گه‌نجێكی‌ به‌هره‌مه‌ندی كورد له‌ ئیتاڵیا رێوڕه‌سمێكی‌ تایبه‌تی بۆ رێكخرا
PM:03:11:04/07/2019


میترۆ، وێستگه‌ نیوز
ئه‌ندام‌ و خۆبه‌خشانی‌ رێكخراوی‌ ئێمێنجێرسی‌ ئیتاڵی‌، رێوڕه‌سێكی‌ تایبه‌تیان بۆ گه‌نجێكی به‌هره‌مه‌ندی كوردی قه‌زای شاره‌زوور رێكخستن و له‌كاتی هاتنی بۆ سه‌ر سته‌یج به‌ چه‌پڵه‌ پێشوازی لێكرا.

رێكخراوی ئێمێرجێنسی (EMERGENCY)ئیتاڵی‌، رێكخراوێكی ناحكومییه‌‌و له‌ساڵی 1994 دروست بووه‌‌ و یه‌كه‌م بنكه‌ی خۆی‌ له‌ساڵی‌ 1996 له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ سلێمانی دامه‌زاند كه‌ به‌نه‌خۆشخانه‌ی سوتاویه‌كه‌ به‌ناوبانگه‌، له‌هه‌مان كاتدا سۆران یه‌كه‌م نه‌خۆشی‌ ئه‌وان ده‌بێت له‌سه‌ر ئاستی‌ جیهان.

سۆران محه‌مه‌د، گه‌نجێكی‌ قه‌زای‌ شاره‌زوره‌ له‌هه‌مانكاتدا مامۆستایه‌ له‌یه‌كێك له‌قوتابخانه‌ی‌ قه‌زاكه‌، ئه‌و چیرۆكی‌ خۆی‌ و ئه‌و رێكخراوه‌یه‌ بۆ ویستگه‌ نیوز ده‌گێڕێته‌وه‌‌و ده‌ڵێت: "كاتی‌ خۆی‌ منداڵ بووم ته‌مه‌نم 12 ساڵان بوو تووشی‌ رووداوێكی‌ ته‌قینه‌وه‌ی مین بووم له‌ناوچه‌ی‌ شه‌مێران، به‌و رووداوه‌ قاچی‌ راستم له‌ده‌ستدا به‌سه‌ختیش گیانم بریندار بوو، هه‌ر به‌هۆی‌ مینه‌وه‌ خوشكێكم مردوه‌‌و دایكیشم بریندار بووه‌".

ده‌شڵێت: "ئه‌و كاته‌ خوێندكاری‌ پۆلی‌ پێنجی‌ سه‌ره‌تایی‌ بووم، دوای‌ چاره‌سه‌ر وه‌رگرتنم له‌ئێمێنجێرسی‌ سلێمانی‌ دیسانه‌وه‌ ئێمێنجێرسی‌ یارمه‌تیدام چوومه‌وه‌ به‌ر خوێندن به‌هاوكاری‌ دڵسۆزی‌ ئه‌وان خوێندن‌ و په‌یمانگای‌ مامۆستایانی‌ سلێمانیم ته‌واوكرد، ئێستا مامۆستام له‌یه‌كێك له‌قوتابخانه‌كانی‌ قه‌زای‌ شاره‌زوور".

ژیانی سۆران كراوه‌ به‌ كتێبێك وه‌ك چیرۆكێكی سه‌ركه‌وتن باس ده‌كرێت بۆ نه‌خۆشه‌كان، ئه‌و له‌باره‌ی‌ كتێبه‌كه‌وه‌ رایگه‌یاند: "ناوی‌ كتێبه‌كه‌ (سه‌فه‌رێكی‌ تۆ‌و رشتن)ه‌ باس له‌سه‌ركه‌وتنی‌ ژیانی‌ من ده‌كات ئه‌و ژیانه‌ سه‌خته‌ی‌ كه‌ رووبه‌ڕووی‌ من بویه‌وه‌ من توانیم به‌سه‌ریدا زاڵ ببم كۆڵمنه‌دا‌و داهاتوی‌ خۆمم دیاریكرد‌و رۆشنمكرده‌وه‌"، ئێستا سۆران وه‌ك كه‌سێكی‌ ئاسایی‌ ده‌ژی‌!, له‌نه‌خۆشخانه‌كانی‌ رێكخراوه‌كه‌ كتێبه‌كه‌ی ده‌خوێندرێته‌وه‌ بۆ نه‌خۆشه‌كان تا بێ‌ ئومێد نه‌بن له‌ ژیان".

سۆران ئێستا به‌ ئه‌ستێره‌ی‌ ئیمێرجێنسی‌ ناسراوه‌، هه‌ر به‌وه‌وه‌ نه‌وه‌ستاون میواندارییه‌كی‌ گه‌رمیشی‌ لێده‌كرێت له‌وڵاتی‌ ئیتاڵیا، له‌باره‌ی‌ میوانداریه‌كه‌ی‌ بۆ ئیتاڵیا ئه‌و وتی‌: "ئه‌مساڵ یادی‌ 25 ساڵه‌ی‌ رێكخراوه‌كه‌ بوو میواندارییان كردم وتیان خۆبه‌خشه‌كان چاوه‌ڕوانی‌ تۆن منیش به‌خۆشحاڵییه‌وه‌ ره‌زامه‌ندیم ده‌ربڕی‌، پێشوازیه‌كی‌ گه‌رمم لێكرا وه‌ك یه‌كه‌م نه‌خۆشی‌ ئه‌و رێكخراوه‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ جیهان و25 ساڵه‌ په‌یوه‌ندیمان هه‌یه‌‌و له‌یه‌ك دانه‌بڕاوین، ئه‌مه‌ش جێی‌ شانازییه‌ بۆ كوردێكی‌ وه‌كو من زۆر دڵخۆشم".

ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكرد: "كاری‌ من بۆ له‌مه‌وبه‌دوا سندوقی‌ به‌خشینیان هه‌یه‌ كه‌سانی‌ ده‌وڵه‌مه‌ند‌و سه‌رمایه‌دار هاوكارییان ده‌كه‌ن من به‌نیازم ئه‌و سندوقه‌ له‌كوردستان دابنێم تا هاوكاری‌ كۆبكه‌مه‌وه‌‌و بزانین تاچه‌ند خه‌ڵكی‌ كوردستان به‌ده‌مه‌وه‌ دێن".

سۆران به‌پێكه‌نینه‌وه‌ باسی‌ بڕینی‌ مووچه‌ی‌ كه‌مئه‌ندامیه‌كه‌ی‌ بۆ وێستگه‌ نیوز ده‌كات ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا "هاوڕێی خۆم رێژه‌ی‌ كه‌مئه‌ندامیه‌كه‌ی‌ له‌سه‌دا 65ه‌‌ و وه‌كو من فه‌رمانبه‌ره‌ مووچه‌كه‌ی‌ رانه‌گیراوه‌، كه‌چی‌ من رێژه‌ی‌ كه‌مئه‌ندامیه‌كه‌م له‌سه‌دا 75ه‌ هه‌ر وه‌ك ئه‌و فه‌رمانبه‌رم چوار مانگه‌ مووچه‌كه‌میان راگرتووه‌ وا ده‌شبینن ئه‌و وڵاته‌ گرنگی‌ به‌من ده‌دات‌ و هیوا بۆ من ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌، كه‌چی‌ له‌ولاشه‌وه‌ كوردستان ده‌ستیان كردوه‌ به‌ بینه‌قاقامان خه‌ریكه‌ ده‌مانخنكێنن".