ئەو ئاستەنگانە چین کە ڕووبەڕووی‌ ژنە میدیاکارەکان دەبنەوە؟
AM:09:57:09/03/2019


میترۆ، NRT2
خانمە میدیاکار ژاڵە محەمەد بە بۆنەی ٨ی مارسەوە لە بەرنامەی بەیانیت باش کوردستان، باسی لە ڕۆڵ و کاریگەریی ژنان کرد لە میدیای کوردیدا، ئەو ئاستەنگانەی خستەڕوو کە ڕووبەڕووی ژنە میدیاکارەکان دەبێتەوە.

لە بارەی ڕۆڵ و پێگە و گرنگی خانمان لە ناو ڕاگەیاندندا، ژاڵە محەمەد وتی، "لە ئێستادا توانیویانە جێگەی خۆیان لە بوارەکانی سیاسی و ئابووری و ڕۆژنامەنووسیدا بکەنەوە، چ وەک پەیامنێر و چ وەک بێژەر و پێشکەشکار".

ئەو پێیوایە، تا ئێستا دابونەریتەکانی کوردەواری دژە باون بەرامبەر بەو جۆرە کارانە و ئەو لەو باوەڕەدایە کە دەبێت ژنان بەڕاددەیەک خۆیان بسەپێنن تا ئەو ڕۆژەی پیاوان ناچار دەبن دان بە مافەکانی ژناندا بنێن.

ژاڵە کە یەکێکە لە خانمە میدیاکارەکان لە هەرێمی کوردستان و چەندین ساڵە لەو بوارەدا دەرکەوتووە و لە ئێستادا یەکێک لە پەیامنێرەکانی ئێن ئاڕ تی، لە بارەی ئەو ئاستەنگانەی کە ڕووبەڕووی بووتەوە لە کاتی کارکردندا دەڵێت "بەپێی ئەزمووی مەیدانیی خۆم، بێگومان ئاستەنگی هەیە و ئاستەنگییەکان کۆمەڵایەتین، بەشێکی هاوڵاتیانن، بەشێکی زۆر جار ئەو بەرپرسە باڵایانەن کە تۆ پێویستە لێدوانێکیان لێوەربگریت".

ئاماژەی بەوەشکرد، "هەندێک ڕۆتینات هەن کە ڕەنگە بێزارت کەن یان هەندێک کەس بە میزاجەوە لە بواری کارەکەی خۆتدا مامەڵەت لەگەڵدا دەکات و ئەمەش سەرچاوەیەکی ئاستەنگییە بۆ ژنان".

 ژاڵە محەمەد هیوادارە ڕۆژنامەنووسان یان ئەو کەسانەی کە لە دەزگا ئەهلی و حیزبییەکاندا کار دەکەن کە جێگەی خۆیان بدۆزنەوە و ئەو ئاستەنگییانە نەمێنن بۆ ژنان، جەختی لەوەشکردەوە ژنان هیچیان لە پیاوان کەمترە نییە.

رۆژی‌ ٨ی‌ ئازاری‌ ١٨٧٥ ژنانی‌ کرێکار لە کارگەکانی‌ جلوبەرگی‌ شاری‌ نیویۆرک خۆپیشاندانێکیان لە دژی‌ دۆخی‌ قورسی‌ کارکردن و کەمیی‌ کرێ و مافەکانیان کرد و دواتر لەلایەن پۆلیسەوە سەرکوتکران، دوای‌ دووبارەبوونەوەی‌ ئەو ڕووداوانە لە ئەمریکا و چەندین وڵاتی‌ دیکەی‌ ئەوروپادا کە ڕووداوی‌ گیانلەدەستدانی سەدان ژنی‌ لێکەوتەوە، دواجار لە ساڵی‌ ١٩٧٧ەوە ڕێکخراوی‌ یونسکۆی‌ سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی‌ هەشتی‌ مارسی‌ وەک ڕۆژی‌ جیهانیی‌ ژنان پەسەند کرد.