دووهەم كەناڵی ئاسمانی تایبەت بە ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەست بەوەشانی خۆی دەكات





میترۆ، خەڵك

دووهەم كەناڵی ئاسمانی تایبەت بە ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەستی بە وەشانی خۆی كرد و لە ماوەیەكی نزیكی ئایندەدا بەرنامە ئاساییەكانی دەستپێدەكات.

سەرچاوەیەك لە حزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، وەشانی كەناڵی TISHK TV زمانحاڵی حزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران دەستیپێكردووە و پاش ماوەیەكی دیكە پەخشی ئاسایی كەناڵەكە دەستپێدەكات.

سەرچاوەكە، دەڵێت "دەستپێكردنەوەی پەخشی كەناڵی ئاسمانی تیشك تێڤی لە دوای ڕاوەستانی دێت بۆ چەند ساڵێك بەهۆی قەیرانی داراییەوە و كەناڵەكە ئێستا هاوتای دەستپێكردنی قۆناغی نوێی خەباتی حزبی دێموكراتی كوردستانە كە بە ڕاسان ناسراوە”.

كەناڵی تیشك تیڤی كە بارەگای سەرەكی لە شاری پاریسی پایتەختی فەڕەنسا بوو بەهۆی قەیرانی داراییەوە پەخشەكەی ڕاگیرا لە دوو ساڵی ڕابردوودا.

لە بارەی سەرچاوەی نوێی دارایی كەناڵەكەوە، سەرچاوەكەی حزبی دێموكراتی كوردستان ئامادە نەبوو زانیاری ئاشكرا بكات.

بەپێی زانیارییەكان، حزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان پێشتر لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە پشتیوانی دارایی دەكران، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە لە 2014 حكومەتی هەرێم ئەو پشتیوانییە داراییەی حزبەكانی ڕاگرت.

لە دوای ئەو قەیرانەوە كەناڵە ئاسمانییەكانی حزبەكانی ڕۆژهەڵات لەوانە تیشك تێڤی و ڕۆژهەڵات تێڤی پەخشەكانیان ڕاگیران هاوكات لەگەڵ ڕاگیرانی پەخشی كەناڵە ئاسمانییەكانی هەندێك لە حزبەكانی باشووری كوردستانیش.



AM:10:55:20/02/2019




ئه‌م بابه‌ته 200 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌