‌ئه‌ڵمانیا هۆشداری دەداتە هاوڵاتیانی وڵاته‌كه‌ی دەربارەی گه‌شتکردن بۆ توركیا
PM:12:01:10/03/2019
میترۆ، وێستگە نیوز
حكومه‌تی ئه‌ڵمانیا رۆژی شه‌ممه‌ هاوڵاتیانی وڵاته‌كه‌ی له‌ مه‌ترسی گه‌شتكردن بۆ توركیا ئاگاداركرده‌وه‌، هۆشداریش ده‌دات ره‌نگه‌ به‌هۆكاری راده‌ربڕین هاوڵاتیانی ئه‌ڵمانیا ده‌ستگیربكرێن جه‌ختیش ده‌كاته‌وه‌ توركیا وڵاتێكی سه‌لامه‌ت نیه‌ بۆ ئازادی راده‌ربرین.

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا له‌ بەیاننامەیەکدا، رایگه‌یاند: "به‌ دوورنازانرێت... كه‌ حكومه‌تی توركیا رێوشوێنی نوێ بگرێته‌به‌ر له‌ دژی رۆژنامه‌نوسانی ئه‌ڵمانیا و نوێنه‌ری رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگایی مه‌ده‌نی".

بەیاننامەیەکەی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا روونیشیكرده‌وه‌ كه‌" ئه‌و رێوشوێنانه‌ی بۆ پاراستنی ئازادی راده‌ربرین له‌ یاساكانی ئه‌ڵمانیا جێگیركراوه‌، ره‌نگه‌ ئه‌و رێوشوێنانه‌ له‌ توركیا لێپرسینه‌وه‌یان به‌رامبه‌ر بكرێت''. 

بەیاننامەیەکەی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌ هه‌ركه‌سێك به‌شداری كۆبوونه‌وه‌كانی ئه‌و گروپ و رێكخراوانه‌ی كردبێ كه‌ له‌ توركیا قه‌ده‌غه‌كراون مه‌ترسی ده‌ستگیركردنیان له‌سه‌ره‌، به‌گوێره‌ی تۆری هه‌واڵی رۆیته‌رز هه‌ر كه‌سێكیش له‌ تۆره‌كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان ره‌خنه‌ له‌ حكومه‌تی توركیا بگرێت به‌هه‌مان شێوه‌ مه‌ترسی هه‌یه‌ ده‌ستگیربكرێت'.

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا باس له‌وه‌ش ده‌كات، له‌دووساڵی رابردوو ژماره‌ی ئه‌و رۆژنامه‌نووسە ‌ئەوروپی و ئه‌ڵمانیانه‌ی رووبه‌رووی دەستگیرکردن بوونه‌ته‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو زیادیكردووه‌، به‌جۆرێك هه‌ر كه‌سێك گومانی ئه‌وه‌ی لێبكرێت په‌یوه‌ندی بە فه‌تحوڵا گوله‌ن بانگخوازی ئایینی توركیاوه‌ هه‌بێ‌ ده‌ستگیر ده‌كرێت كه‌ تۆمه‌تباره‌ به‌پشتیوانیكردنی كوده‌تاشكستخواردوكه‌ی ساڵی 2016.