حكومەتی هەرێم وەڵامی هیومان رایتس وۆچ دەداتەوە
PM:03:11:07/03/2019


میترۆ، سپی‌ میدیا 
حكومەتی هەرێم وەڵامی هیومان رایتس وۆچ دەداتەوە ڕایگەیاند، گیراوانی داعش كە تەمەنیان لە ١٨ ساڵ كەمترە وەك قوربانی دەستی داعش مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت نەك تاوانبار.

دیندار زێباری، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند، حكومەتی هەرێم هەمیشە راپۆرتی رێكخراوە نێدەوڵەتییەكان بە هەندوەردەگرێت، بەڵام لە ڕاپۆرتێكیدا هیوامان رایتس وۆچ تۆمەتی جۆراوجۆری خستووەتە پاڵ دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێم.

دەشڵێت، ڕێكخراوەكە سەردانی شوێنی دەستگیركردن و مانەوەی ئەو مێردمنداڵانەی نەكردووە، بۆ ئەوەی پشت بە زانیاری دروست ببەستێت و هیچ كەسێكیش بەبێ بڕیاری دادگا دەستگیر ناكرێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، دوای دەستگیركردنی تۆمەتباران و داواكراوان بەپێی یاسای بنەماكانی دادگاییكردنی سزایی، مامەڵەیان لەگەڵدادەكرێت، تۆمەتباریش مافی هەیە پارێزەرێك ئامادە بكات و ئەگەر نەیتوانی پێویستە دادگا پارێزەری بۆ دابین بكات.

 باسی لەوەشكرد ، لە ئەنجامی ئەو رێوشوێنانەدا كە گیراونەتە بەر تا ئێستادا (٩٠)كەس لە نەوجەوانان و ئافرەتان و منداڵ هەیە لەوانە (١٤) كوڕ كە راگیراوە و (٥٠)ی دیكەش لە كوڕەكان فەرمانی سزایان بۆ دەرچووە ئەمانە تەمەنیان لە (١٨) ساڵ كەمترە لەگەڵ (٢٦) ئافرەت و لە ماوەی رابردووشدا ژمارەیەكی زۆریان كە بە تۆمەتی تیرۆر دەستگیركرابوون ئازاد كراون و رەوانەی ئەو شوێنانە كراون كە لێوەی هاتبوون.

پێشتریش ڕێكخراوی هیومان ڕایتس وۆچ لە ڕاپۆرتێكیدا ئاماژەی بۆ ئەوەكردبوو، هەردوو حكومەتی بەغدا و هەرێمی كوردستان، هەزار و ٥٠٠ منداڵیان بە تۆمەتی  تیرۆر و ئەندامبوونیان لە ڕێكخراوی داعش تۆمەتبار و دەستگیركردووە.