دامه‌زرێنه‌ری‌ ماڵپه‌ڕی‌ ویكیلیكس ده‌ستگیركرا
PM:03:26:11/04/2019


رادیۆ، نه‌وا
جولیان ئاسانج دامەزرێنەری ماڵپەڕی بەناوبانگی ویكیلیكس، لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا دەستگیركرا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە لینین مۆرینۆ سەرۆكی ئیكوادۆر رایگەیاند، حكومەتی وڵاتەكەی بڕیارێكی سەربەخۆی داوە لەبارەی لێسەندنەوەی مافی مانەوەی دیپلۆماسی لە جولیان ئاسانج دامەزرێنەری ماڵپەڕی ویكیلیكس، چونكە بەردەوام رێككەوتننامە نێودەوڵەتییەكان و پرۆتۆكۆلی پێكەوەژیانی پێشێلكردوە.
هەر لەپاش دەرچونی بڕیارەكەی حكومەتی ئیكوادۆر، ئاسانج لە ناو باڵیۆزخانەی ئیكوادۆر لەشاری لەندەن، لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیركرا.

جولیان ئاسانج رۆژنامەنوسی "ئوسترالی –ئیكوادۆری" و بەرنامە داڕێژەری كۆمپیوتەری خاوەنی ماڵپەڕی ویكیلیكس-ە، كە لەساڵی 2010دا ماڵپەڕەكەی لەجیهاندا ناوبانگی دەركرد ئەوەش دوای ئەوەی چەندین بەڵگەنامەی سەربازی و دیپلۆماسی ئەمریكای بڵاوكردەوە.

ئاسانج دواتر روبەڕوی چەندین تۆمەت كرایەوە، لەوانەش دزینی بەڵگەنامەی نهێنی و پەیوەندیكردن بە دوژمنەوە و تۆمەتی دەستدرێژی سێكسی، هەربۆیە لەلایەن حكومەتی سویدەوە بڕیاری دەستگیركردنی بۆ دەركراو برایە دادگاو لەدێیەكی بچوك دانرا، بۆی نەبوو بڕوات تا دادگاییەكەی كۆتایی دێت، بەڵام دواتر لەساڵی 2012 چووە باڵیۆزخانەی ئیكوادۆر لە لەندەن و داوای مافی پەنابەری كرد، لەوێش مافی مانەوەی پێدراو لەوكاتەوە لەو باڵیۆزخانەیەدا دەژی.