​فەیسبوک گۆڕانکاریی لە خزمەتگوزاریی نامەگۆڕینەوەدا دەکات
AM:10:02:15/04/2019


میترۆ، NRT2
کۆمپانیای فەیسبوک پلانی هەیە مەسنجەر ببەستێتەوە بە ئەپی سەرەکی فەیسبوکەوە و گۆڕانکاری لە خزمەتگوزاری نامەگۆڕینەوەدا بکات.

ڕۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکی بڵاویکردەوە، کۆمپانیای فەیسبوک پلانی هەیە مەسنجەر ببەستێتەوە بە ئەپی سەرەکی فەیسبوکەوە ئەمەش بە مانای ئەوەدێت، بەکارهێنەران دەتوانن وەکو پێشتر لە رێگەی ئەپی فەیسبوکەوە نامە بگۆڕنەوە و وێنە و ڤیدیۆ بنێرن، بە بێ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ ئەپی مەسنجەر.

رۆژنامەکە ئاماژەی بە راگەیەندراوێکی پێشووتری دامەزرێنەری فەیسبوک کردووە کە وتبووی، دەیانەوێت ئەپەکانی فەیسبوک و ئینستاگرام و مەسنجەر و واتسئەپ پێکەوە ببەستنەوە بۆ ئەوەی بەکارهێنەر بتوانێت نامە بگۆڕێتەوە بەو ئەپەی کە لەبەردەستیایەتی بە بێ ئەوەی ناچار بێت ئەپەکەی دابخات و ئەپێکی دیکە بکاتەوە.

ئاماژە بەوەش کراوە، جەین مانچون وۆن کە ناودارە بۆ دۆزینەوەی تایبەتمەندیی بڵاونەکراوە و گرفت لە سۆفتوێردا، شێوازێکی نوێی دەرخستووە کە وا لە بەکارهێنەران دەکات بە بێ ئەوەی لە ئەپی فەیسبوک دەربچن، نامە بۆ هاوڕیکانیان بنێرن.

ساڵی ٢٠١٤ فەیسبوک توانای چاتکردنی لە ناو ئەپەکەیدا سڕییەوە کە وای لە بەکارهێنەرانی کرد ئەپی ماسنجەر بەکاربهێنن. ئەپی ماسنجەر لە ساڵی ٢٠١١ لە ستۆرەکانی ئاندرۆید و ئای ئۆ ئێسدا دەرکەوت و زۆرێک لە بەکارهێنەرانی فەیسبوک پێیان وابوو کە پێویستییان بە دوو ئەپ نییە. ئەوەش هەنگاوێکی گرنگ بوو بۆ ئەوەی فەیسبوک شوێنی خۆیان لە ئەپەکانی نامە ناردندا جێگیر بکەن، هەروەها لە هەمان کاتدا بوو کە فەیسبوک "وەتس ئەپی"ی بە بڕی ١٩ ملیار دۆلار کڕییەوە.