پەیام: کچێکی پڕ لە خەون و توانا







میترۆ، زەمەن


پەیام حازم، کچێکی گەنج و پڕ لە خەون و توانا و وزەیە، خەونی گەورەی ئەم کیژە، بڵاوکردنەوەی پەیامی رۆشنبیریی و بە کولتوورکردنی خوێندنەوەیە لەناوکۆمەڵدا. جوانی و جیاوازی ئەم کچە لەوەدایە کە هەموو ئەم کارانە بە شێوەی خۆبەخشانە دەکات.


پەیام پێشتر لە شاری هەڵەبجەی تازە، لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێیدا، گروپێک دروست دەکات بە ناوی (کچانی گەوهەر) و ئامانجی سەرەکییان رۆشنبیریی و بە کولتوورکردنی خوێندنەوە چالاکی جۆراوجۆر دەبێ، بە تایبەت خانمان.


ئەو کە ئێستا لە هەولێری پایتەخت دەژی بە هەمان وزە و تواناوە، دەستی داوەتەوە کارکردن و خۆبەخشانە کتێب بە شوێنە جیاجیاکاندا بڵاودەکاتەوە و خەلک هان دەدات بۆ خوێندنەوە. پەیام تایبەت بۆ “زەمەن” وتی: “من لە ھەر کوێ بم کاری خۆبەخشیم کردووە و چالاکیم ھەبووە، بە نموونە کە خوێندکاری زانکۆ بووم لە رانیە لەوێش چالاکیم ھەبوەو کارم کردووە، دوای زانکۆ بۆ ماوەی دوو ساڵ لەگەڵ کچانی گەوھەر، کە گروپێک بووین، کارمان دەکرد بۆ بە کولتوورکردنی خوێندنەوەو رۆشنبیریی تاک.”


پەیام کاتێک لە هەڵەبجەوە دەچێ بۆ هەولێر،ئیتر نایەوێت بە گروپ کار بکات، یاخود بڕواتە ھیچ ڕێکخراوێکەوە، بەڵکو بە تەنیا درێژە بە کاروانەکەی دەدات و وەک خۆیشی دەڵێت: دەستم کرد بە چالاکی، ٢٥٠٠ بۆ سێ ھەزار کتێبم لە شوێنی جیاجیا دابەشکرد، بۆ نموونە تێرمیناڵی ھەولێر دابەشکردنی کتێب بۆ ئەو پاس و تاکسیانەی لە ھەولێرەوە دەڕۆن بۆ شارە دوورەکانی تری کوردستان.کتێبەکان بۆ سەرنشینەکان بوون بۆ ئەوەی خوێندنەوە لە نێو پاسدا بێتە کولتوور.دواتر کتیب بردن بۆ خانەی بێنەوایان و گرتووخانەی چاکسازی ژنان و منداڵان و منداڵە دەستگێڕەکانی ناو بازاڕ. ھاوکاریکردنی چەندین کتێبخانەی خوێندنگاکان لە ناو ھەولێرو گوندێکی دەرەوەی ھەولێر.


ئەم کچە گەنجە، سەرەتا کە لە هەولێر دەست دەکات بە چالاکی، کەس ناناسێ تا دەستی بگرێت و ھاوکاریبێ، دواتر (رێباز حەملان) لە وەزارەتی دارایی وەک سەرەتا ھاوکاری دەکات و پاشان کتێبخانە گشتییەکانی ھەولێر و دواتریش بەشێک لە نووسەران هاوکاری دەکەن.


 پەیام سەبارەت بە پێشوازی خەڵک لە پڕۆژەکەی دەڵێت: پێشوازی خەڵک بەگشتی زۆر باشە، بەڵام لێرەو لەوێ رێگری و بەربەست و ھەوڵی وەستاندن ھەر ھەیە. بە دڵنیاییەوە ئەمانە کار لە من ناکەن و ھەر بەردەوام دەبم، کچ بیت و لە کۆمەڵگەیەکی داخراو بی، رێگری هەر دێتە بەردەمت، بەڵام بوێری زۆر گرنگە.


پەیام لەڕێی “زەمەن”ەوە، داوا لە کچان دەکات: خۆتان قبوڵبێ وەک ئەوەی ھەن،  کچێتی خۆتان خۆشبوێت و ئاوات بە پیاو بوون مەخوازن ھەوڵ بدەن و ھەنگاوبنێن بۆ ئەوەی دەتەوێت، بە دڵنیاییەوە پێی دەگەن...


PM:12:26:22/09/2019




ئه‌م بابه‌ته 376 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌