دوای 70 ساڵ لەمردنی، داوای لێبوردن لە "جۆرج ئۆروێڵ" دەكرێت





میترۆ، ئاوێنە
ئەنجومەنی كولتوری بەریتانیا داوای لێبوردن لە نوسەری ناودار جۆرج ئۆروێڵ دەكات لەسەر بڵاونەكردنەوەی بابەتێكی نزیكەی حەوت دەیە لەمەوبەر.

بەپێی هەواڵێكی بی بی سی ئەو داوای لێبوردنە دەریدەخات كە تەنانەت باشترین نوسەرەكانیش بابەتەكانیان بۆ  بڵاوكردنەوە رەتدەكرێنەوە، بەڵام زۆربەیان چاوەڕێی ئەوە ناكەن كە داوای لێبوردنیان لێ بكرێت بەتایبەت دوای تێپەڕینی 70 ساڵ.

جۆرج ئۆروێڵ كە خاوەنی هەردو رۆمانی ناسراوی "1984" و "مەزرای ئاژەڵان"ە، بابەتەكەی لەژێر ناوی "لەبارەی بەرگریكردن لە مەتبەخی ئینگلیزی"دا نوسیوە.

ئەنجومەنی كولتوری بەریتانیا كە كار بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی بەریتانیا لەگەڵ وڵاتانی دیكە دەكات، بۆ ئۆروێل نوسیویەتی كە "دانایی نییە ئەم بابەتە بۆ خوێنەرێكی نابەریتانی بڵاوبكرێتەوە."

ئەو ئیدیتۆرەی بابەتەكەی ئۆروێڵ-ی ئیدیت كردۆته‌وه‌، هێمای بۆ ئەوە كردوە كە "بابەتەكە نایابە" بەڵام هەندێك گرفتی تێدایە، لەوانە وه‌سفه‌ی مورەبای پرتەقاڵه‌كه‌ كه‌ به‌  "مارمالاید" ناسراوه‌ "شەكرو ئاوی بەڕێژەیەكی زۆر تێدایە."

ئۆروێل لە بابەتەكەیدا سیستمی خواردنی بەریتانی بە "سیستمێكی خواردنی سادەو قورس" ناودەبات كە رێگە بە "خواردنەوەی خواردنەوە گەرمەكان دەدات لە زۆربەی كاتەكانی رۆژدا."

ئەلاسدێر دۆناڵدسۆن، گەورە شیكەرەوەی سیاسەتەكانی ئەنجومەنی كولتوری بەریتانی رایگەیاندوە؛ پێدەچێت كۆنترۆڵكردن لەو رۆژانەدا بەجۆرێك لە جۆرەكان موحافیزكار بوبێت و سەركێشی دورخستبێتەوە و سوربوبێت لەسەر دوركەوتنەوە لە نوسین دەربارەی خواردەمەنییەكان(تەنانەت ئەوەی كە ئاسەوارە كارەستبارەكانی بەیاساكردنی بەكارهێنانی خواردەمەنی لەسەردەمی جەنگدا بەبیردەهێنێتەوە) لە كۆتاییەكانی برسێتی زستانی ساڵی 1945دا.

وتوشیەتی"رەنگە ئەنجومەنی كولتوری بەریتانیا دوای زیاتر لە 70 ساڵ بڕیاری دابێت كە هەڵەكەی بەرامبەر بە گەوەترین نوسەری سیاسی بەریتانیای سەدەی بیستەم راست بكاتەوە ئەگەر بەشێوەیەكی كەمیش بێت، ئەوەش لەڕێی دوبارە بەرهەمهێنانەوەی بابەتە ئەسڵییەكەی ئۆروێل بەتەواوی، لەپاڵ گوتاری رەتكردنەوەكەدا." 
ئەوەش لەكاتێكدایە كە نزیكەی 70 ساڵە بەسەر مەرگی ئەو نوسەرە ناودارەی بەریتانیادا تێدەپەڕێت، كە لە 21ی كانونی دوەمی 1950 كۆچی دوایی كردوە.


AM:11:14:14/02/2019




ئه‌م بابه‌ته 328 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌