ستایش‌و هه‌ڵسه‌نگاندنی كه‌سایه‌تیه سیاسییه‌كان بۆ كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن خه‌ریكه له‌حاڵه‌ته‌وه ده‌بێته دیارده‌و زۆرێك له‌كه‌ناڵه‌كان ناوبه‌ناو وه‌ك ریكلامێك بۆ خۆیان به‌كاریده‌هێنن، پسپۆڕانی راگه‌یاندنیش پێیانوایه، "ناكرێت هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ ده‌زگایه‌كی راگه‌یاندن بكرێت به‌باكگراوندێكی سیاسییه‌وه"، به‌رپرسانی یه‌كێك له‌و كه‌ناڵانه‌ش ده‌ڵێن، "ئه‌ركی كه‌سایه‌تییه سیاسییه‌كانه هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ هه‌ر ده‌زگایه‌كی راگه‌یاندن بكه‌ن".
ئا: هاوكار حسێن
كه‌مال ره‌وف، سه‌رنوسه‌رو به‌رێوه‌به‌ری كۆمپانیای شارپرێس، دیارده‌یه‌كی له‌و شێوه‌یه به‌مه‌ترسیدار وه‌سفده‌كات‌و پێیوایه، " بونی دیارده‌یه‌كی له‌و شێوه‌یه مه‌ترسیداره، هه‌میشه سیاسییه‌كان حه‌زیان به‌میدیایه‌كی ئازاد‌و بوێر نه‌بوه، به‌تایبه‌تی له‌وڵاتێكدا كه به‌هۆی سیاسییه‌كانیه‌وه توشی گه‌نده‌ڵیی‌و داڕمانی ئابوریی‌و ناعه‌داله‌تی بۆته‌وه، بۆیه ئێستا ئه‌گه‌ر سیاسییه‌ك ستایشی كه‌ناڵێكی راگه‌یاندن بكات، ده‌بێت خه‌له‌لێك هه‌بێت، نه‌ك ئه‌مه وه‌ك ده‌ستكه‌وتێكی راگه‌یاندن بڵاوبكرێته‌وه".
به‌بۆچونی كه‌مال ره‌وف هۆكاری په‌نابردنی به‌شێك له‌راگه‌یاندنه‌كانیش بۆ سیاسییه‌كان تا ستایشی كه‌ناڵه‌كانیان بكه‌ن، په‌یوه‌ندیی هه‌یه به‌و "كێبڕكێیه‌ی له‌نێوان راگه‌یاندنه‌كاندا هه‌یه كه شتێكی جوان نیه‌و زیاتر له‌سه‌ر خۆ گه‌وره‌كردن‌و خۆنمایشكردنه به‌پرۆفیشناڵ به‌بێ ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێیته‌وه بۆ خه‌ڵك، بۆیه پێویسته ئه‌و كه‌ناڵانه به‌خۆیاندا بچنه‌وه".
هاوكات یه‌حیا عومه‌ر رێشاوی، پسپۆڕ‌و مامۆستای راگه‌یاندن، پێیوایه ئه‌و جۆره هه‌ڵسه‌نگاندنانه ده‌چنه بواری هه‌ڵسه‌نگاندنی نازانستیی‌و ده‌ڵێت، "ده‌بێت ئه‌و كه‌سه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنی زانستی ده‌كات، كه‌سێكی تایبه‌تمه‌ند بێت له‌و بواره‌دا، بۆیه ئه‌گه‌ر باس له‌هه‌ڵسه‌نگاندن بكرێت به‌پێوه‌ری زانستیی‌و ده‌زگا راگه‌یاندنه سه‌ركه‌وتوه‌كان، هه‌مو كه‌س ناتوانێت خۆی بدات له‌و جۆره هه‌ڵسه‌نگاندنانه".
رێشاوی هۆكاری ئه‌و دیارده‌یه‌ی گێڕایه‌وه بۆ دابه‌شبونی راگه‌یاندنه‌كان به‌سه‌ر بیروبۆچونه سیاسییه جیاوازه‌كانداو به‌ئاوێنه‌ی راگه‌یاند، "هه‌ر ده‌زگایه‌كی راگه‌یاندن بۆچون‌و جوڵێنه‌رێكی سیاسیی هه‌یه، بۆیه كاتێك كه‌سایه‌تیه‌كی سیاسیی ستایشی كه‌ناڵێكی راگه‌یاندنی خۆی ده‌كات، له‌به‌رئه‌وه‌یه كه ئه‌جێنداو بیروبۆچونه‌كانی ئه‌و جێبه‌جێ ده‌كات، بۆیه ئه‌م جۆره هه‌ڵسه‌نگاندنانه دورن له‌پێوه‌ره زانستیه‌كان‌و ناكرێت هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ ده‌زگایه‌كی راگه‌یاندن بكه‌یت به‌باكگراوندێكی سیاسییه‌وه".
له‌لایه‌ن خۆیشیه‌وه شاڵاو عه‌لی عه‌سكه‌ری، كه‌سایه‌تی سیاسیی‌و ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، پێوایه ئه‌وه ئه‌ركی كه‌سانی پرۆفێشناڵه له‌بواری میدیادا هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ ئه‌دای كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن بكه‌ن‌و به‌ئاوێنه‌ی راگه‌یاند، "به‌داخه‌وه راگه‌یاندنیش هه‌ندێكجار له‌پیشه‌كه‌ی خۆی زۆر ده‌رده‌چێت، به‌وه‌ی وا له‌به‌رامبه‌ره‌كانیان ده‌كه‌ن بۆچونێكی دیكه بڵێن، بۆیه هه‌ردولا (راگه‌یاندنه‌كان‌و سیاسییه‌كانیش) هه‌ڵه‌ن".
عه‌سكه‌ری ره‌خنه له‌كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن ده‌گرێت كه خۆیان رێگه‌خۆشكه‌رن بۆ زه‌قبونه‌وه‌ی ئه‌و دیارده‌یه‌و ده‌ڵێت، "ده‌شێت كه‌سێك نوسه‌ر یان شاعیرێكی باش بێت، به‌ڵام مانای وانیه كه رۆژنامه‌نوسه، خه‌تاكه زیاتر هی راگه‌یاندنه‌كانه كه مه‌جالی ئه‌وه ده‌درێت به‌سیاسییه‌كان ئه‌و قسانه بكه‌ن".
یه‌كێك له‌و كه‌ناڵانه‌ی راگه‌یاندن كه به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام كار له‌سه‌ر زه‌قكردنه‌وه‌ی ستایشی سیاسییه‌كان ده‌كات بۆ ده‌زگاكه‌ی خۆی، كه‌ناڵی روداوی نزیك له‌پارتی دیموكراتی كوردستانه، به‌ڵام به‌رپرسانی ئه‌و كه‌ناڵه دیارده‌یه‌كی له‌و شێوه‌یه به‌ئیجابیی وه‌سفده‌كه‌ن‌و پێیانوایه ئه‌ركی سیاسییه‌كانه هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ هه‌ر ده‌زگایه‌كی راگه‌یاندن بكه‌ن.
فازڵ نه‌جیب، وته‌بێژی تۆڕی میدیایی روداو، به‌ئاوێنه‌ی راگه‌یاند، "روداو سه‌ردانی هیچ كه‌سایه‌تییه‌كی به‌ڕێزو ناسراوی سیاسیی نه‌كردوه ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی رای ئه‌وان له‌سه‌ر روداو وه‌ربگرین، ئه‌و كه‌سایه‌تی‌و به‌ڕێزانه له‌چوارچێوه‌ی دیمانه‌و چاوپێكه‌وتنه تایبه‌ته‌كان، خۆیان لوتفیان نواندوه‌و ئه‌وه‌ی به‌راستیان زانیوه له‌باره‌ی پرۆفیشناڵی‌و بێڵایه‌نی‌و كاریگه‌ریی روداو، گوتویانه، گوتنی ئه‌و راستییه له‌سه‌ر زمانی ئه‌و كه‌سایه‌تییانه كه له‌هه‌مو بۆچون‌و ئاراسته جیاوازه‌كانن، ئێمه دڵخۆش ده‌كات".
نه‌جیب ره‌تیده‌كاته‌وه ئه‌وه كاری سیاسییه‌كان نه‌بێت هه‌ڵسه‌گاندن بۆ میدیاكان بكه‌ن‌و ده‌ڵێت، "من ده‌ڵێم به‌ڵێ ئه‌ركی كه‌سایه‌تییه سیاسییه‌كانیشه هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ روداو یان هه‌ر ده‌زگایه‌كی دیكه بكه‌ن". ئه‌و ره‌خنه‌ش له‌و كه‌سانه ده‌گرێت كه به‌بێ ئه‌زمون باس له‌پرۆفێشناڵیه‌ت ده‌كه‌ن‌و ده‌ڵێت، "لێره‌و له‌وێ چه‌ند ده‌مڕوت‌و به‌تاڵێك په‌یدابون كه بێ ئه‌وه‌ی كه‌س حسابیان بۆ بكات، یان پرسیان پێ بكات، یان گوێیان لێبگرێت، له‌خۆیانه‌وه ناسنامه‌ی پرۆفیشناڵیه‌ت دابه‌ش ده‌كه‌ن". چونكه ئه‌و پێیوایه "له‌و وڵاتانه‌ی ئیش‌و پیشه نرخی هه‌یه، خوێنه‌واره‌كانیان نزیكه‌ی نیوسه‌ده كاری رۆژنامه‌نوسیی ده‌كه‌ن، پاشان رویان دێت باسی پرۆفیشناڵیه‌ت بكه‌ن‌و كاری خه‌ڵكانی دیكه هه‌ڵبسه‌نگێنن".
له‌پاڵ ئه‌و دیارده‌یه، زۆرجار هه‌مان ئه‌و كه‌ناڵانه‌ی راگه‌یاندن كه وته‌ی سیاسییه‌كان ده‌كه‌نه ریكلام بۆ خۆیان، هه‌ر خودی خۆیان ستایشی خۆیان ده‌كه‌ن‌و نازناوی جۆراوجۆری ئه‌رێنیی له‌خۆیان ده‌نێن.
ئه‌و مامۆستایه‌ی راگه‌یاندن ره‌خنه له‌و جۆره نه‌ریته‌ش ده‌گرێت‌و ده‌ڵێت، "ناكرێت خۆت ئه‌و حوكمه له‌سه‌ر خۆت بده‌یت، به‌ڵكو ده‌بێت خه‌ڵكیی ئه‌و بڕیاره بده‌ن".