‌سه‌نته‌ری میترۆ و رێكخراوێكی نێوده‌وڵه‌تی بانگه‌وازێكی هاوبه‌شیان بڵاوكرده‌وه‌
PM:06:37:10/03/2019


میترۆ
هه‌ریه‌ك له‌ سه‌نته‌ری میترۆ بۆ دادكۆكی كردن له‌ مافی رۆژنامه‌نوسان و سه‌نته‌ری خلیج بۆ مافه‌كانی مرۆڤ GCHR  بانگه‌وازێكی هاوبه‌شیان ئاراسته‌ی هه‌ریه‌ك له‌ حكومه‌تی عیراق و هه‌رێمی كوردستان كرد و داوای ئازادكردنی ده‌ستگیركراوانی خۆپیشاندانه‌كه‌ی شیلادزێ له‌ هه‌رێم ده‌كه‌ن و حكومه‌تی عیراقیش هان ده‌ده‌ن رێز له‌ ئازادیی رۆژنامه‌وانی بگرێت.

له‌ بانگه‌وازه‌ هاوبه‌شه‌كه‌یاندا، سه‌نته‌ری میترۆ و رێكخراوی خلیج كه‌ باره‌گاكه‌ی له‌ ئێرله‌ندایه‌ باسیان له‌ خۆپیشاندانه‌كانی شیلادزێ له‌ 26ی كانونی دووه‌می 2019 كردوه‌ كه‌ خۆپیشانده‌ران بنكه‌یه‌كی سه‌ربازیی سوپای توركیایان سوتاند و دواتر ئاسایشی دهۆك ده‌یان خۆپیشانده‌ری ده‌ستگیركرد و وه‌ك له‌ بانگه‌وازه‌كه‌دا هاتووه‌ كه‌ تا ناچارنه‌كراون واز له‌ خۆپیشاندان بهێنن، ئازاد نه‌كراون.

هه‌ر هه‌مان رۆژ هێزه‌كانی ئاسایش 50 چالاكوانی مه‌ده‌نی و رۆژنامه‌نوسیان ده‌ستگیركرد كه‌ ئاماده‌كارییان ده‌كرد بۆ پشتیوانیكردن له‌ خۆپیشانده‌رانی شیلادزێ دژی بونی سوپای توركیا له‌و ناوچه‌یه‌، به‌پێی سه‌رچاوه‌ ناوخۆییه‌كانیش، چاوی چالاكوانه‌كان به‌ستراوه‌ته‌وه‌ و ئه‌شكه‌نجه‌ دراون.

له‌ بانگه‌وازه‌كه‌دا هاتووه‌ كه‌ دواتر زۆربه‌ی چالاكوانه‌كان ئازادكراون جگه‌له‌ شیروان شێروان، رۆژنامه‌وانی سه‌ربه‌خۆ و چالاكوانی مه‌ده‌نی و ئه‌یاز كه‌ره‌م و رێكان ره‌شید و تاكور زه‌رده‌شتی كه‌ ئێستا له‌ گرتوخانه‌ی زركا-ن له‌ پارێزگای دهۆك.

بانگه‌وازه‌كه‌ ده‌ستگیركردنی مسته‌فا بامه‌ڕنی، رۆژنامه‌نوس و چالاكوانی مه‌ده‌نیی به‌بیرهێناوه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌ 1ی ئازاری 2019 دوباره‌ ده‌ستگیركراوه‌ته‌وه‌ و خراوه‌ته‌وه‌ ته‌نیش ئه‌وانه‌ی كه‌ هێشتا له‌ زینداندان و به‌پێی مادده‌ی 156 له‌ یاسای سزادانی عیراقیی ژماره‌ 111ی ساڵی 1969ی هه‌مواركراو تۆمه‌تبار كراون به‌ "دروستكردنی مه‌ترسی بۆسه‌ر سه‌ربه‌خۆیی و یه‌كپارچه‌یی و سه‌لامه‌تیی خاكی وڵات"، ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ له‌ ساڵی 2003ه‌وه‌ كاركردن به‌و مادده‌یه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان راگیراوه‌.

هه‌ر سه‌باره‌ت به‌ هه‌رێمی كوردستان باس له‌ داخستنی نوسینگه‌ی دهۆكی كه‌ناڵی ئێن ئاڕ تی له‌ 27ی كانونی دووه‌می 2019 كراوه‌ و پێنج كارمه‌ندی نوسینگه‌كه‌ش ده‌ستبه‌سه‌ر كراون، ئه‌وه‌ش له‌به‌ر په‌خشكردنی روداوه‌كانی شیلادزێ.

له‌ پرسی عیراقدا، هه‌ریه‌ك له‌ سه‌نته‌ری میترۆ و رێكخراوی خلیج ئاماژه‌یان به‌ ده‌ستگیركردنی رۆژنامه‌نوس حوسام كه‌عبی، په‌یامنێری كه‌ناڵی ئێن ئاڕ تی له‌ شاری نه‌جه‌ف كردوه‌ كه‌ به‌فه‌رمانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ئاسایشی نیشتمانی له‌ دره‌نگانێكی شه‌وی 7ی كانونی دووه‌می 2019 ده‌ستگیركراوه‌، ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر سكاڵای راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی كه‌ گوایه‌ كه‌عبی له‌ لاپه‌ڕه‌ی تایبه‌تیی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی فه‌یسبوك ته‌شهیری به‌و به‌رپرسه‌ كردوه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌شدراوه‌ كه‌ ئه‌و رۆژنامه‌نوسه‌ بۆ رۆژی دواتر ئازاد كراوه‌.

له‌ پارێزگای به‌سره‌ش، هێزه‌ ئه‌منییه‌كان رۆژنامه‌نوسێكی سه‌ربه‌ ئێزگه‌ و ته‌له‌فزیۆنێكی ناوخۆییان به‌ناوی موسلم میاحی ده‌ستگیركرد، ئه‌وه‌ش دوای بڵاوه‌پێكردنی خۆپیشاندانێكی ئاشتیانه‌ كه‌ ئه‌و رۆژنامه‌نوسه‌ له‌ناوه‌ڕاستی به‌سره‌ روماڵی ده‌كرد، دوای ماوه‌یه‌كی كه‌میش، هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ئازادیان كرد.

له‌ كۆتایی بانگه‌وازه‌كه‌دا، هه‌ریه‌ك له‌ سه‌نته‌ری میترۆ و رێكخراوی خلیج داوایان له‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمی كوردستان كردوه‌ هه‌ریه‌ك له‌ شێروان شێروان و ئه‌یاز كه‌ره‌م و رێكان ره‌شید و تاكو زه‌رده‌شتی و مسته‌فا بامه‌ڕنی، ده‌سته‌به‌جێ  و بێ هیچ مه‌رجێك ئازاد بكات و رێز له‌ ئازادیی خۆپیشاندانی ئاشتییانه‌ بگرێت.

هه‌ردوو ناوه‌ندی ناوبراو داواشیان له‌ حكومه‌تی فیدڕاڵیی عیراق كردوه‌، رێز له‌ ئازادیییه‌ گشتییه‌كان له‌وانه‌ ئازادیی رۆژنامه‌وانی و ئازادیی راده‌ربڕین بگرێت و رۆژنامه‌ونوسان و چالاكوانان نه‌كاته‌ ئامانج.

سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە رۆژنامەنووسان لەساڵی‌ 2009 دا دامەزراوە، رێکخراوێکی سەربەخۆیە بۆ بەرگری لە رۆژنامەنووسان و مافەکانیان، سەنتەری‌ میترۆ لە هەرێمی کوردستان، بەهاوبەشی‌ لەگەڵ روانگەی ئازادییە رۆژنامەنووسییەکان کار دەکات کە نوسینگەی سەرەکی لە بەغدایە، ئۆفیسی‌ سەرەکی‌ سەنتەری‌ میترۆ لە شاری‌ سلێمانی‌ یە.

سەنتەری خەلیج بۆ مافەكانی مرۆڤ GCHR رێكخراوێكی نێودەوڵەتی سەربەخۆیە، چاودێری رەوشی مافەكانی مرۆڤ دەكات لە ناوەچەی كەنداو و دەروبەری، كار دەكات بۆ پاراستنی چالاكوانانی مافی مرۆڤ و بەرگری لە ئازادی رۆژنامەنوسی رادەربڕین و ئازادی خۆپیشاندان. لە هەرێمی كوردستان سەنتەری میترۆ نوێنەرایەتیان دەكات.