پەخش و ئۆفیسی کەناڵی ئێن ئاڕ تی دەبرێتە دەرەوەی هەرێم





میترۆ، NRT
وەک ئامادەکاری بۆ قۆناغێکی نوێ و دوورخستنەوەی لە فشار و هەڕەشەکانی دەسەڵات، ئۆفیس و پەخشی ئێن ئاڕ تی دەبرێتە دەرەوەی هەرێمی کوردستان.

پاش هەڕەشە و فشارە بەردەوامەکانی دەسەڵاتدارانی هەرێم لە رێگەی دەزگا فەرمیی و نافەرمییەکانەوە بۆ رێگریکردن و داخستنی ئێن ئاڕ تی، کەناڵەکە تا ئێستا بەردەوامە و بۆ دوورخستنەوەی هەڕەشەکانی داخستنیشی، دامەزراوەی میدیایی نالیا بڕیاریداوە ئۆفیس و پەخشی کەناڵەکە بباتە دەرەوەی هەرێمی کوردستان.

ئەم هەوڵەی دامەزراوەکە بۆ ئەوەیە لە حاڵەتی نەخوازراودا و لە ئەگەری داخستنیدا، کەناڵەکە بتوانێت لە پەخش و پێدانی زانیاریی بەهاوڵاتیان بەردەوام بێت.

کەناڵی ئێن ئاڕ تی کە لە ١٧ی شوباتی ٢٠١١دا دەستی بە پەخشی خۆی کرد، دوای دوو رۆژ و لە ٢٠ی شوبات لەلایەن چەند چەکدارێکەوە ئاگری تێبەردرا و سوتێنرا.

ئەمە جگە لەوەی کۆتایی ساڵی ٢٠١٧ و لە کاتی خۆپیشندانەکانی هاوڵاتیان بۆ داواکردنی پێداویستییەکان و باشکردنی بارودۆخی هەرێم بە بیانوی هاندانی خەڵک بۆ خۆپیشاندان، بۆ ماوەی هەفتەیەک پەخشی کەناڵەکە راگیرا.

لەدوا هەوڵی دەسەڵاتدارانی هەرێمیشدا و لە کاتی روماڵکردنی خۆپیشاندانی هاوڵاتیانی شارۆچکەی شێلادزێدا، هێرش کرایە سەر تیمەکانی ئێن ئاڕ تی و جگە لە دەستگیرکردنی رۆژنامەنووسەکانی، دەستگیرا بەسەر ئۆفیسی کەناڵەکە لە شاری دهۆک و تا ئێستاش رێگە بە کردنەوەی نادرێت.

زۆربەی پێشێلکارییەکانی سەر رۆژنامەنووسانی هەرێمی کوردستان دژبە رۆژنامەنووسانی ئێن ئاڕ تی بووە و رێگەیان پێنەدراوە زانیارییەکان بە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بگەیەنن.


AM:11:54:21/02/2019




ئه‌م بابه‌ته 12 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌