کوژراو و بریندار و گیراوانی‌ خۆپیشاندانەکانی عێراق بە ژمارە
AM:11:00:05/10/2019




میترۆ، ناس کورد


کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق ڕایگەیاند، تا ئێستا 40 کەس کوژراون و زیاتر لە دوو هەزار کەسیش بریندار بوون، سەرجەمی‌ قوربانییەکانیش لە ڕەگەزی‌ نێرن.




فازیل غەڕاوی، ئەندامی کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق، تایبەت بە ناس کوردی ڕایگەیاند: “ژمارەی قوربانییانی خۆپیشاندانەکان لە بەرزبوونەوەدایە، ئەگەری هەیە لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا زیاتر بەرزبێتەوە، بەوپێیەی کە باری تەندروستی هەندێک لە بریندارەکان ناجیگیرە”.




ئەو بەرپرسەی‌ کۆمسیۆنی‌ مافی‌ مرۆڤ وتیشی: “زانیارییەکانی ئێمە لە داتا و ئاماری هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و تەندروستی وەرگیراون، بەگوێرەی دواین ئاماریش، ژمارەی  کوژراوەکان گەیشتوەتە 40 کوژراو و 2004 کەسیش برینداربوون”.




غەڕاوی ئاماژەی بەوەشکرد، بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەوان هۆکاری کوژران و برینداربوون لە خۆپیشاندانەکان، دەگەڕێتەوە بۆ بەکارهێنانی فیشەک و بەرد، بەجۆرێک ڕێژەی‌ ئەو کەسانەی‌ کە بەهۆی‌ فیشەکەوە بوونەتە قوربانی‌ 40%، ئەوانەشی‌ بەهۆی‌ فیشەکی پلاستیکی و گازی فرمێسکڕێژ بونەتە قوربانی‌ ڕێژەیان 40%، 20%یشیان بەهۆی‌ بەردەوە بوونەتە قوربانی‌.




هەر بەگوێرەی‌ ئامارەکانی‌ کۆمسیۆنی‌ مافی‌ مرۆڤی‌ عێراق، زۆرترین کۆژراو لە ئاکامی خۆپیشاندانەکاندا لە پارێزگای زیقار بوە، کە گەیشتوەتە 19 کوژراو و زۆرترین برینداریش لە شاری بەغداد بوە کە گەیشتوەتە هەزار و 74 بریندار، کە 15%ی‌ قوربانییەکانیش لە ئەندامانی هێزە ئەمنییەکانن.




بە وتەی غەڕاوی، تا ئێستا هیچ ئافرتێک لەنێو قوربانییەکاندا نییە، وتیشی: “هێزە ئەمنییەکان لەسەرەتای خۆپیشاندانەکانەوە تا ئەم ساتە 456 کەسیان دەستگیرکردووە، لەو ژمارەیەش 289 کەسیان ئازاد کردووە”.




“تا ئێستاش 26 باڵەخانەی حکومی‌ سوتێندراون، کە بەشێکیان باڵەخانەی لایەنە سیاسییەکان بوون”، ئەندامی کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق وای‌ وت.




ماوەی چوار ڕۆژە ناڕەزایەتی هاوڵاتییانی عێراق پەرەی سەندووە و هاوڵاتییان لە زۆربەی شارەکانی عێراق ڕژاونەتە سەر شەقامەکان، سەرباری بچڕانی ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ڕاگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆ.




سەرەکیترین داواکاری‌ خۆپیشاندەرانیش، خزمەتگوزاری‌ و دادگەری‌ کۆمەڵایەتی‌ و هەلی‌ کار و دادگاییکردنی‌ گەندەڵکارانە.