خه‌ڵاتی‌ شه‌هید وه‌دات بۆ ئازادیی رۆژنامه‌گه‌ری‌ به‌خشرایه‌ رۆژنامه‌ی‌ نه‌وژین و كه‌ناڵی‌ NRT





میترۆ، رادیۆی‌ ده‌نگ 
له‌ سێیه‌مین مه‌راسیمی ساڵیادی تیرۆركردنی‌ دا، دوێنێ‌ 19ی‌ ئابی‌ 2019، خه‌ڵاتی‌ شه‌هید وه‌دات حسێن بۆ ئازادیی رۆژنامه‌گه‌ری‌ به‌خشرایه‌ رۆژنامه‌ی‌ نه‌وژین.
 
خه‌ڵاته‌كه‌ ساڵانه‌ ئاژانسی رۆژنیوز، ئه‌و ئاژانسه‌ی‌ كه‌ شه‌هید وه‌دات حسێن كاری‌ بۆ ده‌كرد پێش شه‌هیدكردنی‌، ده‌یبه‌خشێته‌ رۆژنامه‌نوسان، بۆ ئه‌مساڵیش دو لایه‌نی‌ رۆژنامه‌وانیی ده‌ستنیشان كرد بۆ پێبه‌خشینی خه‌ڵاته‌كه‌، كه‌ ئه‌وانیش رۆژنامه‌ی‌ نه‌وژین و تیمی رۆژنامه‌وانیی كه‌ناڵی (NRT) له‌ بادینان بون.
 
له‌باره‌ی‌ ده‌ستنیشانكردنی‌ رۆژنامه‌ی‌ نه‌وژینه‌وه‌، ئاژانسه‌كه‌ له‌ مه‌راسیمی پێشكه‌شكردنی‌ خه‌ڵاته‌كه‌دا ئاماژه‌یان به‌وه‌كرد كه‌ نه‌وژین تاكه‌ رۆژنامه‌یه‌ كه‌ له‌ناوچه‌ی‌ گه‌رمیان ده‌رده‌چێت و هه‌مو ستافه‌كه‌ی‌ ژنه‌ و خزمه‌ت به‌ دۆزی ژنان ده‌كات.
 
له‌ مه‌راسیمه‌كه‌دا، له‌لایه‌ن دایكی رۆژنامه‌نوسی شه‌هید (وه‌دات حسێن) خه‌ڵاته‌كه‌ درایه‌ رۆژنامه‌ی‌ نه‌وژین و له‌لایه‌ن (زریان محه‌مه‌د) رۆژنامه‌نوس له‌ رۆژنامه‌ی‌ (نه‌وژین) خه‌ڵاته‌كه‌ وه‌رگیرا.
 
له‌وته‌یه‌كدا (زریان محه‌مه‌د) به‌ناوی‌ رۆژنامه‌كه‌وه‌ سوپاسی پێبه‌خشینی ئه‌و خه‌ڵاته‌ی‌ كرد، ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكرد كه‌ شه‌ره‌فمه‌ندن خه‌ڵاتێكی‌ له‌وشێوه‌یه‌ به‌ده‌ستده‌هێنن.
 
هه‌روه‌ك ئه‌وه‌شی‌ وت كه‌ ئه‌م خه‌ڵاته‌ ده‌یانخاته‌ ژێر به‌رپرسیارێتی‌ زیاتری ئه‌خلاقیی و پیشه‌یی رۆژنامه‌وانیه‌وه‌، به‌ ئامانجی‌ خزمه‌تكردنی‌ مافه‌كانی‌ مرۆڤ و ژنان به‌تایبه‌تی‌.
 
وه‌ك رێكخه‌رانی‌ مه‌راسیمی ساڵیادی سێیه‌مینی تیرۆركردنی‌ رۆژنامه‌نوس وه‌دات حسێن ئاماژه‌یان پێدا، هێزه‌كانی‌ سه‌ر به‌ پارتی‌ رێگه‌یان نه‌داوه‌ مه‌راسیمه‌كه‌ له‌ شاری دهۆك ئه‌نجام بدرێت، به‌هه‌مانشێوه‌ ئاسایشی گشتی‌ سه‌ر به‌ یه‌كێتیش رێگه‌یان نه‌داوه‌ له‌ هۆڵێكی‌ سلێمانی‌ دا مه‌راسیمه‌كه‌ ئه‌نجام بده‌ن، بۆیه‌ به‌ ناچاری‌ مه‌راسیمه‌كه‌ هه‌ڵوه‌شێنرایه‌وه‌ و ته‌نها تایبه‌ت كرا به‌ به‌خشینی خه‌ڵاتی‌ شه‌هید وه‌دات حسێن بۆ ئازادیی رۆژنامه‌گه‌ری‌ و له‌ بینای ئاژانسه‌كه‌ له‌ سلێمانی‌ ئه‌نجام درا.
 
وه‌دات حسێن، رۆژنامه‌نوسێكی‌ گه‌نجی بادینان بو و له‌ ئاژانسی‌ (رۆژنیوز) كاری‌ په‌یامنێریی ده‌كرد، رۆژی‌ 13 مانگی‌ ئابی 2016، له‌ پاش رفاندنی‌ له‌ شاری دهۆك، له‌ رێگه‌یه‌كی‌ ده‌ره‌كی پاش ماوه‌یه‌ك به‌ كوژراویی ته‌رمه‌كه‌ی‌ دۆزرایه‌وه‌ كه‌ ئاسه‌واری ئه‌شكه‌نجه‌ی‌ پێوه‌بو، به‌وته‌ی‌ كه‌سوكاره‌كه‌یشی، له‌و كاته‌شه‌وه‌ تائێستا دۆسیه‌كه‌ی‌ هیچ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی‌ ئه‌وتۆی تێدا ئه‌نجام نه‌دراوه‌ و هیچێك له‌ بكه‌رانی‌ تاوانه‌كه‌ ئاشكرا نه‌كراون.
 
رۆژنامه‌ی‌ نه‌وژین، رۆژنامه‌یه‌كی‌ تایبه‌تمه‌نده‌ به‌ پرسه‌كانی‌ ژنان، رادیۆی ده‌نگ به‌ پاڵپشتی سندوقی نیشتمانی‌ بۆ دیموكراسی ئه‌مریكی، له‌ گه‌رمیان مانگانه‌ بڵاویده‌كاته‌وه‌ و سه‌روی‌ (15) كچی‌ رۆژنامه‌نوس كاری تێداده‌كه‌ن، یه‌كه‌م ژماره‌ی‌ له‌ كانونی‌ یه‌كه‌می‌ 2016 بڵاوكرایه‌وه‌ و تائێستاش (33) ژماره‌ی‌ لێده‌رچوه‌.
 
رادیۆی ده‌نگ، رادیۆیه‌كی‌ كۆمه‌ڵگه‌یی ئه‌هلی ئازاده‌ له‌ گه‌رمیان، له‌ساڵی 2010 له‌ كه‌لار به‌ دروشمی‌ "رادیۆیه‌كی‌ ئازاد بۆ خزمه‌تی ئازادیی" ده‌ستی‌ به‌ په‌خش كردوه‌.



AM:11:48:19/08/2019




ئه‌م بابه‌ته 60 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌