چەند سكاڵایەك لە دژی نووسەری كتێبی (دیداری تەمەن) تۆمار دەكرێن






میترۆ، رووداو

زۆر كەس بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێ‌ بوون بزانن جەلال تاڵەبانی، چۆن سەربوردەی ساڵانی درێژی خەباتی سیاسی و پێشمەرگایەتیی خۆی گێڕاوەتەوە. چەند رۆژێكی كەم بەسەر چاپكردنیدا تێپەڕیبوو، ناڕەزایی و گلەیی بەسەریدا دابارین. كتێبی "دیداری تەمەن" كە نووسەرەكەی دەڵێت سەرلەبەری لە زمانی تاڵەبانییەوە گواستووەتەوە، ئێستا لەلایەن خێزانی رەسوڵ مامەند و چەند كەسێكی دیكەوە سكاڵای لەسەر تۆمار كراوە. ئامادەكاری كتێبەكەش دەڵێ: "ئەوان ئەگەر گوێ لە دەنگەكە بگرن، سوپاسیشم دەكەن، چونكە خاترم گرتوون". مەبەستی لەو كاسێتانەیە كە دەنگی مام جەلالن و لە دانیشتنی دووبەدوودا تۆماری كردوون.

مانگی نیسانی 2017 ، لەوكاتەی چەند ساڵێك بوو مام جەلال بەهۆی جەڵتەیەكی مێشكەوە لە زمان و جووڵە كەوتبوو، كتێبی (مام جەلال-دیداری تەمەن، لە لاوێتییەوە بۆ كۆشكی كۆماری) بڵاوكرایەوە. 
سەڵاح رەشید، نووسەری كتێبەكە لە كۆتایی هەشتاكاندا لە ئەڵمانیا تاڵەبانی بینیوە و داوای لێكردووە وەڵامی چەند پرسیارێكی رۆژنامەوانی بداتەوە "بیرۆكەكە سەرەتا ئەوە بوو، بەڵام ئیدی پرسیار پرسیاری دیكەی رادەكێشا و بەو شێوەیە درێژ بووەوە و 15 ساڵی خایاند".

"مام جەلال بەپێی هەلومەرجەكان و گۆڕانكارییە سیاسییەكان قسەی دەكرد، بۆیە هەندێكجار بۆچوونەكانی گۆڕانكارییان بەسەردا دەهات، هەندێك كەس وا تێدەگەن كە ئەوە رای مام جەلال نییە". سەڵاح رەشید، لە نیگەرانیی هەندێك لەوانە تێدەگات كە لە كتێبی دیداری تەمەندا خراپ ناویان هاتووە، بەڵام دادپەروەری لەوەدا نابینێتەوە گلەیی رووبەڕووی ئەو بكرێنەوە "دەكرێ ئەو گلەییانە ئاراستەی مام جەلال بكرێن".

لە كتێبەكەدا لەسەر زاری مام جەلالەوە رەخنەی توند لە پارتی و مەلا مستەفا گیراوە، سەڵاح رەشید چاوەڕێی ئەوە بووە ئەوان زیاتر گلەیی بكەن، بەڵام دەڵێت لە نێو ماڵباتی بارزانی هیچ گلەییەكی پێنەگەیشتووە و سكاڵاش لە دژی تۆمار نەكراوە.

سەڵاح رەشید دەڵێت بەر لەوەی كتێبەكەی چاپ بكات، هەر یەك لە بەرهەم ساڵح، فەرید ئەسەسەرد و ستران عەبدوڵڵا و نەوشیروان مستەفا بینیویانە.

لەنێو بەرپرسانی كۆن و نوێی یەكێتیدا، جگە لە مامۆستا جەعفەر هیچ كامیان لەدژی ئەم كتێبە بەدەنگ نەهاتوون. ئەو كە پێشتر ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بووە، كتێبەكە وا دەبینێ كە زیانی لە ناوبانگی مام جەلال و یەكێتی داوە بەوپێیەی دڵی زۆر بنەماڵە و خێزانی شكاندووە كە لە دێرزەمانەوە لە ریزەكانی ئەو حیزبەدا كاری سیاسی و پێشمەرگانەیان كردووە و هەندێكیان شەهید بوون. هەندێك لەو بنەماڵانەش ئێستا پەنایان بۆ دادگا بردووە، لەوانە خێزانی رەسوڵ مامەند و خێزانی مەلا ناسیح.

 ئارام رەسوڵ مامەند، كە یەكێكە لەوانەی كتێبەكە نیگەرانی كردووە، دەڵێ دوای بڵاوبوونەوەی كتێبەكە سكاڵامان لە دژی تۆمار كردووە "سێ بۆ چوار جار ئاگاداركردنەوە بۆ سەڵاح رەشید نێردراوە بۆئەوەی بێتە دادگا، بەڵام تاوەكو ئێستا نەهاتووە".

داواكاریی خێزانی رەسوڵ مامەند ئەوەیە بۆیان بسەلمێنرێ‌ ئاخۆ "ئەوانەی بڵاوكراونەتەوە، گوتەی مام جەلالن؟ چونكە بەشێك لەوانەی بڵاوكراونەتەوە، هیچ بەڵگەیەكیان تێدا نییە و تۆمەتی هەڵبەستراون. پاشان داوامان كردووە بزانین سەڵاح رەشید رەزامەندی خێزان و وارسی نزیكی مام جەلالی وەرگرتووە بۆ بڵاوكردنەوەی ئەو كتێبە یان نا".

بە گوتەی ئارام رەسوڵ مامەند، لە زۆر شوێنی كتێبەكە دەستەواژەی "رەسوڵ مامەند و جەماعەتەكەی" یان "رەسوڵ مامەند و تاقمەكەی" هاتووە. ئارام دەڵێ: "كوڕی مەلا ناسیح، پەیوەندی پێوەكردم و گوتی بریكارنامەیەك بۆ ئێمە بكەوە و بەناوی ئێمەش سكاڵا تۆمار بكە، چونكە لە كتێبەكەدا ناوی باوكمان زڕێنراوە". 

مامۆستا جەعفەر، ئەندامی پێشووی مەكتەبی سیاسی یەكێتی یەكێكی دیكەیە لە سكاڵاكارەكان. مامۆستا جەعفەر دەڵێت: "من سكاڵام لەسەر كتێبەكە نییە، بەڵكو كاتێك كتێبەكە بڵاوكرایەوە، چەند هەڵەیەك هەبوون بە وتارێك راستمكردنەوە، كەچی ئەو زۆر بە توندی و دوور لە زمانێكی پرۆفیشناڵانە وەڵامی دامەوە و ناوزڕاندنیش لە وتارەكەیدا هەبوو، لەسەر ئەوە سكاڵام تۆمار كردووە".

سەڵاح رەشید رەتیكردەوە كە نەچووبێتە بەردەم دادگا و دەڵێت: "تاوەكو ئێستا یەك سكاڵا لە دژی من تۆمار كراوە و چووشمەتە دادگا، بۆ ئەوە چووم ناوەكەم راستبكەمەوە، چونكە بە هەڵە ناوی من لەسەر ئاگاداركردنەوەكەی دادگا هاتبوو". 

سەڵاح رەشید دەڵێ بە درێژایی ئەو 15 ساڵەی سەرقاڵی ئەو چاوپێكەوتنە بووە لەگەڵ تاڵەبانی، هەرگیز رووینەداوە مام جەلال داواكارییەكی هەبووبێت لەسەر پرسیارێك یان وەڵامدانەوەیەك: "نە پێیگوتووم ئەوە بپرسە و نە گوتووشیەتی ئەو وەڵامە دەستكاری بكە. پێشموایە كاتێك دەگوترا مام جەلال گوتوویەتی یادەوەرییەكانی خۆم نووسیوەتەوە، هەر مەبەستی ئەو چاوپێكەوتنە بووە كە من لەگەڵی تۆمارم كردووە".


PM:04:44:21/05/2019




ئه‌م بابه‌ته 748 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌