پێنج چین و توێژ ده‌توانن داوای‌ مافی‌ په‌نابه‌رێتی‌ له‌ قه‌ته‌ر بكه‌ن





میترۆ، رادیۆ نەوا
قەتەر، پێنج چین و توێژی دیاریكردوە، كە دەتوانن داوای مافی پەنابەرێتی سیاسی لەو وڵاتە بكەن.
ئەو پێنج چین و توێژەی قەتەر دیاریكردوە، كە دەتوانن دوای مافی پەنابەرێتی سیاسی لەو وڵاتە بكەن، لەنێویاندا میدیاكار هەیە.

بڕیارەكە لە مانگی ئەیلولی ساڵی رابردو لەلایەن تەمیم بن حەمەد ئال سانی میری قەتەرەوە دەركرابوو، رۆژی یەكشەممەی رابردو لە رۆژنامەی فەرمی قەتەردا بڵاوكراوەتەوە.

بەپێی بڕیارەكە پێنج چین و توێژ دەتوانن داوای مافی پەنابەرێتی سیاسی لە قەتەر بكەن و ئەوانیش بریتین لە مافپەروەر، پەیامنێر و رۆژنامەنووس، ئەو كەسایەتیانەی سەربە پارت و لایەنی ئایینین، نوسەر و لێكۆڵەر لەگەڵ بەرپرسی ئێستا یان پێشوو، بەڵام بەو مەرجەی هەڕەشەی لێكرابێت.

هەر كەسێك لەو پێنج چین و توێژە مافی پەنابەرێتی سیاسی لە قەتەر وەربگرێت، مانگانە 820 دۆلار بە خۆی و 220 دۆلاریش بە هاوسەر و هەر منداڵێكی دەدرێت تا ئەوكاتەی كارێكی گونجاو دەدۆزێتەوە.

لەلایەكی دیكەوە هەر كەسێك لەو چین و توێژە، كە مافی پەنابەرێتی سیاسی لە قەتەر وەردەگرێت، جگە لە دامەزراوە ئەمنییەكان، دەتوانێت لە هەموو دامەزراوەكانی ئەو وڵاتەدا كاربكات، هەروەها لەوێش شوێنی نیشتەجێبون، بیمەی تەندروستی و خوێندنی بۆ دەستەبەر دەكرێت.


PM:04:39:21/05/2019




ئه‌م بابه‌ته 604 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌