بە هەزاران وێنە و مۆزەخانەیەکی کوردەواری لە ماوەی دە ساڵدا





میترۆ، رۆژنیوز 
هیوا و باوەڕی بۆ پاراستنی نرخی کورد، ئەوی بەرەو خەباتێکی جیاواز بردووە و لە ماوەی دە ساڵدا بە هەزاران وێنەی تێکۆشەر، پێشمەرگەی دێرین، پێشەنگ و هونەرمەند و سەرجەم ئەو کەسانەی کە بۆ دۆزی ڕەوای کورد تێکۆشاون کۆکردووەتەوە و بەوشێوازە ئەو شوێنە بووەتە مۆزەخانەیەکی کراوە.

شاری سلێمانی، بە شوێنە مێژووییەکانی و کلتورە دەوڵەمەندەکەی سەرنج ڕادەکێشێت و هەر کۆڵانێکی هەلگری چیرۆکێکی تایبەت بە خۆیەتی و یەکێک لەو گەڕەکانەی کە کلتوری کوردەواری تێدا دەپارێزرێت، گەڕەکی کانی ئاسکانە و خاوەنی سەرنجڕاکێشییەکی تایبەتە، لەناو ئەو گەڕەکەدا دوکانێکی تێدایە کە لە هەموو شوێنەکانی دیکەی ئەو گەڕەکە سەرنجڕاکێشترە و جیاوازی ئەو دوکانە لەگەڵ دوکانەکانی دیکە ئەوەیە هیچ شتێک ناکڕدرێت و هیچ شتێکیش نافرۆشرێت و ئەو دوکانە وەک مۆزەخانەیەک پێناسە دەکرێت، بۆیە ئێمەش بوو بە مەراقمان و ویستمان ئەو دوکانە ببینین.


بە چوونە ناو دوکانەکە جیاوازییەکانی ئەو دوکانە دەردەکەوێت و لە بنمیچ هەتا خوار بە وێنەی جۆربەجۆر داپۆشراوە و چەندین ئامێری کۆنی میوزیک دانراوە، مۆزەخانەکە پێکهاتووە لە سێ ژوور و ڕارەوێک کە هەموو دیوارەکانی بە وێنەی کەسە پێشەنگەکان، تێکۆشەر، ئەو کەسانەی کە تێکۆشانیان لە پێناو ئازادی کورد کردووە وەک شێخ مەحمود بەرزنجی، قازی محەمەد، مستەفا بارزانی و عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پەکەکە نەخشێنراون، هەروەها وێنەی ژن و منداڵ و هاوڵاتی تێدایە.


بەگشتی زیاتر لە پێنج هەزار وێنەی سیاسەتمەدار، کەسایەتی ئاینی، شۆڕشگێڕ و هاوڵاتیانی سلێمانی و تەواوی باشور و بەشەکانی دیکەی کوردستان هەڵواسراوە، هاوکات لە چەند بەشێکی دیکەی ئەو شوێنە کتێب و تەزبیح و کەلووپەلی کوردەواری دانراوە.

ئەو مۆزەخانەیە لە لایەن هاوڵاتییەک بە ناوی ڕەجەب مەلا ڕەفیق ئامادە کراوە، کە لە ساڵی ١٩٥٣ لە گەڕەکی سەر شەقام لە شاری سلێمانی لە دایکبووە، کە لە سەرەتادا کاری کڕێن و فرۆشتنی خانووبەرەی دەکرد و پاشان بە سێ وێنە دەستی بەم کارەی ئێستای کرد و دواتر خەیاڵ و ژیانی ڕۆژانەی بە کۆکردنەوەی ئەم وێنانە بەخشی.


بەوشیوەیە خولیای کۆکردنەوەی ئەم وێنانە لە لای مام ڕەجەب پەیدا بوو و بە تەواوی بە کۆکردنەوەی وێنە و کەلوپەلی کۆن سەرقال بوو، کە لە ماوەی دە ساڵدا لە هەر چوارپارچەی کوردستان پێنج هەزار وێنەی بە ئامانجی پاراستنی ڕابردووی نەتەوە و کۆمەڵگاکەی کۆکردووەتەوە.

مام ڕەجەب ڕۆژانە هەر کەسێک کە سەردانی دەکات دەبێت لە دەفتەرێکدا کە لە ناونیشانی وێنەکان دەدوێن، یاداشتی خۆی جێبهێڵێت و بە حەزی خۆی ئەو شوێنە و مام ڕەجەب لە چەند دێڕێکدا کۆبکاتەوە، ئەمەش بە ئامانجی زانینی سەردانکەران و وەک هێمایەک بۆ دیداریان لەو شوێنە.

ڕەجەبی مەلا ڕەفیق، باس لەوە دەکات کە هەموو کەلوپەلی ناو مۆزەخانەکەی خۆی کۆی کردووەتەوە و لە سەر ئەرکی شانی خۆی ئەو شوێنە بەڕێوەدەبات، هەروەها بەشێک لە هاوڕێکانی کە ئاشنای کارەکەی بن، لە ڕێگای کەسانی دیکەوە هاوکاری کۆکردنەوەی شتە مێژووییەکانی دەکەن، هەروەها دەڵێت: کە شار بە شار گەڕاوە و وێنە و کەلووپەلی کۆکردووەتەوە.

مام ڕەجەب وتیشی: من ئەم کارەم کردووە بە مەبەستی پاراستنی ڕابردووی نەتەوەکەم و دەمەوێت بەم شێوەیە خزمەتێک بە گەل و شارەکەم بگەیەنم، هەرچەندە زۆر کەس هەیە بە پارە کار دەکات بەڵام من بە ئیرادە و خواستی خۆم هەوڵی بۆ دەدەمم و بەردەوامم لە کارەکەم، بۆیە بە موڵکی خۆمی نازانم و ئەمەی ئێستا موڵکی گەلی کوردە.

مام ڕەجەب وەک خۆی باسی لێوە دەکات ڕۆژانە بە دەنگ و گۆرانی هونەرمەندان بە تایبەت حەسەن زیرەک دوکانی خۆی دەکاتەوە و ڕۆژەکەی دەستپێدەکات و بە درێژایی ئەو چەند کاتژمێرەی کە لەوێیە چەندین کەس لە ناس و نەناس سەردانی دەکات و تەنانەت هاوڕێکانی کە ڕۆژانە دێنە لای ماوەیەک لەوێ دەمێننەوە و بە شوێنێکی باش و بە سوود پێناسەی دەکەن، یەکێک لەو هاوڵاتیانەش کە هاوڕێی مام ڕەجەبە، ناوی ئەقدەر عومەرە، کە ڕۆژانە دێتە لای و باسی لە گرنگی ئەو شوێنە کرد و وتی: ئێرە لە زۆر شوێن و چاییخانە باشترە، چونکە بە هاتنم بۆ ئێرە دڵ و ڕۆحم زیندوو دەبێتەوە و خۆزگە توانام هەبوایە کە شوێنکی گەورەم دروست بکردایە بۆ مام ڕەجەب تا کارەکەی فراوانتر بکات و بەو هیوایەم حکومەتیش ئاوڕی لێبداتەوە.



AM:11:59:18/06/2019




ئه‌م بابه‌ته 1124 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌