وتاری سەنتەری میترۆ لە یادی دەرچوونی یەكەمین رۆژنامەی كوردی ئەمڕۆ لە پایتەختی ئاشتی شاری هەڵبجە




بەڕێز پارێزگاری هەڵبجە 
ئامادەبوانی مەراسیمی یادی رۆژنامەگەری كوردی
رۆژنامەنوسان‌و داكۆكیكارانی مافی مرۆڤ
ئەم كاتەتان باش
سەری رێز بۆ شەهیدانی رۆژنامەنوسی كوردستان و شەهیدانی ئەم شارە دادەنەوێنین و پیرۆزبایی لە رۆژنامەنوسانی كوردستان دەكەین.
سەنتەری میترۆ خۆشحاڵە كە لەگەڵ سەندیكای رۆژنامەنوسان ‌و بەڕێوەبەرێتی گشتی رۆشنبیری و هونەری هەڵەبجە هاوبەشە لەم مەراسیمە شكۆمەندە. 
رێكخستنی ئەم مەراسیمە لە پایتەختی ئاشتی و مرۆڤ پەروەر و ژیاندۆست بۆ ئێمە زیاتر لە مانایەكی هەیە كە گرنگترینیان ئەوەیە كە ئێمە لە شارێكدا ئەم یادە دەكەینەوە لە چاو شارەكانی تری هەرێم كەمترین توندوتیژی بەرامبەر رۆژنامەنوسان تۆماركراوە.
لێرەدا دەمەوێت ئاماژە بۆ ئەو پێشێلكاریانە بكەم كە لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاكو ئەمرۆ واتە 1ی كانونی دوهەم تا 22ی نیسانی 2019 بەم شێوەیە بووە:

28پێشَلكاری بەرامبەر بە 25 رۆژنامەنوس و دەزگای راگەیاندن كراوە كە بریتین لە:
رێگری: 13
هێرش و لێدان:4 
دەستبەسەركردن بە بێ بڕیاری دادگا: 9
داخستنی نوسینگەی كەناڵ: 1
سوتاندنی ئۆتۆمبیلی رۆژنامەنوس: 1

لە هەرێمی كوردستان ئازادیی كاری رۆژنامەنوسی‌و مافی زانیاری بە یاسای رۆژنامەگەری "ژمارە (35)ی ساڵی 2007" ‌و یاسای مافی دەستكەوتنی زانیاری "ژمارە (11)ی ساڵی 2013" پارێزاون، بەڵام بەردەوام لە گرژییە سیاسییەكاندا، رۆژنامەنوسان رووبەڕووی هەڕەشە، هەراسانكردن، لێدان، گرتن، و توندوتیژیی جۆراوجۆر دەبنەوە و بكەرانی ئەو كردارانەیش لە سزادان دەربازیان بووە.

یاسای رۆژنامەگەری "ژمارە (35)ی ساڵی 2007" دەبوو ببێتە بنەما بۆ مامەڵەكردنی هێزە ئەمنییەكان، بەرپرسە حزبییەكان و دادگاكان لەگەڵ رۆژنامەنوساندا.
سەنتەری میترۆ پێی وایە تا ئێستا ویستێكی سیاسی ئامادە نییە بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان ببێتە مەشخەڵی دیموكراسی لە ناوچەكەدا و رۆژنامەنوسانیش بێ ترس لە تۆڵەكردنەوە كارەكانیان ئەنجامبدەن.

سەنتەری میترۆ داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات سەرلەنوێ بە قووڵی لێكۆڵینەوە لەو هێرشانەی سەر رۆژنامەنووسان بكات، كە بەچارەسەرنەكراوی ماونەتەوە، سەرلەنوێ لێكۆڵینەوە لە دۆسییەی تیرۆركردنی رۆژنامەنوسان‌و سوتانی كەناڵەكان بكاتەوە، هەروەها گەرەنتی بدات لە پاراستنی سەلامەتیی گیانی رۆژنامەنوسان لەكاتی ئامادەكردنی راپۆرتەكانیاندا لەسەر مەسەلەكانی گەندەڵی‌و خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات.
هەر شاد بن.


AM:11:39:23/04/2019




ئه‌م بابه‌ته 260 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌