کۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەوانان داوا دەکات زوبێر برادۆستی ئازادبکرێت
AM:10:35:31/07/2019


میترۆ، خه‌ندان 
رێکخراوی کۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەوانان CPJ کە بنکەکەی لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکایە داوا دەکات رۆژنامەنوس زوبێر برادۆستی ئازادبکرێت، کە زیاتر لە 10 رۆژە بێسەروشوێنە.
ژمارەیەک پـێشمەرگەی هێزی هەڵگوردی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان، زوبێر برادۆستیان بۆ لێکۆڵینەوە بانگهێشتکردوە
 

رێکخراوی کۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەوانان CPJ کە بارەگاکەی لە شاری نیویۆرکە رایگەیاندوە، بەپـێی گروپی 17ی شوبات بۆ مافەکانی مرۆڤ و سۆران حسێن، سەرنوسەری رۆژنیوز، ژمارەیەک پـێشمەرگەی هێزی هەڵگوردی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان، زوبێر برادۆستیان بۆ لێکۆڵینەوە بانگهێشتکردوە کە پەیامنێری ماڵپەڕی ڕۆژنیوزی لایەنگری پارتی کرێکارانی کوردستانە، پاشان دەستگیریانکردوە و بەرەو شارۆچکەی مەسیفی نزیک شاری هەولێریان بردوە.

ڕێکخراوەکە دەڵێت، "بەپـێی ڕاپـۆرتێکی خاوەن کارەکەی، هێزەکانی ئاسایش هیچ تۆمەتێکیان لە دژی برادۆستی ڕانەگەیاندوە و هەروەها رێگەیان بە خێزانەکەی نەداوە پەیوەندی پـێوە بکات".
بانگهێشتکردنی رۆژنامەوانێک و دەسـتگیرکردنی بەبێ ئەوەی هۆکاری دەستگیرکردنەکەی باسبکرێت شتێکی زۆر باوە لە نێو سیستەمە دیکتاتۆریـیەکان
 

ئیگناسیۆ میگێل دیلگادۆ، نوێنەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریکای CPJ رایگەیاندوە، "بانگهێشتکردنی رۆژنامەوانێک و دەسـتگیرکردنی بەبێ ئەوەی هۆکاری دەستگیرکردنەکەی باسبکرێت شتێکی زۆر باوە لە نێو سیستەمە دیکتاتۆریـیەکان وەک لەوەی لە نێو سیستەمە دیموکراتیـیەکاندا هەیە، ئەوەی دەسەڵاتدارانی کورد پـێیانخۆشە بەوە ناوببرێن".
فەرماندەی هێزی هەڵگورد نکۆڵی کردوە لەوەکردوە هیچ زانیاریـیەکی لە بارەی کەیسەکەوە هەبێت
 

سۆران حسێن بە CPJ وتوە، "رۆژنیوز پەیوەندی بە بەهرام عەلی یاسین فەرماندەی هێزی هەڵگورد کردوە بە مەبەستی هەواڵپرسینی زوبێر برادۆستی، بەڵام ئەو نکۆڵی کردوە لەوەی هیچ زانیاریـیەکی لە بارەی کەیسەکەوە هەبێت"، وتیشی لەوەتای زوبێر دەسـتگیرکراوە نەبراوەتە بەردەم دادگا.

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، ئەمە دوەم جارە لە ماوەی ئەمساڵدا زوبێر دەستگیربکرێت وە پـێی وایە دەسـتگیرکردنەکەشی پەیوەندی بە کارەکەیەتی وەک ڕۆژنامەوانێک لە ناوچەی برادۆست.
زوبێر لە 17ی مانگی سێ لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە دەستگیرکرا کە ئەوانیش سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستانن
 

ڕێکخراوەکە رونیکردوەتەوە، بەپـێی ڕۆژنیوز، زوبێر لە 17ی مانگی سێ لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە دەستگیرکرا کە ئەوانیش سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستانن، ئەمەش پاش بڵاوکردنەوەی ڕاپـۆرتێک لە بارەی هێرشە ئاسمانیـیەکانی تورکیا لە ناوچەکە، بەڵام دوای چەند ڕۆژێک بە کەفالەت ئازادکراوە.

ڕێکخراوی CPJ دەشڵێت، ئیمەیڵی کردوە بۆ دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵام تا ئێستا وەڵامی نەداوەتەوە.