سوید باشترین پشتیوانی خێزانە لە جیهاندا





میترۆ، سبەی

وڵاتی سوید لە روی کۆمەڵایەتی و حکومڕانیەوە باشترین پشتیوانە بۆ دروستکردنی خێزان لە جیهاندا.

رێكخراوی‌ یونیسێفی‌ سه‌ربه‌ نەتەوە یەکگرتوەکان لە نوێترین توێژینەوەی خۆیدا ئاشکرای کردوە، وڵاتی سوید لە ریزبه‌ندی‌ (41) وڵاتدا باشترین وڵاتە لە روی پشتیوانی کۆمەڵایەتی و دارایی بۆ پێکهێنانی خێزان و پەروەردەی منداڵ.

یونیسێف؛ پێوەری مۆڵەت و باری دارایی و پشوی دایک و باوکی منداڵی لە کاتی پەروەردەكردنیدا، لە توێژینەوەکەدا کردوەتە پێوەر بۆ بەهێزبونی خێزان و باشتر پەروەردەکردنی منداڵان.

هێنریتا فۆر بەڕێوبەری جێبەجێکار لە یونیسێف رایگەیاندوە؛ هەر دایک و باوکێک لە کاتی لەدایکبونی منداڵەکەیاندا پێویستیان بە زیاتر لە شەش مانگ مۆڵەت و پشو هەیە بۆ ئەوەی لە دۆخێکی ئارام و دور لە سەرقاڵی و ماندویەتی کارەکانیان، بتوانن منداڵە ساواکەیان پەروەردە بکەن.

بەپێی توێژینەوەکەی یونیسێف، وڵاتی سوید (35) هەفتە مۆڵەت بە موچەوە دەداتە دایکان و باوکان بۆ پەروەردەی منداڵەکەیان کە (11) هەفتە لەو مۆڵەتە دەدرێت بە باوکی منداڵەکە بۆ ئەوەی لە کەشێکی دور لە فشاری‌ کار، بتوانێت هاوکاریی هاوسەرەکەی بکات بۆ باشتر پەروەردەکردنی منداڵەکەیان.

هاوکات لە سوید نیوەی زیاتری ئەو منداڵانەی تەمەنیان لە سێ ساڵ کەمترە، رەوانەی دایەنگە دەکرێن و لە سێ ساڵیشەوە تا شەش ساڵی، دەخرێنە باخچەی منداڵان.

توێژینەوەکەی یونیسێف (41) وڵاتی پێشکەوتوی بە نمونە وەرگرتەوە، ئاماژەی بەوەکردوە، وڵاتی ئیستۆنیا (85) هەفتە مۆڵەت دەداتە دایکان کە موچەکانیشیان پێدەدرێت و ئەمەش بەهێزترین پشتیوانیی دایکانە لە ئاستی جیهاندا، بەڵام لە ئەمەریکا هیچ دڵنیاییەک نادرێتە دایکان بۆ پێدانی مۆڵەت بە موچەوە.


AM:11:59:17/06/2019




ئه‌م بابه‌ته 72 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌