عیراق: 27 تۆڕی بازرگانی بەمرۆڤەوە ئاشكراكران
PM:12:32:28/07/2019

میترۆ، رادیۆ نه‌وا 
روانگەی عیراقی بۆ قوربانیانی بازرگانیكردن بەمرۆڤەوە بڵاویكردوەتەوە، 27 تۆڕی بازرگانیكردن بەمرۆڤەوە لە عیراقدا بونیان هەیە، كە زۆرینەیان مۆڵگەكانیان لە هەرێمی كوردستاندان و كاریان راكێشانی قوربانیانە بەهەردوو رەگەزەوە.

روانگەكە لەراپۆرتێكیدا باسی لەوەكردوە، زۆرینەی ئەو تۆڕانە مۆڵگەیان لە هەرێمی كوردستان داناوە و كاریان راكێشانی قوربانیان و دزینی ئەندامانی جەستەیانە، زۆرینەی ئەو تۆڕانەش كاری بازرگانی سێكسی دەكەن و هەردوو رەگەز رادەكێشن و دەیانكەن بە تۆڕی لەشفرۆشی، هەروەك چەندین جۆر توندوتیژی سێكسی ئەنجام دەدەن، هەندێكجاریش ئەندامانی جەستەی قوربانیەكان دەردەهێنن، یەكێك لە نموونەكانیش كچێكی تەمەن 21 ساڵە، كە لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی هەرێم گورچیلەیەكی دەرهێنراوە، قوربانییەكە رازی كراوە لە بەغداوە بچێتە هەولێر و دواتر دهۆك، بڕیاربوە 4 ملیۆن دیناری بدەنێ‌، بەڵام دوای دەرهێنانی گورچیلەی 400 هەزار دیناری دراوەتێ‌ و لە شوقەیەكدا جێهێڵراوە.

بەپێی هەمان راپۆرت، پارێزگای سلێمانیش 7 تۆڕی بازرگانیكردنی بەمرۆڤەوەی تێدایە، لە رێگەی كەسانێكەوە كە لەپارێزگاكانی عیراقدا بڵاوبونەتەوە و قوربانیەكانیان رادەكێشن، 9 تۆڕیش لە پارێزگاكانی هەولێر و دهۆك و كەركوكدا هەن، كە پەیوەندیان بەیەكەوە هەیە و كاری راكێشانی كچانی گەنج و دەرۆزەكەرەكان لەناو ئەو پارێزگایانەدا دەكەن و دواتر ئەندامانی جەستەیان دەدزرێت و بە پارەیەكی زۆر دەفرۆشرێنەوە.

روانگەی عیراقی بۆ قوربانیانی بازرگانیكردن بەمرۆڤەوە رونیشیكردوەتەوە، سەرەڕای بازرگانیكردن بە ئەندامانی جەستەی مرۆڤەوە بازرگانی سێكسی بە منداڵان و ژنانەوە یەكێكە لەبازرگانییە گەشەسەندووەكان، 5 تۆڕی ئەو جۆرە بازرگانییە لەشاری بەغدان، كچان و ژنان رادەكێشن و ناچاریان دەكەن بەو كارە، هەروەها بۆ دەرۆزەكەری بەكاریاندەهێنن ئامانج لەوەش بەكارهێنانیانە بۆ بازرگانی سێكسی سەرەڕای ئەوەش 3 تۆڕی لەو جۆرە لەپارێزگای كەركوكدا بونیان هەیە.