دوکان: لەکاتی‌ بەدواداچوون بۆ وێستگەیەکی‌ کارەبا ڕێگری لە تیمی ئێن ئاڕ تی کرا




میترۆ، NRT
ئەمڕۆ لە کاتی‌ سەردانی‌ کردنی‌ وێستگەی‌ کارۆئاوی‌ دوکان رێگە بە تیمی‌ ئێن ئاڕ تی‌ نەدرا بەدواداچوون بۆ کارەکانی‌ وێستگەکە بکات.

خالید محەمەد، پەیامنێری‌ دیجیتاڵ میدیای‌ ئێن ئاڕ تی‌ رایگەیاند، ئەمڕۆ بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ کێشەی کارۆئاوی دوکان سەردانی ئەو وێستگەیەیان کرد و پێش چوونە ژورەوەمان بۆ ناو وێستگەکە داوای مۆڵەتیان لە بەرپرسی وێستگەکە کرد، بەرپرسی وێستگەکەش ئاماژەی بەوەدا ئەوان وەک وێستگەکە هیچ کێشەیەکیان نیە، بەڵام دەبێت مۆڵەت لە بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانی وەربگرن دواتر ڕێگەیان پێدەدرێت بچنە ژوورەوە.

وتیشی، دوای پەیوەندیکردن بە سیروان محەمەد وتەبێژی کارەبای سلێمانی بەمەبەستی ڕێگەپێدان بۆ ناو وێستگەکە، بەڵام وتەبێژی کارەبای سلێمانی بە بیانوی‌ جۆراوجۆرەوە رێگەی‌ نەداوە بچنە ژوورەوە و بەدواداچوون بۆ وێستگەکە بكەن.

وێستگەی کارۆئاوی دوکان لە پێنج تۆڕباین پێکهاتووە کە توانای بەرهەمهێنانی هەر یەکێکیان ٨۰ مێگاوات کارەبایە کە کۆی گشتی دەکاتە ٤۰۰ مێگاوات کارەبا، بەڵام لە ئێستا تەنها دوو تۆڕباینیان کاردەکات کە توانای بەرهەمهێنانیان کەمترە لە ۱٥۰ مێگاوات کارەبا و تۆڕباینەکانی تر لەکارکەوتوون.

 جگە لە کێشەی تۆڕباینەکان نەبوونی کارمەندی پێویست و نەکردنەوەی خولی ئەکادیمی بۆ کارمەندان و نۆژەننەکردنەوەی تەواوی وێستگەکە کێشەیەکی تری وێستگەی کارۆئاوی دوکانن، لە ڕابردووشدا چەندین جار لیژنەی پەیوەندیدار لە پەرلەمانی سەردانی وێستگەکەیان کردووە و داواکارییەکان بەرزکراونەتەوە بۆ حکومەت، بەڵام تائێستا وەڵام نەدراونەتەوە.

وێستگەی کارۆئاوی دوکان لە ساڵانی پەنجاکان لەسەر بەنداوی دوکان دروست کراوە.



PM:05:32:07/08/2019




ئه‌م بابه‌ته 276 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌