش 24 کاتژمێر هاککەرەکە دەستگیر کرا.

جگە لەوەش لە ماوەی‌ ڕابردوودا هاککەرەکان دەستان گەیشتە سایتی‌ وەزارەتی‌ خوێندنی‌ باڵا و وەزارەتی‌ گواستنەوە و گەیاندن.

لە نێوان ساڵانی‌ 2016 بۆ 2017 شەش کچ لە لایەن خانەوادەکانیانەوە کوژران کاتێک ملکەچ بوون بۆ داواکاریی‌ چەتەگەرانی‌ ئەلیکترۆنی‌ لە پاش ئەوەی‌ ئەکاونتەکانیان لە تۆڕەکانی‌ ئینتەرنێت هاک کردبوون و هەڕەشەی‌ ئەوەیان لێ کردبوون کە وێنە تایبەتەکانیان بڵاو دەکەنەوە.

بوونی‌ ئەو هەڕەشە مەترسیدارە لە کاتێکدایە کە حکومەتی‌ عێراقی‌ توانای‌ ئەلیکترۆنیی‌ بەو شێوەیە نییە کە بتوانێت ڕێگریی‌ لێ بکات.

حسێن عامر بەڕێوەبەری‌ یەکەی‌ لێکۆڵینەوەکان لە وەزارەتی‌ ناوخۆی‌ عێراق ڕایگەیاند: «وەزارەتەکەمان توانای‌ ئەلیکترۆنیی‌ وای‌ نییە کە بتوانێت بە تەواوی‌ چاودێریی‌ پرۆسەی‌ بێزارکردنی‌ هاووڵاتییان بکات لە ڕێگەی‌ تۆڕەکانی‌ ئینتەرنێتەوە».

سەرەڕای‌ ئەوەی‌ زۆرێک لەو دۆسیانە دەچنە دادگانی‌ عێراق، بەڵام بە هۆی‌ نەناسراویی‌ ناسنامەی‌ تۆمەتبارەکە زۆربەیان یەکلایی ناکرێتەوە، ئەوە جگە لەوەی‌ کە بە پێی‌ یاسای‌ ژمارە 11ی‌ ساڵی‌ 1969 سزای‌ ئەو تاوانە کەمە.

تاریق حەرب پسپۆڕی‌ یاسایی‌ بە «ئاژانس»ی‌ وت: «بە پێی‌ یاسا هاککەر لە عێراقدا سزای‌ سێ مانگ بۆ پێنج ساڵ زیندانی‌ دەدرێت».


AM:11:09:14/02/2019




ئه‌م بابه‌ته 364 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌