ئاسیاسێڵ بە رەسمی بوو بە هاوبەشی سەرەکی رێکخراوێکی نێودەوڵەتی



میترۆ، دوارۆژ 

شەوی رابوردوو، رێککەوتنێکی تایبەت لەنێوان کۆمپانیای ئاسیاسێڵ و رێکخراوی (IOM)ی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان واژۆ کرا جگە لەوەی ئاسیاسێڵ بوو بە هاوبەشی سەرەکی رێکخراوەکە لەعێراق، هاوکات لەمەودووا کۆمەڵێک پرۆژە پێشکەش بە هاووڵاتیان و کەسانی بێکار لەسەرانسەری عێراقدا دەکات.

عومەر فالح، بەڕێوەبەری میدیا و پەیوەندییەکان لە کۆمپانیای ئاسیاسێڵ لقی هەولێر، بە دواڕۆژی راگەیاند: دوای ئەوەی ئاسیاسێڵ بە رەسمی بوو بە هاوبەشی سەرەکی رێکخراوی (IOM)ی نێودەوڵەتی، هاوکات شەوی رابوردوو لەشاری هەولێر رێککەوتنێک لەنێوان کۆمپانیای خزمەتگوزاری ئاسیاسێڵ و رێکخراوەکە واژۆ کرا کە تایبەتە بە پێشکەشکردنی پرۆژە و هاوکاری بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی عێراق.

وتیشی: "لەمەودووا ئاسیاسێڵ پشتیوانی پرۆژەی بچوکی گەنجان و هاووڵاتیان دەکات لەهەرێمی کوردستان و عێراق و ئەوکەسانەی خاوەن پیشە و بەهرەن، بەڵام دەرفەتی کار و پڕۆژەیان نەبووە، ئاسیاسێڵ ئەرکی راهێنان و پشتیوانیکردنی مادی و چاودێری کارەکەی لە ئەستۆ دەگرێت بۆ ئەوەی ئەو کەسانە ببن بە خاوەن کاری خۆیان".

هێمای بۆ ئەوەشکرد: کۆمپانیای ئاسیاسێڵ بە پەرۆشەوە چاوەڕێ دەکات دەستبکات بە پڕۆژەکەی و بتوانێت هاوکاری زۆرترین هاووڵاتی و چینی گەنجان بکات لە هەرێمی کوردستان و عێراق تا ژێرخانی ئابوری و دەستی کار بەهێزبێت و زۆرترین هەلی کار بڕەخسێت.


AM:11:50:07/08/2019




ئه‌م بابه‌ته 300 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌