پاشەکشەی ڕۆژنامەگەریی ژنان لەنێوان نەبوونی فکر و قەیرانی داراییدا
PM:01:18:10/06/2019


میترۆ، رۆژنیوز 

لە نیوەی دووەمی سەدەی ڕابردوو بە تایبەت لەدوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ ژمارەیەک گۆڤار و ڕۆژنامەی تایبەت بە ژن و پرسی ژن لە هەرێم دەرچوون، ئێستا زۆرینەی ئەو ڕۆژنامە و گۆڤارانە دەرناچن، ژنانی نووسەر و ڕۆژنامەنووسیش هۆکارەکەی بۆ قەیرانی دارایی و نەبوونی فکر دەگێڕنەوە.

لەگەڵ هەر شۆڕشێکدا ژنان ڕۆڵ و کاریگەرییان هەبووە و لە زۆرێک لە بوارەکاندا شوێنپەنجەی خۆییان بەجێهێشتووە، لە بواری ڕۆژنامەنووسیشدا گەلێک ژنی تێکۆشەر لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەم هاتوونەتە گۆڕەپان، کە نمونەی هەرە بەرچاویان ڕەحمەخانی کچی پیرەمێردی شاعیرە، کە دوای کۆچی دوای باوکی، ساڵی ١٩٥٠ بووەتە خاوەن ئیمتیازی ڕۆژنامەی ژین، هەروەها یەکەم بڵاوکراوەی ژنانی کورد، لە ساڵی ١٩٥٢ لە باشوری کوردستان بەناوی ئافرەتی ئازاد دەرچووە.

لەچەند دەیەی ڕابردودا و بە تایبەت لە دوای ڕاپەڕینەوە دەیان گۆڤار و ڕۆژنامەی تایبەت بە ژنان دەرچوون، بەڵام هیچ کامیان وەکو پێویست بەردەوام نەبوون و دوای ماوەیەک پووکاونەتەوە و لەناوچوون، لە ئێستاشدا ڕۆژنامەگەری ژنان پاشەکشەی بەرچاوی کردووە و ژمارەی ئەو گۆڤار و ڕۆژنامانەی کە ئێستا دەردەچن بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو زۆر کەمیان کردووە، ئەو پاشەکشەیەش هەندێک بۆ پەرەسەندنی سۆشیال میدیا و کەمبوونەوەی خوێنەر و هەندێکی دیکەش بۆ نەبوونی فکری دەگەڕێننەوە.


سەمیرە مستەفا، مامۆستای کۆمەڵناسی، یەکێکە لەو ژنانەی کە سەرقاڵی نووسینەوەی لێکۆڵینەوەیەکە دەربارەی کاریگەری کولتور لە سەر کوشتنی ژنان، سەبارەت بە گرنگی ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی ژنان قسەی بۆ ڕۆژنیوز کرد و باسی لەوە کرد کە گرنگە ئەو ڕۆژنامە و گۆڤارانەی کە چاپ دەکرێت و دەخرێنە بازاڕەوە، لە لایەن ژنانەوە کاریان لە سەر بکرێت و بە بایەخەوە لێیان بڕوانرێت، چونکە بەشێک لە ڕاگەیاندنەکان ئەرکی خۆیان بە باشی ڕانەپەڕاندووە و زانیاری بە وردی ناگوازنەوە، بۆیە زۆربەی کاتەکان ژنان تاوانبار دەکرێن.


سەمیرە، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیشی بە بایەخەوە باسکرد کە لە هەموو ماڵێکدا هەیە، هاوکات ڕۆژنامە و گۆڤاری تایبەت بە ژنان گرنگە بۆ گۆڕینەوەی بیروڕای تایبەت بە خەڵک و دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ ئەو ژنانەی کە تا ئاستێکی کەمیش نەخوێندەوارن، بۆ ئەوەی زانیارییان لەسەر مافەکانی خۆیان هەبێت.

سۆنیا کامیل، کە بەڕێوەبەری کتێبخانەی تەواری یەکێتی ژنانە لە سلێمانی باسی لەوە کرد، ئەو خوێندنەوەی ڕۆژنامە و کتێب بە گونجاوتر دەبینێت تا بەکارهێنانی پێگە ئەلکترۆنییەکان، چونکە بیر فراوانتر دەکات، بە جۆرێک ئەوەی لە سەرچاوە ئەلیکترۆنییەکانەوە وەریدەگرین بەراورد بە خوێندنەوەی کاغەز و نووسراوەکانی ناو کتێب و رۆژنامەکان کاتییە و نا مێنێتەوە.


سەیوان ڕۆستەم، یەکێک لە ژنە ڕۆژنامەوانەکانە و لە ساڵی ١٩٩٥ سەرپەرشتیاری ڕۆژنامەی دەنگی ژنان بووە، ئاماژەی بە هۆکاری کەمبونەوەی گۆڤار و ڕۆژنامەکانی تایبەت بە ژنان کرد و وتی: هەندێک لەو ژنانەی کە لێهاتوو بوون لە ڕێکخستن و دەرکردنی ڕۆژنامەکان بەشدار بوون، زۆرینە وازیان هێنا، هەروەها هەبوونی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ڕۆژنامە ئەلکترۆنییەکان بەهای ڕۆژنامە کاغەزییەکانیان کەمکردووەتەوە و تەنها چینێکی کەم گرنگی پێدەدات، ئەوەشی وت: ڕاستە ڕۆژنامەگەری بە گشتی گرنگی خۆی هەیە، بەڵام جۆری بڵاوبوونەوەکەشی گرنگە و بە بڕوای من ئەو ڕۆژنامەیەی کە کاغەزییە زیاتر گرنگە وەک لە ئەلکترۆنی.

پەیمان عیزەدین، پارێزەر، لە ساڵی ١٩٩٧سەرنووسەری ڕۆژنامەی ژیانەوەی تایبەت بە ژنان بووە، وتی: بە شێوەیەکی گشتی نە تەنیا ڕۆژنامە و گۆڤاری تایبەت بە ژنان، بەڵکو میدیا بە شێوەیەکی گشتی گرنگی نەماوە، هاوکات سۆشیال میدیا زیاتر جێگای میدیای نووسراو و بینراوی گرتووەتەوە، میدیای ژنانیش دەبێت لە گەڵ گۆڕانکارییە سەردەمییەکاندا بڕۆن و گۆڕانکارییان تێدا بکرێت، نەک هەر تایبەت بە ژنان بەڵکو و ڕۆژنامە لە هەر بوارێکدا بێت گرنگی ئەوتۆیی نەماوە.


ڕۆژنامە و گۆڤار لەو سەردەمە بە شێوەیەکی گشتی کارگەری زۆری هەبووە و لە ڕابردووشدا جۆرێکی گرنگ بوو لە هوشیار کردنەوەی ژنان، بۆیە لە ئێستادا گرنگە هەبن و بە شێوەیەک کار بکەن لە دژی ئەوەی کە ژن بە کەم دەبینن، چونکە زۆرێک لە ڕۆژنامەکان نزیک نین لە خەمی ژنان.

ڕۆزا تاتانی، ڕۆژنامەنووس، ڕای وایە کە زۆر گرنگە میدیای سەربەخۆی ژنان هەبێت، چونکە بە شێوەیەکی گشتی ژنان لە ڕابردوو و ئێستا بێ مینبەر بوون، ئەو شێوازەی لە رۆژنامەگەریی ژنانیشدا کاری پێدەکرێت لە چوارچێوەی زهنیەتی پیاوسالارییە، ڕۆژنامە و گۆڤارەکانیش بەشێوەیەکی گشتی تیراژییان دابەزییووە، ئەوەش بەڕای من بە هۆی پێشکەوتنی سۆشیال میدیایە.


لەبارەی پووکانەوەی چاپەمەنی ژنان و داخستنیان، ڕۆزا ڕایەکی جیاوازی هەیە و پێیوایە "میدیا لە سەر بنەمای ئایدییایەک دروست دەبێت، لە میدیای ژندا لە باشوری کوردستان نەمانتوانیوە ببینە خاوەن ئایدییایەک وەک پارچەکانی دیکەی کوردستان"، نمونەش بۆ سەلماندنی قسەکانی خۆی بە کەناڵی ژن تیڤی دەهێنێتەوە "بۆ نمونە کەناڵی ژن تیڤی و چەندین ڕادیۆ و ڕۆژنامە و ئاژانسی تایبەت بە ژنان هەیە، لێرەدا گرنگ ئەوەیە کە بزانین ئەو ژنانە بوونەتە هەڕەشەیەک بۆ سەر دەسەڵات و بێگومان نەبووینەتە مینبەرێک".

هەروەها وتیشی: میدیای نووسین ئەوکاتە بایەخی دەبێت، کە ئێمە خوێنەر زیندوو بکەینەوە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان خوێنەر کەمە و پێویستە بەر لەوەی دووبارە دەست بۆ میدیایەکی نووسین بەرین، دەبێت جارێ کلتوری خوێندنەوە بگەڕێنینەوە.