ترامپ رۆژنامەیەكی بەناوبانگی ئەمریكا بە خیانەتكار وەسف دەكات






میترۆ، رادیۆ نەوا
رۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمریكی وەڵامی دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا دەداتەوە، كە بە ناپاك (خیانەتكار) وەسفی رۆژنامەكەی كردبوو، نوسیویشیەتی "ئەو تۆمەتەی ترامپ كارێكی مەترسیدارە".

نیویۆرك تایمز لەوەڵامی دۆناڵد ترامپدا نوسیویەتی "تۆمەتباركردنی رۆژنامە بە ناپاكی لەلایەن سەرۆكی ئەمریكاوە كارێكی مەترسیدارە".

ئەوەش هاتووە، پێش بڵاوكردنەوەی راپۆرتەكەیان سەبارەت بە هێرشە ئەلیكترۆنیەكانی ئەمریكا بۆسەر كەرتی ئەتۆمی روسیا، ناوەڕۆكی راپۆرتەكەیان بۆ بەرپرسانی حكومی ئاشكراكردوە.

پێشتر نیویۆرك تایمز راپۆرتێكی بڵاوكردوەتەوە، كە تێیدا باس لەوەكراوە ماوەی ساڵێكە واشنتۆن دەستیكردوە بەزیادكردنی هەوڵەكانی بۆئەوەی بەرنامەی پیس و زیانبەخش بنێرێتە ناو سیستمی ئەتۆمی روسیاوە و لەوانەیە لە رێگەی ئەو بەرنامەیەوە زانیاری لەسەر سیستمەكەی روسیا وەربگرێت و تەنانەت بەشێكیشی بوەستێنێت. لای خۆیەوە ترامپ وەڵامی رۆژنامەكەی دابوەوەو لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر نوسیویەتی "ئەوە ناپاكییەكی راستەقینە و زیانگەیاندنە بە بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا".



PM:12:10:17/06/2019




ئه‌م بابه‌ته 284 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌