دادگاییکردنی دوو پەیامنێری ئاژانسێکی هەواڵی ئەمەریکایی لە تورکیا دەستیپـێکرد




میترۆ، ده‌نگی‌ ئه‌مریكا 
دادگاییکردنی دوو پەیامنێری ئاژانسێکی دەنگ‌وباسی ئابوری ئەمەریکایی لە تورکیا دەستیپـێکرد بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ تێکدانی ئابوری وڵاتەکە لە ڕێگەی نووسینی ڕاپـۆرتێکەوە.


کەریم کاراکایا و فەرجان یالینکلچی ئەمڕۆ هەینی لە دادگایەکی ئستەنبوڵ دادگاییکردنەکەیان دەستیپـێکرد لەگەڵ دەیان کەسی دیکە کە تۆمەتبارکراون بەوەی لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیـیەکان لە بارەی قەیرانی دارایی وڵاتەکەیان نووسیویانە.


ئەم دوو پەیامنێرە لە مانگی هەشتی ساڵی 2018 ڕاپـۆرتێکیان بڵاوکردەوە لە ڕۆژێکدا کە لیرەی تورکی یەک لەسەر پـێنجی بەهاکەی لە بەرامبەر دۆلاری ئەمەریکایی لەدەست دا. ئەم تۆمەتەی ئێستا ئاڕاستەیان کراوە ڕەنگە سزاکەی بگاتە 5 ساڵ زیندانی.


ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێس دەڵێت کەریم کاراکایا بە دادگاکەی گوتووە، لە پاش ڕاپـۆرتەکەی ئەوان دەزگای ڕێکخستنی بانکەکانی تورکیا BDDK کۆبووەتەوە شتێکی ئاسایی‌یە، بەڵام تێناگات بۆچی ئەو کاردانەوەیەی لێکەوتووەتەوە.


هالیت تۆککوش کە یەکێکە لەوانەی بە نووسین لەسەر تویتەر لە دژی ئابوری وڵاتەکەیان تۆمەتبارکراوە، گوتی" ئەگەر من و ئەمانەی لەم ژورەدا دادگایی دەکرێین، توانیبێتمان بە چەند نووسینێکی سەر تویتەر ئابوری وێران بکەین، ئەوا بە ڕاستی بلیمەتین."


بیلالجان ساگیر، خوێندکارێکی تەمەن 22 ساڵە، ئەویش گوتی" گومانم هەیە لە سەلامەتی مێشکی ئەو کەسەی دەڵێت قەیرانی ئابوری لەم وڵاتەدا نیـیە. وەرنەوە هۆش خۆتان!"


پاشان دادوەر بڕیاری دا دانیشتنی داهاتووی دادگایی‌کردنەکە لە 17 ی مانگی یەکی ساڵی داهاتوو ئەنجام دەدرێت.


ئاژانسی بلومبێرگ دادگاییکردنی ئەو دوو پەیامنێرەی شەرمەزارکرد و دەڵێت ئەم دوو ڕۆژنامەوانە تەنیا بە وردی ڕووداوی گرنگیان ڕووماڵکردووە.


ڕێکخراوە جیهانییەکانی ڕۆژنامەگەری ڕەخنەی زۆریان لە دەسەڵاتدارانی تورکیا هەیە، دەڵێن ئازادی ڕۆژنامەگەری سنوورداردەکەن. بەپـێی سەندیکای ڕۆژنامەوانانی تورکیا، بەلایەنی کەم 126 ڕۆژنامەوان و کارمەندی دەزگاکانی ڕاگەیاند لە زیندانەکانی تورکیان.




PM:12:51:21/09/2019




ئه‌م بابه‌ته 64 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌