د.بەشیر پیرۆزبایی لە رۆژنامەنووسانی كوردستان دەكات



بەبۆنەی 121ـەمین ساڵیادی دەرچوونی ژمارەی یەكەمی رۆژنامەی كوردستان لە 22ی نیسانی 1898 لەقاهیرەی پایتەختی میسڕ كە هاوكات رۆژی رۆژنامەگەری كوردیە، د. بەشیر حەداد جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق گەرمترین پیرۆزبایی پێشكەشی رۆژنەمانووسانی كوردستان كرد . 

د. بەشیر ستایشی رۆڵی رۆژنامەنووسانی كوردستان كرد وخەبات وتێكۆشانیانی بەرز نرخاند ودووپاتیشی كردەوە رۆژنامەگەری كوردی هەمیشە پێشەنگ بووە لە رووماڵكردنی روداو وپێشهاتە سیاسیەكانی سەر ئاستی هەرێمی كوردستان وعیراق لە سەختترین قۆناغ دا.

جەختی لەسەر ئەوەش كردەوە رۆژنامەگەری لە كوردستان بەهەبوونی دەرفەتی فراوانی كاركردن بە شێوەیەكی ئازادانە، بوارێكی گەورەی بۆ چەسپاندنی بنەماكانی دیموكراسیەت وبونیادنانی دەوڵەتی سیستەماتیك وسەروەری یاسا هەبوو.

د.بەشیر حەداد داوای پاڵپشتی تەواوی رۆژنامەنووسانی كوردستان وعیراق كردەوە لەڕووی مادی ومەعنەویەوە چونكە ئەوان نوێنەرایەتی دەسەڵاتی چوارەم دەكەن لەدوای هەرسێ دەسەڵاتی یاسادانان وجێبەجێكار ودادەوەری دا وجەختی لەسەر پێویستی فەراهەمكردنی كەش وهەوای تەندروست كردەوە بۆ پێدانی دەرفەتی كاری پیشەیی وداهێنەرانە بۆ رۆژنامەنووسان چونكە كۆمەڵگا هەمیشە پێویستی بەرۆڵی ئەوانەوە هەیە ، ئاماژەی بۆ گرنگیدان بە پێشخستنی كەناڵەكانی راگەیاندن كردەوە بە بینراو و بیستراوەوە بەتایبەتی دوای ئەو پێشكەوتنە گەورەیەی لەڕووی نەوعی وزانیاریەوە لەسەر ئاستی جیهاندا هاتنە دی، داواشی كرد دەرفەتی زیاتر بۆ رۆژنامەنووسان بكرێتەوە بۆ بەشداریكردنی راستەقینە لە چەسپاندنی بنەماكانی سەقامگیری ومافی مرۆڤ وپێكەوەژیانی ئاشتیانە وقبووڵكردنی بەرامبەر لە كۆمەڵگا لەنێوان هەموو پێكهاتەكانی عیراق دا هەروەها پاراستنی دەستكەوتەكان.

نوسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران 
22 ی نیسان 2019


PM:12:21:23/04/2019




ئه‌م بابه‌ته 184 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌