سەندیکای‌ ڕۆژنامەنووسان: سەلامەتی‌ گیانی‌ ڕۆژنامەنووسان لە ئەستۆی‌ حکومەتی‌ عێراق و حەشدی‌ شەعبییە
AM:10:31:10/03/2019


میترۆ،NRT
لیژنەی‌ داکۆکی‌ لە ئازادیی ڕۆژنامەنووسی و مافی ڕۆژنامەنووسان ئیدانەی‌ دەستگیرکردنی‌ تیمە ڕۆژنامەوانییەکەی‌ ئێن ئاڕ تی‌ لە قەزای‌ شەنگال و تەلەعفەر کرد و، سەلامەتی‌ گیانی‌ ڕۆژنامەنووسانیشی خستە ئەستۆی‌ حکومەتی‌ عێراق و حەشدی‌ شەعبی.

لیژنەکە لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی‌ بەوە کردووە، لە ماوەی ئەم مانگەدا ئەمە دووەمین جارە تیمە ڕۆژنامەنووسییە کوردییەکانی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی هەرێمی کوردستان دەبنە ئامانج لای سوپای عێراقی و هێزەکانی حەشدی شەعبی و دەستگیردەکرێن و، کەلوپەلی ڕۆژنامەنووسییەکەیان دەستی بەسەردا دەگیرێت و ڕێگری لە ڕووماڵکردنی کارە ڕۆژنامەنووسییەکەیان لە چەند ناوچەیەک دەکرێت.

ڕوونیشیکردووەتەوە، دووبارەبوونەوەی ئەم پێشێلکارییانە پێچەوانەی یاسای ڕۆژنامەگەریی عێراقی و هەرێمی کوردستانە، بۆیە هەموو لایەک ئاگاداردەکەینەوە، بەتایبەتی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی نێودەوڵەتی و عێراقی، هەوڵی ڕێگریکردن لەم کارانە بدەن.

لە بەشێکی‌ دیکەی‌ بەیاننامەکەدا لیژنەی‌ داکۆکی‌ لە ئازادیی ڕۆژنامەنووسی و مافی‌ ڕۆژنامەنووسان ڕاشیگەیاندووە، بە توندی ئیدانەی ئەم کارە دەکەن و سەلامەتیی گیان و ئازادیی کارکردنی ڕۆژنامەنووسانیشیان خستە ئەستۆی حکومەتی عێراقی و حەشدی شەعبی، کە هۆکاری سەرەکیی ئەم پێشێلکارییانەن بەرامبەریان.

ئەوەش لەکاتێکدایە ئەمڕۆ شەممە (٩ی ئازاری ٢٠١٩) تیمێکی ئین ئار تی کە پێکهاتبوون لە پەیامنێر و کامێرامان و شۆفێرێک بە مەبەستی ئەنجامدانی کارێکی ڕۆژنامەوانی چوونەتە شنگال و تەلەعفەر، بەڵام لە کاتی گەیشتنیان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی عێراقەوە دەستگیر کران و دوای‌ دوو کاتژمێر ئازادکران.