وتاری‌ سه‌نته‌ری‌ میترۆ له‌ مه‌ڕاسمی‌ رۆژی جیهانی مافی زانیایری







میترۆ
دوێنێ‌ شەممە 28ی ئەیلولی 2019 لە هۆڵی كتێبخانەی گشتی رانیە بە ئامادەبوونی سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین هیوا قەرەنی ، قائیمقامی قەزای رانیە حسین محمود، رۆژنامەنوسان و چالاكوانی مەدەنی، مەراسیمی رۆژی جیهانی مافی زانیایری بەڕێوەچوو
ئەمەش وتاری میترۆ لەو مەراسیمە :


ئامادەبوانی بەڕێز
رۆژنامەنوسە ئازیزەكان
بەرگریكارانی ماف و ئازادییەكان
ئەمڕۆ لە دەڤەری راپەڕینی سەربەرزو شەیدای ئازادی و مافەكانی مرۆڤ، سەنتەری میترۆ و رێكخراوی پاڵپشتی میدیای نێودەوڵەتی IMS، ئیدارەی راپەرین، لەگەڵ دونیادا مەراسیمێك بۆ رۆژی جیهانی گەیشتن بە زانیاری رێكدەخەین.


لە دونیای پێشكەوتوو، زانیاری وەك ئۆكسجینی دیموكراسیەت تەماشا دەكرێت، بوونی ژیانی دیموكراسی بە ئالوگۆڕی ئازادانەی زانیاری پێكەوە گرێداوە، لە یاساكانی سیتمی دیموكرات، ئازادی گەیشتن و پاشان بڵاوكردنەوەی ئازادانەی زانیاری فەراهەم كراوە، بە تایبەتیش زانیارییەكانی حكومەت و دامەزراوەكانی، كە لە جەوهەردا بە "زانیاری گشتی" پۆڵێن كراون، تەنها ئەو كاتانە نەبێت كە هۆكاری رەوای وەك رێزگرتن لە ژیانی تایبەت یان هۆكاری ئەمنی نەبێت، كە ئەمانەیش هەر بە یاسا رێكخراون.


مەرجی شەفافییەت و بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی گەندەڵی مافی بەشداری گشتی وا دەخوازێت، حكومەت زانیاری لەسەر بەرژەوەندی گشتی بدات بە هاوڵاتیانی.
لە هەرێمەكەی خۆماندا دەتوانیین بڵێین كە رۆژی5ی حوزەیرانی ساڵی 2013 بە دەركردنی یاسای ژمارە 11 مافی دەسكەوتنی زانیاری لە دانیشتنی پەرلەمانی كوردستاندا، روومان كردە راستە ڕێی مافی هاوڵاتیان لە دەسكەوتنی زانیاری بەڵام ئەو رێگایە تا ئێستا پڕە لە كۆسپ و رێگری، لە زۆر فەرمانگەی رەسمیدا زانیاری لە ژووری تاریكدایەو بە نهێنی حكومەت پۆلێن دەكرێت، ئەمەش وایكردوە رۆژنامەنوس و هاوڵاتیان لە زانیاری گرنگ بێبەشبكرێن.


بۆیە داوا دەكەین حكومەت هانی كارمەندانی بواری خزمەتی گشتی بدات كە لە پێشكەشكردنی زانیاری و وەك مافێكی یاسایی مامەڵەی لەگەڵدا بكات.
لەم روانگەیەوە ئێمە لە سەنتەری میترۆ پشتیوانی خۆمان بۆ كۆمەڵێك لە رۆژنامەنوسانی سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین راگەیاند كە كۆمەڵێك داواكاری رەوایان خستبۆیە بەردە ئیدارەی ناوخۆیی سەبارەت بە پێدانی زانیاری و كار ئاسانی بۆ رۆژنامەنوسان لە گەیشتن بە سەرچاوەكانی زانیاری حكومەت لەم ناوچەیە كە سەرجەم داخوازییەكانیان یاسایی و رەوان.


پێویستە كۆسپەكانی بەردەم گەیشتن بە سەرچاوەی زانیاری لاببرێت و هەموو زانیارییەكی گشتی بۆ هەمووان بێت و دامەزراوەكانی حكومەت هەموو زانیارییەكان لەچوارچێوەی نهێنیدا پۆلێن نەكەن ، بەڵكو بە پشتبەستن بە بڕگەكانی یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاری كارئاسانی بۆ رۆژنامەنوسان و هاوڵاتیان بكەن.


ئێمە كە دەڵێین مافی زانین مەرجی گرنگی حوكمداری باشە، پەیوەندی نێوان مافی زانین و دیموكراسیەت لەیەكتر جیاناكرێنەوە، مەبەستمانە بەشداری گشتی لە بڕیاردا هەبێت و هاوڵاتیان بێبەشنەكرێن لە بڕیارە گرنگەكان. ئەمەش لە ئەنجامی زانیاری دروستەوە بەرجەستە دەبێت.


لێرەدا رایدەگەیەنین: كارنامەی حكومەت خاڵی گرنگی تێدایە بۆ دژایەتی و شەڕی گەندەڵی، ئەم پرۆسەیە بێ شەفافییەت و پرنسیپی لێپرسینەوە زەحمەتە جێبەجێبكرێت.


لایەنی گرنگی گواستنەوەی زانیاری میدیاكانن بە بینراو، بیستراو، نوسراو، ئەلیكترۆنی، مامەڵە پیشەیی و راستگۆیی لە مامەڵەكردن لەگەڵ هەواڵ ، گرنگیان كەمتر نیین لە پێدانی زانیارییەكان، میدیاكان دەبێت راستگۆ بن لە گواستنەوەی زانیاری بۆ هاوڵاتیان، دوربن لە چەواشەكاری و نەكەونە داوی هەواڵی درۆ. گواستنەوەی هەواڵ و زانیارییەكان لە میدیاكانەوە، بە راستی، دوركەوتنەوە لە یاریكردن بە هەواڵ و زانیاری ، دەلیلی رێزگرتنی رۆژنامەنوسە لە هاوڵاتیان و پیشەكەیان، لە بەها بەرزەكانی رەوشتی پیشەیی.
هەر شادو سەركەوتووبن
28ی ئەیلولی 2018






وێنه‌كان: ئه‌حمه‌د مام كاك 


PM:12:21:29/09/2019




ئه‌م بابه‌ته 472 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌