داوا لەیەكێتی‌و پارتی دەكرێت "شـــەڕە لێدوان" رابگرن




شارپرێس:
كۆمەڵێك رۆشنبیرو رۆژنامەنووسی هەرێمی كوردستان لەبەیاننامەیەكدا داوای لەپارتی دیموكراتی كوردستان‌و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان شەڕە لێدوانەكانیان رابگرن‌و دەڵێن: كورستان پێویستی بەیەكگرتوویی‌و یەك دەنگی هەیە.
 
ئەو رۆشنبیرو رۆژنامەنووسانە لەبەیاننامەیەكدا دەڵێن: لەكاتێكدا بەدرێژایی سەدان كیلۆمەتر سنووری كوردستان لەبەردەم  هەڕەشەو پەلاماری چەكدارانی داعشدایەو پێشمەرگەو شەڕڤانەكان خۆڕاگرانە بەرپەرچی هێرشبەران دەدەنەوە، ئێسا لەگشت كاتێك زیاتر نیشتمانەكەمان پێویستی بەیەكدەنگی‌و یەك بڕیارییە، چونكە ئەوەی ئێستا هەیە لەمێژووماندا بێوێنەیە لەیەككاتدا ئامەدو كرماشان، سنەو هەولێر، قامیشلۆو سلێمانی یەكدەست‌و یەك دڵ وەستاونەتەوە دژی دوژمنێكی هاوبەش، كەچی دەبینین هاوپشتی‌و دەستكەوتەكان كەوتوونەتە بەردەم رەحمی شەڕە لێدوانی حیزبییانە كە هیچ پێویست نین.
 
هەروەها لەبەیاننامەكەدا هاتووە بەهاناوەچوونی كۆبانی هەر كەس‌و لایەنێك بیكات شانازییەكە لەبیر ناكرێت، سەرەوەرییەكە كورد هەموو پێی سەربەرزە، دەستگیرۆیی كانتۆنەكانی رۆژئاوا ئەركی هەمووانەو خێرێك نییە بدرێتەوە بەنێوچاوانیاندا، بەڵام مێژوو ئەو ئەركە بەرزدەنرخێنێت‌و بەتەنیا نایكاتە شانازی حیزب‌و لایەنێك بەڵكو دەبێتە سەرەوەرییەك  دەچێتە مێژووی گشتمانەوە.
 
ئەو كۆمەڵە رۆشنبیرو رۆژنامەنووسە ئەوەشیان نووسیوە "داواكارین لێتان لەم رەوشە دژوارەدا كە تائێستا بەخێری میللەتەكەمان لەهەرچوار پارچەی كوردستان شكاوەتەوە، خۆتان لەو جۆرە لێدوان گیانی یەكبوونە بپارێزن، چونكە لێدوانەكان‌و كەم بایەخ تەماشاكردن خزمەتی هیچ لایەك ناكات‌و دەستكەوتەكان دەبنە شتی بێبایەخ ئەگەر بەمجۆرەی ئێستا قسەی لەسەر بكەن".
 
دەقی راگەیەنراوەكە:
 
بۆ یەكێتی‌و پارتی 
شـــەڕە لێـــــــدوان راگـــــــــــرن
لە كاتێكدا بە درێژایی سەدان كیلۆمەتر سنووری كوردستان لەبەردەم  هەڕەشەو پەلاماری چەكدارانی داعشدایە و پێشمەرگە و شەڕڤانەكان خۆڕاگرانە بەرپەرچی هێرشبەران دەدەنەوە، ئێسا لە گشت كاتێك زیاتر نیشتمانەكەمان پێویستی بە یەكدەنگیی‌و یەك بڕیارییە چونكە ئەوەی ئێستا هەیە لە مێژووماندا بێ وێنەیە لە یەك كاتدا ئامەد و كرماشان، سنەو هەولێر، قامیشلۆ و سلێمانی یەكدەست و یەك دڵ وەستاونەتەوە دژی دوژمنێكی هاوبەش، كەچی دەبینین هاوپشتی و دەستكەوتەكان كەوتوونەتە بەردەم رەحمی شەڕە لێدوانی حزبییانە كە هیچ پێویست نین.
 
بەهاناوەچوونی كۆبانی هەر كەس و لایەنێك بیكات شانازییەكە لە بیر ناكرێت، سەرەوەرییەكە كورد هەموو پێی سەربەرزە. دەستگیرۆیی كانتۆنەكانی رۆژئاوا ئەركی هەمووانە و خێرێك نییە بدرێتەوە بەنێوچاوانیاندا، بەڵام مێژوو ئەو ئەركە بەرز دەنرخێنێ و بە تەنیا نایكاتە شانازی حزب و لایەنێك بەڵكو دەبێتە سەرەوەرییەك و دەچێتە مێژووی گشتمانەوە.
 
بۆیە داواكارین لێتان لەم رەوشە دژوارەدا كە تائێستا بە خێری میللەتەكەمان لە هەرچوار پارچەی كوردستان شكاوەتەوە، خۆتان لەو جۆرە لێدوان گیانی یەكبوونە بپارێزن، چونكە لێدوانەكان و كەم بایەخ تەماشاكردن خزمەتی هیچ لایەك ناكات و دەستكەوتەكان دەبنە شتی بێ بایەخ ئەگەر بەمجۆرەی ئێستا قسەی لەسەر بكەن.
 
راستییەكان ئەگەر ئێستا لەناو دوكەڵی شەڕدا ون ببن، لە داهاتوویەكی نزیكدا هەر دەردەكەون بۆیە پێویست ناكات لەسەر شتێك شەڕە لێدوان بكەن كە دەركەوتنی ئاسانە.
 
هەموومان چاوەڕێی هەواڵی دڵخۆشكەرین، بۆ یەكریزی و پاراستنی خاكی كوردستان لەدەستی هێزێكی رەشی وەك داعش، پێشمەرگە و شەرەڤانە پاڵەوانەكان كوردستان دەپارێزن ئێوەیش یەكڕیزیی و تەبایی كوردان بپارێزن و دەستبەرداری بەیاننامەدەركردن بن لەدژی یەكتری.
 
ناوی بەشداربووانی ئەم هەڵمەتە:
ئەحمەد میرە 
روناك شوانی 
لەتیف فاتیح فەرەج 
نیهاد جامی 
دانا عەسكەر 
رابەر رەشید 
مەدیحە سۆفی 
ئاسۆس هەردی
كەمال رەووف
كاوە شێخ عەبدوڵڵا
زانكۆ ئەحمەد
رەحمان غەریب
ئاوات عەلی
شوان محەمەد
شۆرش خالید
سیروان حسین
دانا ئەسعەد


PM:11:58:22/10/2014




ئه‌م بابه‌ته 352 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌