له‌ سلێمانی هێرش ده‌كرێته‌ سه‌ر په‌یامنێرێكی كوردستان 24







میترۆ، k24
دوای نیوه‌ڕۆی هه‌ینی، 11ی تشرینی یه‌كه‌می‌ 2019، هاژه‌ غه‌فوور، په‌یامنێری كوردستان 24، له‌كاتی رووماڵكردنی گردبوونه‌وه‌ی هاووڵاتییان بۆ ده‌ربڕینی ناڕه‌زایی دژی هێرشه‌كانی توركیا بۆ سه‌ر رۆژئاوای كوردستان هێرشی ده‌كرێته‌ سه‌ر.


سه‌نته‌ری‌ میترۆ بۆ داكۆكی‌ له‌مافی‌ رۆژنامه‌نووسان به‌توندی‌ ئیدانه‌ی‌ هێرشكردنه‌ سه‌ر په‌یامنێری‌ كوردستان 24 ده‌كات و رایده‌گه‌یه‌نێت" ئه‌و  پەیامنێره‌ی كوردستان 24 لەكاتی روماڵكردنی چالاكییەك لە لایەن كەسێكەوە پەلامار دراوە كە بە زارەكی پشتیوانی لە ئازادی رۆژنامەنوسی دەكات، بەڵام كە دێتە سەر كردار درۆكان ئاشكرا دەبن".




هاژه‌ غه‌فوور، په‌یامنێری كوردستان 24، كه‌ بۆ رووماڵكردنی رووداوه‌كه‌ له‌وێ بووه‌، گوتی: "كه‌سێك به‌ناوی مسته‌فای حه‌سه‌نه‌ گه‌وره‌، هێرشی كرده‌ سه‌رم و قسه‌ی نه‌شیاوی به‌ من و به‌ كه‌ناڵه‌كه گوت و سووكایه‌تی زۆری كرد و هه‌وڵی دا له‌ شوێنه‌كه‌ ده‌رم بكات".


ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، كه‌ هه‌ندێك له‌ كه‌سانی ناسراو له‌ شوێنه‌كه‌ بوون و پارێزگارییان لێكردووه‌ و له‌ هێرشه‌كه‌ پاراستوویانه‌.


ئه‌وه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ تیمه‌كه‌ی كوردستان 24، بۆ ئه‌نجامدانی کاری پیشەیی و رۆژنامەوانی خۆیان له‌ شوێنه‌كه‌ بوونه‌، بۆ ئه‌وه‌ی رووماڵی گردبوونه‌وه‌ی بەشێك لە هاوڵاتیان بكه‌ن، كه‌ مامۆستایانی ئایینی و کەسانی ئایینە جیاوازەکان کە بۆ نوێژی هەینی کۆببوونەوە تا لەوێیەوە داوای پاراستنی مافەکانی کوردبکەن و پشتگیری لە کوردانی رۆژئاواو خەڵکی سیڤیل بکەن.


هاوكات سه‌نته‌ری‌ میترۆ بۆ داكۆكی‌ له‌مافی‌ رۆژنامه‌نووسان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا سه‌باره‌ت به‌ هێرشكردنه‌ سه‌ر په‌یامنێری‌ كوردستان 24 رایگه‌یاند: لە ناو ئەم هەموو رووداوە ناخۆشو مەتەرسییانەی رووی لە ئەزمونی رۆژئاڤا كردوە، میدیاكاران رۆڵی گرنگ دەگێڕن بۆ روماڵكردنی پشتیوانییەكانی باشور بۆ رۆژئاڤا.


راشیگه‌یاند: لەم كاتە هەستیارو ناخۆشە دوژمنێكی ئازادی رۆژنامەنوسی پەلاماری ئەم خاتوونەی داوە و سوكایەتی پێكردوە.


هه‌ر له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی‌ میترۆ ئاماژه‌ به‌وه‌شدراوه‌ كه‌، میترۆ ئەوەی بۆ رونبووەتەوە كە رۆژنامەنوس‌و میدیاكان هەمیشە لەبارە ئاسایی و رۆژانەیاندا یان لەكاتی توندبونی ململانێی سیاسی ‌و سەربازی و جۆربەجۆرەكانی تردا ئەوكاتەی ناهەقی و پێشێلكارییان بەرامبەر دەكرێت، ئەگەرچی لەروی زارەكی و نوسراوەوە زۆرترین پشتیوانیان هەیە، بەڵام هەمیشە كاتێك دێتە سەر كردار بەتەنهاو بێ‌ پشت و پەنا دەمێننەوە.


جه‌ختیش ده‌كاته‌وه‌ له‌وه‌ی‌ كه‌،ئه‌و  پەیامنێره‌ی كوردستان 24 لەكاتی روماڵكردنی چالاكییەك لە لایەن كەسێكەوە پەلامار دراوە كە بە زارەكی پشتیوانی لە ئازادی رۆژنامەنوسی دەكات، بەڵام كە دێتە سەر كردار درۆكان ئاشكرا دەبن.


میترۆ پشتیوانی‌ خۆشی‌ بۆ هاژه‌ غه‌فور په‌یامنێری‌ كه‌ناڵی‌ ئاسمانی‌ كوردستان 24 ده‌ربڕێت و هەموو پەلامارو سوكایەتیەكیش بۆ رۆژنامەنوسان بە گشتی و رۆژنامەنوسانی ژن بە تایبەتی ریسوا دەكات. 


لێژنه‌ی داكۆكی له‌ سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان به‌ توندی ئیدانه‌ی ئه‌و هێرشه‌ی سه‌ر په‌یامنێری كوردستان 24 ده‌كات و رایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌و کارە نەك ته‌نیا پێشێلی کاری رۆژنامه‌وانییە، بەڵکو پێشێلی مافی ئازادی تاکە کەسیشە.


داواش له‌ لایەنە بەرپرسەکان ده‌كات رێگری لەو جۆرە کارانە بکەن‌ و بە یاسا مافی ته‌واو بۆ ئەو رۆژنامەنووسە بگێڕنەوە.


كوردستان 24 له‌یه‌كه‌م رۆژی هێرشه‌كانی توركیا، وه‌ك ده‌نگ و ره‌نگی رۆژئاوا رووماڵی سات به‌ساتی رووداوه‌كانی كردووه‌ و ره‌وشی كوردی خستووه‌ته‌ به‌ر چاوی جیهان، به‌ شێوه‌یه‌ك زۆربه‌ی ئاژانس و میدیا نێوده‌وڵه‌تی و عه‌ره‌بییه‌كان پشتیان به‌ كوردستان 24 به‌ستبوو.


PM:12:26:12/10/2019




ئه‌م بابه‌ته 196 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌