"لە یاسای كاری رۆژنامەگەری باسی تایبەتمەندییەكانی ژنان نەكراوە"
AM:10:58:13/03/2019


میترۆ، K24
سەرەڕای بەربەستەکان، بەڵام رۆڵی ژنان لە بواری رۆژنامەگەری کوردی رۆڵێکی دیارە و لەم چەند ساڵەی دوایشدا رێژەی ژنان لەبواری رۆژنامەنووسی زیادی کردووە. لە کاتێکدا بەردەوام لە کاتی کارکردن و جێبەجێکردنی ئەرکەکانیاندا رووبەڕووی ئاستەنگی زۆر دەبنەوە. ژمارەیەك رۆژنامەنووسیش داوا دەكەن تایبەتمەندییەكانی ژنان لە یاسای كاری رۆژنامەگەری جێی بكرێتەوە.

سارا موحسین، یەكێكە لە راگەیاندنكارەكانی كوردستان و چەند ساڵێكە لەو بوارە كار دەكات و دەڵێ: "رۆڵی ژنان لە میدیای كوردیدا لەم ماوەیەی دواییدا، دەتوانین بڵێین رۆژ دوای رۆژ لە ھەڵكشاندایە، ئەمەش بەھۆی گۆڕانكاری لە فۆڕمەكانی میدیا و كۆمەڵگە، بەڵام بە بڕوای من بەراورد بە جیھان ھێشتا رێژەكە كەمە".

یاسای ژمارەی 35ـی ساڵی 2007ـی تایبەت بە رێکخستنی کاری رۆژنامەگەری لە ھەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی گشتی کاری رۆژنامەگەر تێدا خراوەتەڕوو بەبێ ئەوەی جیاوازی لە نێوان کاری رۆژنامەگەری ئافرەتان و پیاواندا بکات. بەردەوام رەخنە و تێبینیش لەسەر یاسای رۆژنامەگەری باس دەكرێ.

ھانا شوان، رۆژنامەنووس و چالاكوانی بواری ژنان دەڵێت: "بەنیازی چاكسازین لە یاسای رۆژنامەگەری لە ھەرێمی كوردستان، چونكە لەو یاسایەدا تایبەتمەندییەكانی ژنان باس نەكراوە، بۆ نموونە ژنێك ئەگەر دوو گیان بوو یان لە حاڵەتی سووری مانگانە بوو، لە كاری میدیادا ئەمە كاریگەری خۆی ھەیە، ھەروەھا ژنێكی رۆژنامەنووس ئەگەر گێچەڵی پێكرا و دەستدرێژی كرایە سەر یان توندوتیژی ئەلیكترۆنی كرایەسەری ئەمانە چۆن چارەسەر دەكرێن؟، بۆیە چاكسازی لەو یاساییە لای ئێمە بابەتێكی گرنگ و ھەنوكەییە پێویستە بە وردی ئیشی لەسەر بكرێت".

ھەر پەیوەست بەم بابەتە، د.پاڤێ جەمیل، مامۆستای زانکۆ پێی وایە: "دەبێ لە رێگەی توێژینەوە و گفتوگۆوە كاری ژنان لە میدیا زیاتر بخرێتەڕوو".