كچە كوردێك لە رێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ناوبانگ پەیدا دەكات
PM:12:03:04/07/2019


میترۆ، K24
ماوەیەكە كچە كوردێكی رۆژئاوای كوردستان ناوبانگی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەركردووە و بە گوتنی گۆرانی و ژەنینی موزیك كاردانەوەی زۆری دروستكردووە.

سیماڤ حوسێن، ئەو كچە كوردەیە كە ئێستا لە ئەڵمانیا دەژیت و جگە لە گۆرانی گوتن، سەرقاڵی فێربوونی ئامێرەكانی مۆسیقاشە، سیماڤ دەڵێت، چەند ساڵێكە لە ئەكادێمیایەكی ئەڵمانی خەریكی خوێندنە و دەیەوێت ئەكادێمیانە فێری مۆسیقا ببێت، تا لە رێیەوە خزمەت بە ھونەری كوردی بكات.

سیماڤ، بە كوردستان24ی گوت: "ماوەی چوار ساڵە گۆرانی دەڵێم، گۆرانیە فۆلكلۆرییەكان زۆر كاریگەرییەكان بەسەر منەوە ھەیە، بەتایبەتی گۆرانییەكانی ھونەرمەندان تەحسین تەھا و محەمەد شێخۆ، زۆر گوێیان لێدەگرم".

سیماڤ زیاتر لە رێی گۆرانی "رێیا كۆبانێ ب دارە" ناسرا، وەك خۆشی دەڵێ بەردەوام دەبێت و دەیەوێت بەشێوەیەكی ئەكادیمی فێری موزیك و گۆرانی ببێت، بۆ ئەوەی لە داھاتوودا خزمەت بە ھونەری كوردی بكات.