ڕێگریی لە تیمێکی چرا تیڤی کرا لە لالش
PM:12:53:29/07/2019


میترۆ، رۆژنیوز
ئاسایشی شێخان، ڕێگریی کردووە لەوەی تیمێکی کەناڵی چرا تیڤی، ڕووماڵی مەراسیمی دانانی میری نوێی ئێزدی-ییەکان بکەن لە پەرستگای لالش، دەستیان بەسەر کەلوپەکە ڕۆژنامەنووسیەکانیاندا گرتووە و سێ کەسیان لە تیمەکە دەستبەسەر کردووە و پاشان ئازادیان کردوون.

دوێنێ ئاسایشی شێخان، ڕێگرییان لە تیمێکی کەناڵی چرا تی ڤی کردووە، کە ڕووماڵی مەراسیمی دانانی میری نوێی ئێزدی بکەن، سێ ڕۆژنامەنووسی چرا تیڤی-یان بە ناوەکانی سادام خانکی، سەرمین میرزا، شێخ جەلال، دەستبەسەر کردووە.

هەروەها ئاسایشی شێخان، دەستی بەسەر هەموو کەلوپەلە ڕۆژنامەنووسییەکانی تییمەکەی چرا تیڤی دا گرتووە و ئەمڕۆ کەلوپەلکەکانی داونەتەوە، بەڵام لێپرسینەوەیان لەگەڵ تیمەکەدا کردووەتەوە و هەڕەشەیان لێکردوون.

ئاسایشی شێخان بە تیمەکەی چرا تیڤی یان وتووە 'ئەگەر بەبێ مۆڵەت لە لالش کار بکەن دەتانگرین و دەتاندەین بە دادگا'، تیمەکەی چرا تیڤی، ئاماژەیان بەوەکردووە، کە ئەوان بە دەیان جار داوای مۆڵەتی کارکردنیان کردووە، بەڵام مۆڵەتیان پێ نەدراوە.

چرا تیڤی، یەکێکە لەو کەناڵانەی بووەتە دەنگ و ڕەنگی ئێزدییەکان و هەواڵ و چالاکییەکانی ئێزدییەکان دەگوازێتەوە، لە کاتی هێرشی چەتەکانی داعش بۆ سەر شەنگال، تاکە کەناڵ بوو کە لەوێ مایەوە و ئازاری ئێزدییەکانی گواستەوە، بۆیە کەناڵێکی جێی بایەخە لای ئێزدییەکان.