‎بە تۆمەتی سوکایەتی بە ئەردۆغان، هونەرمەندێكی كورد سزای زیندانیی بەسەردا سەپێنرا




میترۆ، سبەی‌


دادگای توركیا بڕیاریدا بە سەپاندنی سزای زیاتر لە ساڵێك زیندانی بەسەر گۆرانیبێژی كوردی باكور هۆزان جانی بە تۆمەتی سوكایەتی بە رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا.


هۆزان جانێ لەبەر بڵاوکردنەوەی وێنەیەکی کاریکاتێریی ئەردۆغان لە پێگەی فەیسبوکی خۆیەوە، تۆمەتی بێڕێزیکردن بە سەرۆک کۆماری خراوەتە پاڵ.


‎نەورۆز ئاکڵان پارێزەری هۆزان جانێ رایگەیاند: بریکارەکەم هونەرمەندە و وەک کارێکی هونەری ئەو پۆستەی کردوە و مەبەستی بێڕێزیکردن نەبوە، بەڵام پێگەیەکی ساختە بەناوی هۆزان جانێ هەمان وێنەی ئەکاونتەکەی هۆزانی وەرگرتوە و بڵاویکردوەتەوە و لەو رێیەوە بێڕێزی بە سەرۆکی تورکیا کردوە، ئەمەش بوەتە بەڵگەی دادگا بۆ تۆمەتبارکردنی.


‎هۆزان جانێ بە مەبەستی بەشداریکردن لە كەمپەینەكانی هەدەپە بۆ هەڵبژاردنی (24)ی حوزەیرانی (2018) لە ئەڵمانیاوە گەڕایەوە تورکیا، لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردو لەلایەن پۆلیسی تورکیاوە دەستبەسەر کرا. دواجار لە (16)ی ئەم مانگەدا بڕیاری زیندانیکردنی بە ساڵێك و پێنج مانگ بەسەردا سەپێنرا.


AM:10:55:22/09/2019




ئه‌م بابه‌ته 200 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌