رۆژنامەنووسانی‌ کەرکوک: ڕێگری‌ لە کاری‌ میدیایی‌ دەکرێت





میترۆ، ده‌نگی‌ ئه‌مریكا 
ڕۆژنامەنووسانی‌ کەرکوک، دەڵێن ئازادی‌ کاری‌ رۆژنامەنووسی‌ لە شارەکەیان سنووردارکراوە، ئیدارەی‌ کەرکوک و هێزە ئەمنیەکانیش بە لە قاڵبدانی‌ ئازادی‌ میدیایی‌ تۆمەتباردەکەن.

سۆران داودی‌ پەیامنێری‌ کەناڵی‌ حوڕە، ئاماژەی‌ بەوەکرد رۆژنامەنووسان ناتوانن ئازادانە لە کەرکوک ڕوماڵی‌ ڕووداوەکان بکەن، دەڵێت"جاران ئازادی‌ بۆ کەناڵە حیزبیەکان زیاتربوو، بەڵام ئێستا گرفت بۆ ئەوانیش دروستبووە."

ناوبراو بە دەنگی‌ ئەمەریکای‌ وت"رۆژنامەنووس دەبێت خۆی‌ لەگەڵ دۆخەکەدا بگونجێنێت و کاری‌ خۆی‌ بکات، لەگەڵ ئەوەشدا ئاگاداری‌ گیانی‌ بێت، تا لەبری‌ گواستنەوەی‌ هەواڵ، خۆی‌ نەبێتە هەواڵ."

بەشێک لە رۆژنامەنووسانی‌ کورد، پێیانوایە ئیدارەی‌ شارەکە جیاوازی‌ دەکات لە نێوان رۆژنامەنووساندا، بە تایبەت ئازادی‌ زیاتر بۆ راگەیاندکارە عەرەب و تورکمانەکان فەراهەمکراوە.

هەردی‌ محەمەد پەیامنێری‌ کەناڵی‌ ڕووداو، پێیوایە ئازادی‌ کاری‌ میدیایی‌ بۆ میدیاکارە عەرەب و تورکمانەکان فەراهەمکراوە، لە کاتێکدا تا ماوەیەکی‌ زۆر ڕوماڵکردن لە هەندێک میدیای‌ کوردی‌ قەرەدەغەکراو بووە.

پەیامنێری‌ کەناڵی‌ ڕووداو، دەزگا ئەمنیەکان تۆمەتبار دەکات بە چاوسوورکردنەوەی‌ لە ڕۆژنامەنووسان و ئیدارەی‌ کەرکوکیش تۆمەتبار دەکات بەوەی‌ هەوڵی‌ ئەوە دەدات رۆژنامەنووسان بخاتە ژێر رکێفی‌ خۆیەوە، وەکئەو دەڵێت"ئازادی‌ کاری‌ رۆژنامەگەری‌ لە کەرکوک تەواو سنووردارکراوە."

هاوکات ئاسۆ ئەحمەد پەیامنێری‌ کەناڵی‌ ئێن ئارتی‌ لە کەرکوک، ئاماژەی‌ بە گرفتێکی‌ تری‌ بەردەم کاری‌ میدیایی‌ لە شارەکەی‌ کرد، وتی‌"گەر بەرپرسی‌ دام‌ودەزگاکانی‌ کەرکوک خزمت نەبن، یاخود پەیوەندی‌ شەخسیت لەگەڵیان نەبێت، زانیاریت پێنادەن."

لای‌ خۆشیەوە کاروان ساڵحی‌ پەیامنێری‌ سایتی‌ کەرکوک ناو، تازەترین نمونە بۆ ڕێگریکردن لە کاری‌ میدیایی‌ دەهێنێتەوە، دەڵێت"هەفتەی‌ رابردوو کاتێک وەفدێکی‌ ئەنجومەنی‌ وەزیران سەردانی‌ کەرکوکیان کردووە، بۆ ماوەیەکی‌ زۆر ڕێگریان لێکردووە تا بچێتە نێو بینای‌ پارێزگا، لە کاتێکدا میدیاکارانی‌ سەر بە نەتەوەکان تێیاندابووە بێ ناسنامەش کراونەتە ژوورەوە."

ئەگەر تا پێش 16 ی‌ ئۆکتۆبەری‌ ساڵی‌ 2017 کارکردن بۆ میدیاکارانی‌ سەربە حیزبەکان بێ گرفت بووبێت، ئەوا لەئێستادا ئەوانیش بەگلەین لە دۆخەکە.

خەبات نەجمەدین پەیامنێری‌ کەناڵی‌ گەلی‌ کوردستان ی‌ سەربە یەکێتی‌ نیشتیمانی‌، رەخنە لەئیدارەی‌ کەرکوک دەگرێت بەوەی‌ کەناڵە کوردیەکان بانگهێشتی‌ کۆنگرە رۆژنامەوانیەکان بەکەمی‌ دەکات یاخود نایکات.

خەبات دەڵێت"ئیدارەی‌ شار دوور لە چاوی‌ راگەیاندن کارەکانی‌ دەکات، زۆرجاریش دەزگا ئەمنیەکان رێگری‌ دەکەن لە رۆژنامەنوسان بۆ ئەنجامدانی‌ کارەکانیان."

هاوکات چیا رۆژبەیانی‌ پەیامنێری‌ کەناڵی‌ پەیامی‌ سەربە کۆمەڵی‌ ئیسلامی‌،ئیدارەی‌ کەرکوک تۆمەتباردەکات بەوەی‌ هەوڵی‌ چاودێری‌ کردنی‌ ڕوماڵی‌ کەناڵەکانی‌ راگەیاندن دەدات، باسیلەوەکرد رووماڵکردنی‌ کێشە و گرفتەکانی‌ دەرەوەی‌ سەنتەری‌ کەرکوک بۆ رۆژنامەنوسان زور ئەستەمە، وەکئەو دەڵێت"بۆ چوونە قەزاو ناحیەکان، دەبێت رەزامەندی‌ دەزگا ئەمنیەکان وەربگریت یان لەگەڵ خۆیاندا بچیت."

نیگەرانی‌ رۆژنامەنوسانی‌ کورد لە ئیدارەی‌ کەرکوک و هێزە ئەمنیەکان لەکاتێکدایە، میدیاکارانی‌ عەرەب و تورکمانیش، تا پێش 16 ی‌ ئۆکتۆبەری‌ ساڵی‌ 2017 ئیدارەی‌ کوردی‌ و هێزە ئەمنیەکانیان بە رێگریکردن لێیان تۆمەتبار دەکرد.


AM:11:42:23/04/2019




ئه‌م بابه‌ته 84 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌