وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و په‌روه‌رده‌ پرۆژه‌یه‌كی هاوبه‌شیان راگه‌یاند





میترۆ، دوارۆژ

هەریەک لە وەزارەتەکانی ڕۆشنبیری و پەروەردەی حکومەتی هەرێم هەفتەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی بەرامبەر منداڵانیان ڕاگەیاند.

(ئەمڕۆ چوارشەممە 7ی ئابی 2019)  هەریەک لە وەزارەتەکانی رۆشنبیری و پەروەردە بەهەماهەنگی رێکخرای (Green Desert) هەفتەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی منداڵانیان راگەیاند.

بڕیار جەبار، سەرۆکی رێکخراوی بیابانی سەوز، لە پرێس کۆنفرانسێکدا رایگەیاند: هەڵمەتەکەمان لەهەرسێ پارێزگای دهۆک، هەولێر و سلێمانی دەبێت و هەڵمەتەکەشمان لەشێوەی راهێنانی پیشەیی دەبێت و پێداویستی بۆ خێزانی کەمدەرامەت و منداڵان دابین دەکەین کە تووشی نەخۆشی دەروونی و جەستەیی بوون.

وتیشی: "بەپێی ئەو ئامارەی لەبەردەستمانە، تەنیا لەماوەی چوار مانگی رابوردوودا 300 منداڵ لەهەرێمی کوردستان تووشی توندوتیژی بوونەتەوە". 
 
لەبارەی پێشەکەشکردنی درامای نەگونجاو لەشاشە تەلەفیزیۆنەکانەوە، نیان ئەحمەد جێگری بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان رایگەیاند: بەهۆی نەبوونی یاسایەکی رێکخراو نەتوانراوە رێگری لە پەخشکردنی ئەو درامایانە بکەن کە کاریگەریان کردووەتەسەر بەلاڕێدابردنی بیر و هۆشی منداڵان.

لای خۆشیەوە تەرزە جاف، بەرپرسی یەکەی یەکسانی جێندەری لەوەزارەتی پەروەردە بە دواڕۆژی راگەیاند: لە چوار ساڵی رابوردوودا بەهۆی روودانی قەیرانەکان چەندین قوتابی قوتابخانەکانیان جێهێشتووە کە رێژەکە کەمترە لە 2%ـە، ئەمەش نەدەبوو رووبدات، بەڵام کۆچی بەلێشاو و قەیرانی دارایی و بێکاریی هۆکاری سەرەکی بوون لەم  رووداوانەدا".



PM:06:05:07/08/2019




ئه‌م بابه‌ته 284 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌