ریكلامكردن بۆ به‌شێك له‌ ده‌رمانه‌كان قه‌ده‌خه‌ ده‌كرێت
AM:10:51:01/08/2019



میترۆ، K24
زۆربەی کات لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە ریکلام بۆ ھەندێک کاڵا و بەرھەم دەکرێت بە مەبەستی چارەسەری پزیشکی و دابەزاندنی کێش و چەند شتێکی دیکە، بەڵام بە گوتەی پسپۆڕانی تەندروستی بەشێک لەو دەرمان و پێداویستییە پزیشکیانە بەشێوەی قاچاخ ھاوردە کراون و زیانیان لە سودیان زیاترە.

زۆرێك لە پەیج و ئەكاونت لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، ریكلام بۆ پێداویستی پزیشکی دەکەن و وەک چارەسەر ھاووڵاتییان دەتوانن بەکاری بھێن و لە رێگەی ئۆنڵاینەوە بیکڕن، بەڵام بێئاگا لەوەی کە بەشێک لەو کۆمپانیایانە مۆڵەتیان نییە و دەرمانەکانیان کوالێتیان نییە، تایبەت بەم پرسە وەزیری تەندروستی حکوومەتی ھەرێمی كوردستان دەڵێ ئەو شوێنانەی نایاسایین لەلایەن لیژنەکانی کۆنتڕۆڵی دەرمان و لایەنی پەیوەندیدار دەست بە سەر کاڵاو بەرھەمەکانیاندا دەگیرێت.

سەرپەرشتیاری سەندیکای دەرمانسازانی سلێمانیش دەڵێت، دەستیان کردووە بە رێگری لەو دیاردەیە و بۆ بەرەنگاربوونەوەیان دەبێت حکوومەت بە توندی لێپیچینەوە بکات، چونکە ھەر کۆمپانیا و لایەنێک بەبێ مۆڵەت دەرمان بفرۆشێت بە تایبەت بە شێوەی ئۆنڵاین ئەوا دەرمان و کاڵاکەی قاچاخە.

ئەو دەرمانانەی کە بەشێوەی ئۆنڵاین دەفرۆشرێن و مۆڵەتیان نیە پسپۆڕانی بواری تەندروستی ئاماژە بەوە دەکەن کە زیانیان لە سودەکانی زۆرترە، چونکە ئەو بەرھەمانە دەرمانی قەدەخەکراو و مەترسیداری تێدایە کە زیانیان بۆ نەخۆشیەکانی دڵ ھەیە، ھەندێک کات دەبێتە ھۆی مردنی لە ناکاو، بۆیە پێویستە ھاووڵاتییان بە وریایەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو چارەسەرە پزیشکیانە بکەن کە لەو رێگەوە دەیکڕن.