بۆ یەکەمجار تاوانەکانی داعش لە کتێبێکدا دۆکیۆمێنت دەکرێت





میترۆ، رۆژنیوز 

کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان لەسەر دەستی داعش، بۆ یەکەمجار لە کتێبێکدا بەناوی (شاڵاوی جینۆسایدی ئێزدییەکان) دۆکیۆمێنت دەکرێت، یەکێک لە ئامادەکارانی کتێبەکەش دەڵێت: "خەڵکانێک هەن دۆسییەی ئێزیدییەکان لەبەرژەوەندی خۆیان و لەپێناو شێواندنی ڕاستییەکان و شاردنەوەی بەڵگەکان بەکاردێنن".

دوای نزیکەی ٥ ساڵ لە کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان لەسەر دەستی داعش، بۆ یەکەمجار لە کتێبێکدا بەناوی (شاڵاوی جینۆسایدی ئێزدییەکان) تاوانەکانی داعش خرایەڕوو کتێبەکە لە ئێستادا بە زمانی عەرەبی، لە کتێبخانەکاندا بەردەستە، کەش لەلایەن هەریەک لە (پارێزەر بەکر حەمە سدیق و حاکم قاسم وەسمان) ئامادەکراوە.

ڕۆژی ٣ی ئابی ٢٠١٤، رێكخراوی‌ تیرۆریستی‌ داعش هێرشیان کردە سەر ناوچەی شەنگال و دەستیان کرد بە کۆمەڵکوژکردنی ئێزیدییەکان، لەو هێرشەدا، هەزاران کەسیان لەپیاوانی ئێزدی کۆمەڵکوژکرد و کچ و ژنەکانیشیان بەدیل گرتن و وەک کەنیزەک مامەڵەیان پێوەکردن، رێكخراوی‌ تیرۆریستی‌ داعش بە قێزەون ترین شێوە، مامەڵەی لەگەڵ ئێزدییەکانداکرد.

بەکر حەمە سدیق، لەبارەی ناوەڕۆکی کتێبەکەوە بۆ ڕۆژنیوز باسی لەوەکرد "کتێبەکە بە زمانی عەرەبییە و لە ٤٧٧ لاپەڕە پێکدێت، لەگەڵ حاکم قاسم وەسمان کە نوێنەری ئێزدییەکانە، هەستاون بەکۆکردنەوەی کۆمەڵێک زانیاری و بەڵگە، لەڕێی کۆمەڵێک کەسەوە کە لەدەستی داعش ڕزگاریان بووە و ئێستا لەشاری سلێمانی نیشتەجێبوون، چاوپێکەوتنمان لەگەڵ کردوون بۆ ئەوەی ئەو تاوانانەی بەرامبەریان کراوە دۆکۆمێنت بکەین، هەروەها چاوپێکەوتنمان لەگەڵ زۆربەی ئەوانەدا کرد کە قوربانی ڕاستەوخۆن لەسەر چۆنیەتی ڕوودانی تاوانەکە و جۆری تاوانەکە چۆن ڕوویداوەو قوربانییەکە چۆن چەوسانەوەی بەرامبەرکراوە، ئەمە تاوانێکی گەورەیە و لەسەر زاری ئەو کەسانەی قوربانی بوون، تاوانەکەمان دۆکیۆمێنت کردووە، ئێمە وتەو لێدوانی کەسەکانمان وەکو خۆی داناوەتەوە هەندێ شت باس دەکەن ناوی هەندێ کەس و لایەنی سیاسی دەهێنن، دەستکاری هیچمان نەکردوە و وەکو خۆی بڵاومان کردووەتەوە".

لەبارەی هەنگاوەکان بۆ بە جینۆسایدناساندنی کەیسی کۆمەڵکوژکردنی ئێزدییەکان حاکم قاسم وەسمان، کەسایەتی ئێزدی باسی لەوە کرد: "ئەگەرچی هەنگاوەکان هەتا ئێستا وەکو پێویست نین لەوبارەیەوە، بەڵام هەندێک هەنگاو نراون دڵخۆشکەرن دوای بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان ئێستا لیژنەیەک نێردراوە و حکومەتی عێراقیش ڕەزامەند بووە بەکاری ئەو لیژنەیە، ئەمە هەنگاوێکی گرنگە چونکە تا حکومەتی عێراق ڕەزامەند نەبێت هیچ لیژنەیەکی نێودەوڵەتی ناتوانێت کار بکات لەسەر ئەو کەیسە، دیارە عێراق ئەندامی دادگای نێودەوڵەتی نییە، هەرێمی کوردستانیش وڵاتێکی سەربەخۆ نییە، یان دەبێت لەڕێگەی وڵاتێکی دۆستەوە یان ئەنجومەنی ئاسایش لێکۆڵینەوەبکات، خۆشبەختانە ئەنجومەنی ئاسایش بڕیاری پێکهێنانی لیژنەکەیداوەو ئێستا لە هەنگاوی سەرەتایدایە".

حاکم قاسم، پێشیوایە دادگایەکی عێراقی بەستانداردی نێودەوڵەتی باشترو خێراتر دەتوانێت کارەکان ئەنجام بدات و لێکۆڵینەوە بکات تا دادگایەکی نێودەوڵەتی".

لەبارەی هەوڵەکان بۆ کۆکردنەوەی بەڵگە ودۆکیۆمێنتەکان حاکم قاسم، وتی: "هەوڵی زۆر هەیە بۆ کۆکردنەوەی بەڵگەکان، لە دۆسیەی ئێزدییەکاندا خەڵکانێک ئەم هەوڵانە دەدەن لەبەرژەوەندی خۆیان لەپێناو شێواندنی ڕاستییەکان و شاردنەوەی بەڵگەکان، نەک بۆ خزمەتی کەیسەکە، لەگەڵ ئەوەش خەڵکێکی زۆر هەن هەوڵی کۆکردنەوەی بەڵگە و دۆکیۆمێنتەکان دەدەن بە ئاراستەی خزمەتکردن بە کەیسەکە".

ڕوونیشیکردەوە "ئەو تاوانانەی هەر سێ ماددەکەی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی کە بریتین لە ماددەکانی (٦ و ٧ و ٨) پێناسە کراون لە کەیسی کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان بوونی هەیە کە بریتین لە (کۆمەڵکوژیی، تاوانی جەنگ، تاوانی دژەمرۆڤایەتی) دەتوانین بڵێین هەنگاوەکان تایبەت بە کەیسی ئێزدییەکان خاوە، دەبێت چاوەڕێ بکەین بزانین ئەنجامەکەی چی دەبێت".


PM:05:38:15/06/2019




ئه‌م بابه‌ته 292 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌