وتاری‌ نێچیرڤان بارزانی‌ له‌یادی‌ 121 ساڵه‌ی‌ رۆژنامه‌گه‌ری‌ كوردیدا





میترۆ، خه‌بات 
بارزانی، هەروەها رایگەیاند: "با ئێمە وا تێنگەین کە دیموکراسی هیچ کێشەی نییە، لە دیموکراسیدا ئەوەی کەمی هێناوە و ئەوەی زۆریشی هێناوە وەکو یەک مافیان هەیەو قسە دەکەن، بۆیە دەبێت ئێمە پشوومان درێژ بێت و لایەنەکان کاتی تەواویان هەبێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان”.

ده‌قی وتاری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان:
ئاماده‌بووانی‌ به‌ڕێز،
به‌یانیتان باش،
سڵاوتان لێ بێ و بەخێرھاتنێکی گەرمی ھەموو لایەکتان دەکەم، بەتایبەتیش بەخێرھاتنێکی گەرمی مامۆستای بەڕێز و خۆشەویست کەلیموڵڵای تەوەحودی دەکەم، زۆر به‌خێر بێی. ھەولێر و ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی ھەرێم شانازی بە سەردانی مامۆستا (تەوەحودی)ییه‌وه‌ دەکەن كه‌ ئه‌مڕۆ لێره‌ ته‌شریفی هێناوه‌ بۆ ماڵی خۆی، به‌خێر بێت.

ھەموومان شانازی بە خەباتی ڕۆشنبیری و ھونەریی مامۆستا (تەوەحودی)ییه‌وه‌ دەکەین لەپێناو داھاتوویەکی باشتر بۆ گەلی کوردستان. ئـەوان نموونەی ئـەو ڕۆشنبیرانەن کە مێژووی کوردستان بە شانازییەوە لاپەڕەی زێڕینیان بۆ دەکاتەوە.

دەستخۆشی و سوپاس و پێزانینم بۆ ئـەکادیمیای کوردی بۆ بانگهێشتكردنی‌ مامۆستا (تەوەحودی) و سـازدانی ئـەم ڕێزلێنان و خەڵاتکردنە، کە ڕووداوێکە لە کاتی خۆی و لە شوێنی خۆیدایە، زۆر سوپاس.
ھەروەھا ئـەمڕۆ كه‌ ڕۆژی‌ ڕۆژنامەوانیی كوردییه‌، لەم بۆنەیەدا سڵاو لە یادی مامۆستایان میقداد مەدحەت بەدرخان و عەبدولڕەحمان بەدرخان کە ئـەم دوو گه‌وره‌ ڕۆشنبیره‌ لە ھەندەران و دەربەدەریدا گرینگترین لاپەڕەیان لە مێژووی زمان و ڕۆشنبیری و خەباتی سیاسیی کوردیدا تۆمار کرد.

پـیـرۆزبـایـی‌ لـه‌ سـه‌نـدیـكـای‌ ڕۆژنـامـه‌نووســان و تــه‌واوی‌ ڕۆژنامه‌نووسانی‌ كوردستان ده‌كه‌م.
ھەر لەم بۆنەیەدا سڵاو بۆ یادی پیرەمێردی نەمر و حوسێن حوزنی موکریانی دەنێرین کە دوو ئـەستێرەی گەشن لە مێژووی ڕۆژنامەوانیی کوردستاندا.

سڵاو لە یادی دەیان ڕۆشنبیر و ڕۆژنامەنووس و نووسەری کوردستان کە ھەموو ژیانی خۆیان بۆ پاراستنی ناسنامەی زمان و کولتووری کوردی تەرخان کرد، ژمارەیەکیشیان ھەر لەم ڕێگایەدا شەھید بوون وەک دارا تۆفیق، ساڵح یووسفی، شاکر فەتاح و مووسا عەنتەر.

بەڕێزان وەک دەبینن، ئـەگەر ئـێمە لە یادی ڕۆشنبیر و گەورە نووسه‌رانی‌ مێژووی خۆماندا درێژە بە ناوھێنان بدەین، ماوەیەکی زۆری دەوێ و تەواویش نابین.

گەلی کوردستان لەپێناو مانەوەی خۆی و پاراستنی وڵاتەکەیدا، لەوەتەی ھەیە بە ھەموو شێوەیەک خەبات دەکات و خۆی بە دەستەوە نادات. ئـەم خەباتەش ھەر بەردەوام دەبێ تا ئـەو ڕۆژەی دنیای دوور و دەوروبەری نزیک، بوونی ئـێمە دەسەلمێنێ و کوردستان دەچێتە ڕیزی گەلانی دیكه‌ لە ژیانێکی سەردەمییانەدا.
وەک خۆتان دەزانن باوک و باپیرانی ئـێمە بۆ یەک ڕۆژیـش كه‌مته‌رخه‌مییان لە خەبات و پشوودرێژی و بەرخۆداندا نه‌كردووه‌، بەڵکو بەردەوام خاکی وڵاتیان بە خوێنی ڕۆڵه‌كانیان سوور کردووه‌، ئـەمەش بووه‌ مـایەی سەرسامییەکی گـەورە لە مێژوودا  کەوا بۆچی ئـەم خەبـاتە تاکو ئـێستا نەھاتـووەتە بەرھەم و گەلی کوردستان به‌ ڕۆژی‌ خۆی‌ نەگەیشتووە؟!
ھەروەکو مامۆستای‌ گەورەمان (ئه‌حمه‌دی‌ خانی) سەری سوڕماوە و فه‌رموویه‌تی‌:
ئـەز مامە د حیکمەتا خودێدا
کورمانج د دەولەتا دنێدا
ئـایا ب چ وەجھی مانە مەحرووم؟
بیلجوملە ژبۆ چ مانە مەحکووم؟
بەڵام سەرەڕای ئـەو ڕابردووە تاڵه‌، ئـێمە گەورەترین شانازیمان لە مێژوودا ھـەیە، ئـەویـش ئـەوەیـە ھەر ماوین و لەناو نەچووین. شانازییەکی لەمەش گەورەترمان ھەیە ئه‌ویش ئـەوەیە كه‌ ئـێمە ھەر بە یەکگرتوویی ماینەوە. نە شێوەی ئـاخاوتن، نە ئـایین، نە مەزھەب و نە ئـاوارەیی دوور لە وڵات، نەیانتوانی ئـێمە لە یەکتر جیا بکەنەوە.

ئـەوانەی کە لەم ھەولێرە، یان لە ھەر شار و دێیەکی نیشتمانی گەورەی کوردستان دەژین، ھەروەھا ئـەوانەش کە لە گوند و بن ڕەشماڵەکانی خۆراساند ژیان بەسەر دەبەن، ھەموو ڕۆژ ھەمان ئازار و هه‌مان دەردیان ھەیە و ئــاخ بۆ داھاتووی کوردستان ھەڵدەکێشن. کورد لە ھەر کوێیەک بێت ھەر بۆ یەک ئـامانج و یەک داھاتوو، درێژە بە ژیانی خۆی دەدات.

مێژوو شاهێدە کەوا لە ڕابردوودا کەس نەیتوانیوه‌ ئـێمە لەناو ببات.  زۆر گەل و میللەتی گەورەتر ھەبوون مێژوو لەناوی بردن، بەڵام ئـێمە ھەر ماوین و تازەش بە کەس لەناو ناچین. بێگومان ئـەم مانەوەیەش بە پلەی یەکەم دەگەڕێتەوە بۆ زمانی کوردی و دابونەریتی کوردەواری کە ناسنامەی ئـێمەن، ھەروەھا دەگەڕێتەوە بۆ مووزیک و ستران و گۆرانیی کوردی کە ھەستی یه‌كبوون و شانازییان لای تاکی ئـێمە دروست کردووە.
ڕۆشنبیران و لاوانی ئـەمڕۆ دەبێ جارێکی دیكه‌ ئـەو وانه‌یه‌ لە تاقیکردنەوەی مامۆستایانی‌ به‌ڕێزی‌ وه‌ك (تەوەحودی)یەوە فێر ببنەوە کە تەنیا ناسنامەی زمان و کولتوورە ئـێمەیان لە دنیادا ڕاگرتووە و پاراستووە. بۆیە دەبێ بەردەوام وریای ئـەم ناسنامەیە بین و دەوڵەمەندتری بکەین.

زۆر جار گوێمان لێ دەبێت ھەندێ کەس دەڵێن (شاخەکان تاکە دۆستی گەلی کوردن)، بەڵام من دەڵێم: (زمانی کوردی زیاتریش لە شاخەکان کوردی پاراستووە). گەلی کورد لە خۆراسان باشترین بەڵگەیە بۆ ڕاستیی ئـەم قسەیە، ھەروەھا خەبات و ماندوبوونی مامۆستا (تەوەحودی) باشترین بەڵگەیە کەوا تۆمارکردن و پاراستنی کولتوور و مووزیک، دەتوانن گەلێک و نەتەوەیەک بە زیندوویی بھێڵنەوە.

ئـەمڕۆ کە ئـێوەی به‌ڕێز لێرە دانیشتوون، ھەروەھا مامۆستای‌ ئازیزمان (کەلیموڵڵای تەوەحودی) لەگەڵماندایە، دەمەوێ جەختێکی زیاتر لە پیرۆزیی زمانی کوردی بکەمەوە، بەتایبەتیش کە ئـەمڕۆ ساڵوەگەڕی دەرچوونی یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی (کوردستان)ە بەر لە (١٢١) ساڵ.

لەم ساڵانەدا، لەبارەی زمانی کوردییەوە بەردەوام گوێمان لە گلەیی دەبێت.  بێگومان ئـێمە ھەموومان قبووڵ دەکەین کە بەرپرسیار بین، بەڵام ھیچ شتێک ناگاتە ئـەوەی مرۆڤی کورد وەکو تاکێک خۆی بەرپرسیار بزانێت.  جاران نە حکوومەت ھەبوو، نە دامودەزگای ڕۆشنبیری، بەڵام بۆ ھەزاران ساڵ زمان ھەر دەما و ھەر گەشەی دەکرد. لەم سەردەمەدا بێگومان دامودەزگای ڕۆشنبیری ڕۆڵیـان لـە پـەرەسـەندنی زمـاندا یەکجـار زۆرە، بـەڵام ھـەسـتی بەرپرسیاری لای تاکی خوێندەوار مەرجی یەکەمە بۆ زمانی کوردی.

نموونەیەک دەھێنمەوە بۆ گه‌نجان و لاوانی خۆمان:
ئـێمەی کورد لە شێوه‌زاری‌ کرمانجیی ناوەڕاستدا چەندین شاعیر و نووسەری گه‌وره‌ری‌ وەک: ھەژار، ھێمن، حەسەنی قزڵجی، شوکور مستەفا، مەسعوود محەمەد، عەلائـەدین سەجادی و شێخ محەمەدی خاڵمان ھەیە کە سەتان کتێبیان بۆ ئـێمە بەجێ ھێشتووە.

ھەروەھا لە شێوه‌زاری‌ کرمانجیی سەروودا چەندین شاعیر و گه‌وره‌ نووسه‌ری‌ وەک: ئـەمینێ عەڤدال، حەجی جندی، قەناتێ کوردۆ، جگەرخوین، عەرەبێ شەمۆ و محه‌مه‌د ئوزونمان ھەیە، کە ئـەوانیش سەتان سەرچاوەیان بۆ ئـێمە جێھێشتووە.

بێگومان لە شێوه‌زاری‌ ھەورامیشدا شاعیری گەورەی وەک مەولەوی و خانای قوبادیمان ھەیە بۆ پاراستنی زمانەکەمان.
دەبێ لاوانمان بەردەوام ئـەو سەرچاوانە بکەن بە ڕێبەر و ڕێنوێنی خۆیان لە نووسینی زمانی کوردیدا. ھەروەھا دەبێ ستران و فۆلکلۆری کوردی لە ھەموو ناوچەکان ببن بە سەرچاوە بۆ زمانێکی خاوێن و ڕەسەن و پەتی. لەمبارەیەوە مامۆستا (تەوەحودی) شاسوار و مامۆستایەکی گەوره‌یه‌ و خاوەن ئه‌زموونێكی‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌.

نابێ ئـێمە ڕۆژانە گوێمان لەوە ببێتەوە کە زمانی کوردی لە مەترسیدایە، بە پێچەوانەوە دەبێ ڕۆژانە مژدەمان بدەنێ کەوا زمانی کوردی ھەر لە پەرەسەندن و گەشەدایە.

دووباره‌ داواتان لێدەکەم، تکاتان لێده‌كه‌م ئـاگاتان لە زمانی کوردی بێت و بیپارێزن. زمـان نیشتمانی دووەمی ئـێمەیە. تەنانەت ئـەو کوردەی کە نیشتمانی یەکەمیش ون بکات، دەتوانێ بە ھۆی نیشتمانی دووەمەوە کە زمانی کوردییە، ھەر وەک مرۆڤێکی ســەربەخۆ بەخـتەوەرانە بژی. نموونەش خوشک و برا ئـازیزەکانی کوردی خۆراسانن کە ئـەمڕۆ مامۆستا (تەوەحودی) نوێنەری ناسنامەی کوردبوونی ئـەوانە لە ڕێی زمان و کولتوورەوە.
جارێکی تریش سوپاس بۆ ھاتنی مامۆستا تەوەحودی و شاندی ھاوڕێیان، لە ڕێگەی ئـەوانەوە سڵاو دەنێرین بۆ کـوردی کرمانجی خۆراسان و هه‌ر كوردێك له‌ هه‌ر كوێیه‌كی‌ دنیا بێت.

هه‌ر لێره‌وه‌ وێڕای‌ ده‌ستخۆشی‌ بۆ مامۆستا ته‌وه‌حودی‌ بۆ كار و به‌رهه‌مه‌ جوانه‌كانی‌، ڕایده‌گه‌یه‌نین: هه‌موو به‌رهه‌مه‌كانی‌ مامۆستا كه‌ چاپ نه‌كراون، هه‌موویان چاپ ده‌كه‌ین.

ئاماده‌بووانی‌ به‌ڕێز،
له‌ كۆتاییدا دەمەوێ لێره‌ قسەیەکی کورتیش لەسه‌ر بارودۆخی ئێستای كوردستان بكه‌م.
لەم ڕۆژانەدا کە نزیكه‌ی شەش مانگ زیاتر بەسەر ھەڵبژاردنی گشتی لە کوردستاندا تێدەپەڕێت، خۆتان دەزانن گلەیی زۆرە لەوەی کە پێکھێنانی كابینه‌ی‌ نوێی‌ حکوومەت دواکەوتووە.
هه‌موو لایه‌ك دڵنیا ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ لایەنە سیاسییه‌كان دواجار ھەر دەبێ بگەنه‌ ڕێککەوتن. با ئـێمە وا تێنەگەین کە دیموکراسی ھیچ کێشەی نییە.  لە دیموکراسیدا ئـەوەی کەمی ھێناوە و ئـەوەی زۆریشی ھێناوە وەکو یەک مافیان ھەیە و قسە دەکەن. بۆیە ئـێمە دەبێ پشوومان درێژ بێ و لایەنەکان کاتی تەواویان هه‌بێ بۆ چارەسەری کێشەکانیان.

ئه‌م دواكه‌وتنه‌ ئاسایییه، به‌رژه‌وه‌ندیی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان وا ده‌خوازێ كه‌ كاتی‌ ته‌واو بدرێته‌ پرۆسه‌ی‌ گفتوگۆی‌ پێكهێنانی‌ كابینه‌ی‌ نوێی‌ حكوومه‌ت‌، چونكه‌ ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت سه‌قامگیریی‌ سیاسی‌ و كۆمه‌ڵایه‌تی‌، ته‌بایی‌ و ئاشته‌وایی‌، بووژانه‌وه‌ی‌ ئابووری‌ و خۆشگوزه‌رانی‌ بۆ وڵاته‌كه‌مان هه‌بێت. ده‌مانه‌وێت لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان،  به‌تایبه‌تی‌ لایه‌نه‌ سه‌ره‌كییه‌كان به‌شداری‌ له‌ حكوومه‌تدا بكه‌ن و پێكه‌وه‌ كار بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی‌ كوردستانێكی‌ به‌هێز و دواڕۆژێكی‌ گه‌شتر بۆ وڵاته‌كه‌مان بنیات بنێین.

ئـەوەی بۆ ئـێمە گرنگە ئـەوەیە کە یەکڕیزی و تەباییی ناوخۆمان ھەبێ، هه‌روه‌ها پاراستنی تەبایی لەگەڵ دەوروبەردا. ئـێمە بە پشتیوانیی ئـێوە ھەوڵ دەدەین گرژی و ناتەبایی لە داھاتوودا ڕوونەدەن. دڵنیا بن ڕۆژانی‌ خۆشتر چاوه‌ڕێی‌ گەلی کوردستانن، ھەموومان بە گەشبینییەوە چاوەڕوانی داھاتوویه‌كی باشین و پێكه‌وه‌ هه‌نگاو ده‌نێین بەرەو كوردستانێكی به‌هێز بۆ هه‌موولایه‌كمان.

ده‌مه‌وێ ئاماژه‌ به‌ قسه‌كانی مامۆستا نه‌جات بده‌م كه‌ له‌ سه‌ره‌تا باسی كرد، ده‌مه‌وێ دڵنیای بكه‌مه‌وه‌، بێگومان ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی ڕابردوو كه‌مته‌رخه‌می كراوه‌ له‌ گرنگیدان به‌ پرسی ئه‌كادیمیای كوردی و ئه‌و كارانه‌ی كه‌ جه‌نابیان باسی كرد، به‌ڵام به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ ئێمه‌ به‌ ڕۆژانی زۆر ناخۆش و سه‌ختدا تێپه‌ڕین، هه‌ندێك بابه‌ت هه‌بوون كه‌ له‌ كاره‌ له‌پێشینه‌كانی ئێمه‌ بوون وه‌ك شه‌ڕی داعش و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی دیكه‌، به‌ڵام به‌ دڵنیاییه‌وه‌ له‌مه‌ودوا ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌بێته‌ بابه‌تێكی سه‌ره‌كی و گرنگییه‌كی جددیشی پێده‌ده‌ین، كۆبوونه‌وه‌یه‌ك ئه‌نجام ده‌ده‌ین و ئه‌و كێشانه‌ی هه‌تانه‌ بۆتانی چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ین، له‌وه‌ دڵنیا بن.
جارێكی دیكه‌ به‌خێرهاتنێكی گه‌رمی مامۆستا ته‌وه‌حودی ده‌كه‌م كه‌ له‌ خۆراسانه‌وه‌ ته‌شریفی هێناوه‌ و دوێنێش سه‌ردانی كه‌ربه‌لا و نه‌جه‌فی كرد و دوعای بۆ ئێمه‌ش كردووه‌.
به‌خێربێی مامۆستا سه‌رچاوان


PM:04:16:23/04/2019




ئه‌م بابه‌ته 196 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌