تەشویش خستنە سەر پەخشی ئێن ئاڕ تی و ئێن ئاڕ تی دوو کاردانەوەی لێکەوتەوە
PM:01:50:23/05/2019


میترۆ، NRT
دوای ئەوەی لە سەرچاوەیەکی نادیارەوە بۆ ماوەی ١٠ کاتژمێر تەشویش خرایە سەر کەناڵی ئێن ئاڕ تی و ئێن ئار تی ٢، بەو هۆیەشەوە پەخشی کەناڵەکان بە شێوەی پچڕ پچڕ دەگەیشتە لای‌ هاوڵاتییان، ئەم کارە کاردانەوەی بەدوای خۆیدا ھێنا.

ئاوات عەلی سەرۆکی دامەزراوەی میدیایی نالیا ڕایگەیاند؛ بەپێی بەدواداچوونەکانی کۆمپانیای دابینکەر، سەرچاوەی تەشویشەکەی سەر ئێن ئاڕ تی و ئێن ئاڕ تی دوو لە شاری سلێمانی بووە، داواشی کرد ئەو کەس و لایەنانەی بەرگری لە دەنگی ئازاد دەکەن لەسەر ئەم پێشێلکارییە زەق و ئاشکرایە دژی ئێن ئاڕ تی، بێدەنگ نەبن.

هاوکات بەشێک لە بینەرانی کەناڵەکە و نووسەران و چالاکانی کۆمەڵی مەدەنی و چالاکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەشێک لە رۆژنامەنووسانیش، تەشویش خستنە سەر کەناڵەکە بە پێشێلکردنی ئازادیی کاری میدیایی و دژی پرەنسیپەکانی ئازادیی ڕادەربڕین دەزانن.

لەو چوارچێوەیەشدا ڕۆژنامەنووس شوان محەمەد نوسیوویەتی، حەق نییە هیچ دەزگا و کەسانێکی میدیاکار و ڕۆشنبیر لەسەر ئەم هەڵسوکەوتە بێدەنگ بێت.

هەر لەوبارەیەوە ڕۆژنامەنووس نیاز عەبدوڵا دەڵێت، تەشویش خستنە سەر ئێن ئاڕ تی درێژکراوەی ئەو کارە نایاسایی و نا ئەخلاقییەیە کە ساڵانێکی درێژە خراوەتە سەر کەناڵەکانی ئۆپۆزسیۆن.

هەر لە کاردانەوەی تەشویش خستنە سەر ئێن ئار تی فایەق گوڵپی سیاسەتمەدار نوسیوویەتی، شەرمەزاربێت ئەو لایەنەی تەشویشی لەسەر ئێن ئاڕ تی داناوە، ئەوە ڕەفتارێکی فاشیانەیە.

هاوکات شێرکۆ حەمە ئەمین پەرلەمانتاری پێشووی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان، نوسیوویەتی، ئەوەی بەرامبەر بە ئێن ئاڕ تی دەکرێت درێژکراوەی هەڵمەتی تیرۆری رۆژنامەوانان و دەنگە ئازادەکانە.

بەشێک لە هاوڵاتییان و چالاکانی تۆڕە کۆمەڵاتییەکانیش تەشویش خستنە سەر ئێن ئاڕ تی، بە بەرتەسککردنەوە و لەقاڵبدانی کاری ڕۆژنامەنووسی دەزانن و، بەشێکی تریشیان هاشتاگێکیان بە ناوی (ئێن ئاڕ تی دەنگی منە) بۆ پشتگیریکردن لە ئێن ئاڕ تی ڕاگەیاندووە.

بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠١٢ ئێن ئاڕ تی لە سەرچاوەیەکی نادیارەوە تەشویشی خرایە سەر و لەو کاتەشەوە تا ئێستا چەندجارێک تەشویش خستنە سەر پەخشی کەناڵەکە دووبارە بووەتەوە.