كێ ناهێڵێت هێڵی ئینته‌رنێت له‌ عیراقدا باش ببێت؟
AM:11:26:26/03/2019



میترۆ، رادیۆ نه‌وا
ریاز مه‌سعودی‌ په‌رله‌مانتاری‌ ئیئتیلافی‌ سائیرون له‌ په‌رله‌مانی‌ عیراق ده‌ڵێت، چه‌ند لایه‌ن و كه‌سایه‌تییه‌كی‌ باڵاده‌ست له‌ رێگه‌ی‌ كۆمپانیاكانی‌ په‌یوه‌ندییه‌وه‌ سه‌روه‌ت و سامانێكی‌ زۆریان ده‌ستده‌كه‌وێت و رێگرن له‌وه‌ی‌ خێرایی‌ ئینته‌رنێت و كوالیتی هێڵه‌كانی‌ په‌یوه‌ندی‌ له‌ عیراقدا باشتر بكرێن.

ریاز مه‌سعودی‌ له‌لێدوانێكی‌ رۆژنامه‌وانیدا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌داوه‌، چیتر خراپی‌ خزمه‌تگوزاری‌ هێڵه‌كانی‌ په‌یوه‌ندی‌، له‌كاره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی‌ په‌رله‌مان نییه‌ و دۆسێی گرنگتر بونیان هه‌یه‌.

ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شداوه‌، دۆسێی زۆر گرنگ هه‌یه‌، كه‌ تائێستا ده‌ستیان بۆ نه‌براوه‌ له‌وانه‌ش داهاتی‌ هێڵه‌كانی‌ په‌یوه‌ندی‌، كه‌ له‌ 100 ملیۆن دۆلار تێناپه‌ڕێت، له‌كاتێكدا عیراق ده‌توانێت زیاتر له‌ یه‌ك ملیار دۆلار داهات له‌و كه‌رته‌دا كۆبكاته‌وه‌ و ئه‌گه‌ر پرۆژه‌كانی‌ تایبه‌ت به‌رێكخستنی‌ كه‌ناڵه‌ ئاسمانییه‌كانیش رێكبخاته‌وه‌، ئه‌وا ساڵانه‌ چوار ملیار دۆلار داهاتی ده‌بێت.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ رونیشیكردوه‌ته‌وه‌، چه‌ندین كه‌سایه‌تی‌ سیاسی‌ و وه‌ربه‌رهێنه‌ر و ئایینی‌ و عه‌شایه‌ری‌، كه‌ له‌ناو ده‌وڵه‌تدا ده‌ستیان هه‌یه‌، به‌شێكی‌ كاریگه‌ریان له‌و كۆمپانیایانه‌ی تایبه‌ت به‌ په‌یوه‌ندیه‌كان هه‌یه‌ و داهاتێكی‌ زۆریان ده‌ستده‌كه‌وێت، بۆیه‌ باشكردنی‌ هێڵه‌كانی‌ په‌یوه‌ندی‌ و ئینته‌رنێت له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ قورسه‌.