بنەماڵەی شێرکۆ بێکەس داوادەکەن ساڵیادی شێرکۆ جیاواز بکرێتەوە
PM:12:49:30/07/2019
میترۆ، زەمەن

هەڵۆ شێرکۆ بێکەس داوا دەکات بۆ لەمەودوا ساڵیادەکەی باوکی هاوشێوەی ڕابردوو نەکرێتەوە و وا بەباش دەزانن خۆ بەدووربگرن لە خۆدووبارەکردنەوە.

هەڵۆ شێرکۆ بێکەس نوسیویەتی "هاوڕێیان و شیعردۆستانی ساڵیادیی شێركۆی نەمر! بە سوپاسەوە ئەمەوێ ئاگاداری تێكڕایی نووسەر و هونەرمەندان و هەوادارانی شیعریی شێركۆی مەزن بكەم، دوای پێنج ساڵی لەسەریەك یادكردنەوە لە پاركی ئازادییدا، ئەگەرچی هەموو یادەكان زیاتر تانوپۆییەكی شیعریی موزیك ئامێز بوون و لەسەر ئەركی ماڵباتی "بێكەس" ئەنجامدراون، ئێمە وەكو ماڵباتی "بێكەس" وامان بە باش زانی بۆ خۆ دوورگرتن، لە خۆدووبارەكردنەوە، ئیتر بۆ لەمەودوا ساڵیادەكان، بە شێوەی ڕابردوو نەكرێنەوە!".


 ڕاشیگەیاند:  من هیواخوازم وەزارەتی ڕۆشینبیریی و هەموو دەزگا ئەدەبییەكانی،" پایتەختی ڕۆشینبیریی!" بتوانن گەورەتر و پەلوپۆدارتر بە شێوەی جودا یادیی ئەم شاعیرە مەزنە بكەنەوە، شێركۆ ناسنامەیی شیعر و ئەدەبیی ئێمەیە بۆیە دەبێ ساڵیادەكانی جیاوازتر لە یادێكی بچووكی پاركی ئازادییدا قەتیس بكرێت!، پێویستە ساڵیادەكان سەربكێشن بۆ ڤێستیڤاڵ و سیمینار و كەرنەڤاڵی شیعریی گەورە، قسە كردن لە دیوە شاراوەكانی شیعریی شێركۆ" هەڵۆ شێرکۆ بێکەس ئامادەییشی نیشانداوە لە هەر کوێیەک یادی باوکی بکرێتەوە ئەو ئامادەبێت.