‌سەنتەری میترۆ: لەگەڵ هێزە عیراقییەکان لەسەر خەتین بۆ ئازادکردنی تیمە ڕۆژنامەوانییەکەی NRT
PM:01:46:09/03/2019
میترۆ، وێستگەنیوز

تیمێکی کەناڵی NRT لەلایەن هێزێکی چەکدارەوە لە شارۆچکەی شەنگال دەستگیرکراون و چارەنوسیان نادیارە.



ئەمڕۆ شەممە ٩ی ئازاری ٢٠١٩ تیمێکی ڕۆژنامەوانی ئێن ئاڕ تی بە مەبەستی کاری رۆژنامەوانی بەرەو شارۆچکەی تەلەعفەر و شەنگال رۆشتوون، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی عێراقەوە تیمەکە دەستگیرکراون و تا ئامدەكردنی ئه‌م هه‌واڵه‌ شوێنیان نادیاره‌.


دیاری محەممەد بەڕێوبەری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆیکردن لە ڕۆژنامەنوسان به‌ وێستگەنیوز‌ی راگه‌یاند "ئێستا سه‌رقاڵی به‌دواداچوونین بۆ كێشه‌ی تیمه‌كه‌ی NRT وه‌ك چۆن په‌رۆشیمان نواند بۆ دیاریكردنی چاره‌نوسی تیمه‌كه‌ی KNN كه‌ له‌ رۆژانی رابردوو له‌ خانه‌قین ده‌سبه‌سه‌ر كرابون".


دیاری محەممەد ئاماژەی بەوەدا "په‌یوه‌ندیمان به‌ فه‌رمانده‌یه‌كی سه‌ربازییه‌وه‌ كردوە تا چاره‌نوسیان بزانین پێیان وتین "ئێره‌ وەکو به‌حره وایە ئه‌وه‌ی بكه‌وێته‌ ناوی بە سەختی ده‌ده‌ۆزرێته‌وه‌" ، هەروەها فەرماندەکە وتوشیەتی "لەئێستادا هه‌ر ناوچه‌یەک لەم ناوچانەی ژێر دەستی هێزە عێراقییەکان، پاوانکراوە و دەستی بەسەرداگیراوە لەلایەن هێزێكی تایبەتەوە و مامه‌ڵه‌ی خراپی پێوە دەکرێت".


دیاری محممەد ئەوەشی وت "پێشێلكردنی‌ یاسا و سنورداركردنی‌ ئازادی رۆژنامه‌وانی و زۆربوونی هێزی میلیشیای و نافەرمی و دیارده‌ی ده‌ربازبوون له‌سزا وایكردوه‌ كه‌ له‌ زۆرێك له‌ راپۆرته‌ نێوده‌وڵتییه‌كان عێراق وه‌ك شوێنێكی ئارام بۆ رۆژنامه‌نوسان ته‌ماشا نه‌كرێت".



بەڕێوبەری سەنتەری میترۆ باسی لەوەشکرد "ئه‌م جۆره‌ روداوانه‌ی چه‌ند رۆژی رابردوو ده‌بێت پاڵ به‌ نوێنه‌رانی كوردستان له‌ په‌رله‌مانی عێراقه‌وه‌ بنێت تا بجوڵێن و ئه‌و فشارانه‌ نه‌ك له‌سه‌ر ته‌نها رۆژنامه‌نوسانی كوردستان به‌ڵكو هه‌ڵوێستیان له‌سه‌ر تونده‌وتیژی به‌رامبه‌ر رۆژنامه‌نوسانی عێراقیش هه‌بێت".


هاوشێوەی ئەم ڕوداوەش پێشتر له‌ڕۆژی 2ی ئازاری ئەمساڵ تیمێکی کەنەڵای KNN نكە پێکهاتبوم لە هه‌ریه‌ك له‌ (عه‌بدول ره‌حمان ئه‌بوبه‌كر پێشكه‌شكاری‌ به‌رنامه‌ی‌ دێ‌ به‌دێ‌ و ره‌وا ئه‌حمه‌د و سه‌ركه‌وت كه‌ریم كامێرامان و هه‌ردی‌ عه‌تا شۆفێر) له‌كاتی‌ ئاماده‌كردنی‌ به‌رنامه‌ی‌ دێ‌ به‌دێ‌ له‌ قه‌زای‌ خانه‌قین له‌لایه‌ن هێزی‌ چه‌كدارانی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبیه‌وه‌ ده‌ستگیركراوبون و دوای دوو ڕۆژ ئازادکران.


سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە رۆژنامەنووسان لەساڵی‌ 2009 دا دامەزراوە، رێکخراوێکی سەربەخۆیە بۆ بەرگری لە رۆژنامەنووسان و مافەکانیان، سەنتەری‌ میترۆ لە هەرێمی کوردستان، بەهاوبەشی‌ لەگەڵ روانگەی ئازادییە رۆژنامەنووسییەکان کار دەکات کە نوسینگەی سەرەکی لە بەغدایە، ئۆفیسی‌ سەرەکی‌ سەنتەری‌ میترۆ لە شاری‌ سلێمانی‌ یە.