میترۆ
پارێزەری دۆسیەی هێرشکردنە سەر ئاسۆس هەردی ڕایگەیاند، تا ئێستا پۆلیس تۆمەتبارانی دۆسیەکە ئاگادارناکاتەوە و بەو هۆیەشەوە جارێکی دیکە دۆسیەکە دواخرا.
کارزان فازڵ پارێزەری دۆسیەی هێرشکردنە سەر ئاسۆس هەردی لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەری ئاوێنە ئاماژەی بەوە کردووە، ئەمڕۆ سێشەممە جارێكی دیكە دۆسیەی دادگاییكردنی تۆمەتباران دواخرا و تا ئێستاش پۆلیس تۆمەتباران ئاگادارناکاتەوە کە كەسانی دیارن و شوێنیشیان زانراوە.
ئەوەشی ئاشکراکردووە، "تۆمەتبارانی کەیسەکە، كە پێشمەرگەن، تا ئێستا تەبلیغ نەكراون، موفاتەحەی هێزەكانی یەكەی ٧٠ی هێزی پێشمەرگەش كراوە، كەچی پۆلیس تەبلیغی تۆمەتبارەكان ناكەن."
ڕوونیشیکردووەتەوە، "ناو و شوێنی تۆمەتبارەكان زۆر دیار و ئاشكران و پۆلیسی سلێمانی هەڵناسێت بە ئاگاداركردنەوەی تۆمەتبارانی هێرشكردنەكە کە ڕووداوەكە دەگەڕێتەوە و هەموو جارێك بە بیانوی ئاگادارنەكردنەوەی تۆمەتبارەكان دادگاییەكە دوادەخرێت."
لە ساڵی ٢٠١١ و ماوەیەک دوای بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندانەکانی ١٧ی شوبات، لەلایەن چەند کەسێکەوە هێرشکرایە سەر ڕۆژنامەنووس ئاسۆس هەردی، کە ئەوکاتە سەرنووسەری ڕۆژنامەی ئاوێنە بوو.